شاندێكی وەزارەتی بەرگری توركیا سەردانی ئەمەریكا دەكات تورکیە
وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیێندراوێك ئاشكرایكرد، "ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كڕینی فڕۆكەی (ئێف 16) سەردانی ئەمەریكا دەكات."

ئەمڕۆ دووشەممە (15/ئاب/2022) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویكردەوە وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاندوە، "لەسەر بانگێشتی واشنتن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێدان و نوێكردنەوە فڕۆكەی (ئێف 16) بە توركیا، شاندێكی وەزارەت سەردانی ئەو وڵاتە دەكات، بۆ ئەوەی  لە نزیكترین كات دەست بە كارەكان بكرێت."  

لە بەشێكی تری راگەیێندراوەكە هاتووە، لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو و شوبات و ئاداری ئەمساڵ سێ كۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە  لە توركیا كراوە، كۆبوونەوەی ئەمجارەش لەسەر بانگێشتی ئەمەریكایە.

لە چەند رۆژی رابردوو بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرێس داوایان كرد، بەو مەرجە فڕۆكەی (ئێف 16) بە توركیا بدرێت، نابێت دژ بە یۆنان بەكار بێت، بەڵام توركیا بە توندی دژی ئەو مەرجە وەستایەوە. 

لە مانگی ئاداری ئەمساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند بۆ ئەنجامدانی رێكارەكانی پێدانی فڕۆكەی (ئێف 16) خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دەستی بەگفتوگۆكان كردووە، كارەكان بە شێوەیەكی ئەرێنی بەرەو پێش دەچن.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، لە پەراوێزی لوتكەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە جۆ بایدن كرد ئەمەریكا فڕۆكەی (ئێف 16) بە توركیا بفرۆشێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین