پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە رابردووی پاشگەز دەبێتەوە شیکاری
لەدوای كودەتای ساڵی ئەیلوولی ساڵی (1980) باڵاپۆشی لە دەزگا حكومی و قوتابخانە و زانكۆكانی توركیا بە (یاسای پۆشاكی گشتی) قەدەغە كرا، ئەو یاسایە ماوەی (31) ساڵ كاری پێكرا، پارتی گەلی كۆماری بە پاساوی پارێزگاری لە سیستەمی عەلمانی، بەرگری لەو یاسایە دەكرد.

كەمال كلیچدار ئۆغلۆ، سەرۆكی جەهەپەی پارتی ئۆپۆزیسیۆن لە ماوەی رابردوو  هەڵمەتێكی داوای لێخۆشبوونی لە ئافرەتانی باڵاپۆش و موحافیزكار دەستپێكردووە، كە لە رابردوو لە سەر دەستی پارتەكەی ئەو ئازاری زۆریان چەشتووە.

كلیچدار لەگەڵ ئەو ئافرەتە باڵاپۆشانە كۆبۆتەوە، كە بوونە قوربانی ئەو بڕیارانەی دادگاكانی دوای كودەتای ساڵی (1980) كە بە سەركردایەتی كەنعان ئیڤرین بەڕێووە چوو، بەو هۆیەوە لە زانكۆكان و كاركردن لە فەرمانگەكانی حكومەت و هەندێك رێكخراوی نا حكومی بێبەش كران.

كلیچدار ئۆغلۆ بڕیارەكەی تاكلایەنە داوە

ئەو هەنگاوەی كلیچدار بووە جێی گفتوگۆی چاودێرانی سیاسی و شەقامی توركی و بۆچوونە جیاوازەكان، هەندێك پێیانوایە، ئەو هەنگاوەی دەربڕی نیەتێكی راستە و خواستی لێبوردەییە بۆ كۆتاییهێنان بەو جەمسەرگیرییەی كە لەنێوان عەلمانی و دیندارەكان دروستووە، كە عەلمانیەت هۆكار بوو لە بێبەشبوون لە مافەكانیان.

بانگەواز بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی

نایف ئەحمەد یۆگل، راوێژكاری باڵای كلیچدار ئۆغلۆ رایگەیاند، "كلیچدار سەرۆكی دێرینترین پارتە، هەنگاوێكی بوێرانەی ناوە، هیچ سەرۆكێكی ئەو حزبە پێش ئەو ئەو هەنگاوەی نەیهاوێشتووە، سەرەڕای رەخنەی بنكەی جەماوەری كە زۆر بەتوندی دەستی بە فیكری عەلمانی گرتووە، بەڵام لەو هەنگاوەی بەردەوام دەبێت."

لەبەشێكی تری قسەكانی ئاشكرای كرد، "كلیچدار دوای ئەوەی دڵنیابوو ئاكپارتی فاكتەری ئاین بۆ فراوانكردنی بنكەی جەماوەری دەقۆزێتەوە، ئەو هەنگاوەی دەستپێكرد، سەرۆكی پارتەكەشمان دەیەوێت ئەو بەڕەیە لەبن پێی ئاكپارتی دەربهێنێت، بۆ هەموو خەڵك جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە پارتی گەلی كۆماری دركی بە كارەساتی رابردوو كردووە، داوای لێبوورن و لێخۆشبوون لە هەمووان دەكات كە لە رابردوو زیانمەند بوونە، سەیری داهاتووێكی باشتر بۆ وڵات دەكات."

ئەو راوێژكارەی كلیچدار ئۆغلۆ ئاماژە بەوە دەكات، "ئەو داوای لێبووردنە تەنیا تایبەت نییە بەو ئافرەتە باڵاپۆشانەی لە زانكۆكان بێبەش كراون، بەتایبەت ئەوانەی كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، بەڵكو هەموو چینەكانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە، كە لە بڕیارەكانی پێشووی پارتەكەی زیانمەند بوونە."

ئامانجی باڵای كلیچدار لەو هەڵمەتە سارێژكردنەوەی برینی رابردووە، دەخوازێت داهاتوێكی باشتر بیر خەڵك بهێنێتەوە، ئاشتی لە كۆمەڵگە بچەسپێنێت، ئاشتەوایی لەنێوان ئەو دوو بەرە ناكۆكە بێنێتە كایەوە و بەرەنگاری هەڵەكانی رابردوو بێتەوە و بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین، بۆیەش هەوڵی گۆڕانكاری رێشەیی لە حزب دەدات و دەیەوێت بنكەی جەماوەری هەموو چین توێژەكان لەخۆی بگرێت.

سەبارەت بە ئامادەسازییەكانیش بۆ هەڵبژاردن ئەو راوێژكارەی كلیچدار گوتی، "جەهەپە لە ئامادەسازییەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان لەگەڵ پارتەكانی وەك سعادەت و ئایندە كە ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا سەرۆكایەتی دەكات بەردەوام دەبێت."

دەربارەی ئاستی بەدەمەوە هاتنی خەڵك بۆر ئەو  داوایەی كەمال كلیچدار نایف ئەحمەد ئاشكرای كرد، "لە هەموو توركیا بەدەم داواكاریەكەیەوە هاتووە، ئافرەتانی باڵاپۆش ئامادەی كۆبوونەوەكانی دەبن، لە رووی راگەیاندنەوە بایەخێكی زۆری پێدەدرێت."

بڕیارێكی تاكلایەنە

كەنعان ئەلبای، نووسەر و چاودێری سیاسی رایگەیاند، "ئەو بڕیارەی كلیچدار ئۆغلۆ تاكلایەنەیە، رەنگدانەوەی روانگەی بنكەی جەماوەری نییە، بەڵكو نكۆڵیش لەوە دەكەن پارتەكەیان هیچ كارەستێكی لە رابردوو دروستكردبێت، دەستیان بە فكری عەلمانیەوە گرتووە، كە بەگوێرەی عەلمانیەت حیجاب لەگەڵ خواستەكانی ئێستا یەكناگرێتەوە."

بای لە بەشێكی تری قسەكانی رایگەیاند، "كلیچدار ئۆغلۆ لەگەڵ پارتەكەی راوێژی نەكردووە لەسەر داوای لێبووردن لە ئافرەتانی باڵاپۆش نەكردووە، بەڵگەش بۆ ئەمە بوڵند تۆزجان، پەرلەمانتاری پارتەكەی لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بەو هەڵمەتەی سەرۆكی پارتەكەی زانیووە."

لەبەشێكی تری قسەكانی ئەو نووسەر دەڵێت، "بەدرێژایی ماوەی رابردوو دەنگی جەهەپە لە (27%)ی تێنەپەڕیوە، بە بۆچوونی من كلیچدار دەزانێت مادام دەستبەرداری فیكری عەلمانی نابێت گەلی توركیا دەنگی پێنادەن، بۆیە دركی بەوە كردووە پێویستە وێنەیەی حزبەكەی لە ناخی زۆرینەی خەڵك بگۆڕیت، كە داوای گێرانەوەی بانگی توركی دەكرد و پاڵپشتی رێگری لە باڵاپۆشی لە فەرمانگە حكومی و زانكۆكانی دەكرد، بۆیە ئەو هەڵمەتە لای بەشێك لە نزیكەكانی جێگەی رەزامەندی نییە."

جەهەپە هەوڵدەدات دەنگی ئافرەتە باڵاپۆشەكانی دژ بە ئاكپارتی بۆخۆی راكێشێت

بەگوێرەی قسەكانی ئەلبای رۆژنامەی جمهوریەتی نزیك لە جەهەپە دژ بەو هەڵمەتەیە، چونكە رۆژنامەكە پێیوایە ئەو پارتە كارێكی نەكردووە تاوەكو داوای لێبووردن بكات.

ئەو چاوێرە سیاسیە لە بەشێكی تری قسەكانی دەڵێت، "داواكردنی لێبوورندن و چاوپۆشی تەنیا بە قسە نابێت، خەڵكانێكی زۆر چاوەڕوانن ئەو پارتە هەنگاوی كردەیی بنێت، بۆ ئەوەی كلیچدار و تیمەكەی راستگۆیی خۆیان بەسلمێنن، دەبێ دان بەوە دابنێن، كە لە كۆتایی نەوەدەكان ئەو پارتە لەناو زانكۆكان ژوورێكیان دروستكرد بوو، بۆ ئەوەی بڕوا بە كچانی باڵاپۆش بهێنن دەستبەرداری باڵاپۆشیان بن، ئەوەش هەنگاویكی هەڵە و دەستدرێژی بوو بۆ سەر مافەكانیان، هەروەها دەبێت دان بەوەش دابنێت دژ بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەكردنی باڵاپۆشی بوو، پەنایان بردە بەر دادگای باڵای دەستووری لە (2007) بۆ ئەوەی دووبارە یاسای قەدەغەكردنی باڵاپۆشی لە فەرمانگە و زانكۆكان جێبەجێ بكرێتەوە." 

قەدەغەكردنی باڵاپۆشی

لە دوای كودەتاكەی (12)ی ئەیلوولی ساڵی (1980) قەدەغەكردنی باڵاپۆشی لە زانكۆ و فەرمانگە حكومیەكان دەستی پێكرد، ئەو بڕیارە ماوەی (31) ساڵی خایاند.

جێبەجێكردنی بڕیاری باڵاپۆشی بەتایبەت بەسەر قوتابیانی زانكۆ چەندین ساڵ لایەنگران و نەیارانی گفتوگۆیان لەسەری كرد، پارتە چەپەكان لە پێش هەموویانەوە پارتی گەلی كۆماری و سۆشیالیستی دیموكراسی بە پاساوی پارێزگاری لە سیستەمی عەلمانی پاڵپشتی ئەو پارتەیان دەرد، پارتە ئیسلامی و نەتەوەییەكانی وەك پارتی نیشتمانی دایك و رەفاه و ئاكپارتی و پارتی نەوەتەوەپەرست بە پاساوی ئازادی بیروڕا، دژ بەو بڕیارە دەوەستانەوە.

لە رۆژانی شەش و نۆی مانگی شوباتی (2008) هەموواری دەستووری تایبەت رێگەی دا قوتابیان ئازاد بن لە باڵاپۆشی لە زانكۆكان، كە (411) بەرانبەر (103) دەنگ، لەو دانیشتنە (518) پەرلەمانتار بەشداریان كرد.

لە (27) مانگی شوبات (112) پەرلەمانتاری جەهەپە و پارتی چەپی دیموكراسی بە فەرمی داوایان لە دادگای باڵای دەستووری كرد، ئەو هەمووارەی رێگە بە باڵاپۆشی دەدات بە ناوی ئازادی رادەربڕین لە شوێنە گشتییەكان پێویستە هەڵبووەشێتەوە، بەڵام بڕیارەكەیان شكستی هێنا و هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین