پەروین بوڵدان: دوژمنایەتی كورد شكست بە حكومەتی ئاكپارتی دەهێنێت تورکیە
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، "بەردەوامی حكومەتی پارتی دادوگەشەپێدان (ئاكپارتی) لەسەر دوژمنایەتی كورد لە دەرەوە و ناوە تووشی شكست بەو حكومەتە دەهێنێت."

ئەمڕۆ یەكشەممە (21/ئاب/2022) ماڵپەڕی (زەمانی توركی) بڵاویكردەوە پەروەین بوڵدان لە سەردانێكی بۆ شاری هەكاری و كۆبوونەوەی لەگەڵ بازرگانانی ئەو شارە رایگەیاند، "دانوستاندنەكانی ئاكپارتی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ راكێشانی دوژمنایەتی ئەو وڵاتانەیە دژ بەكورد، هەوڵدەدات پاڵپشتی ناتۆ و دیمەشق و تاران بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو سەركەوێت، چونكە ئەردۆغان پێیوایە سندوقی دەدان لە رێڕەوەكانی ئەو وڵاتانە داندەندرێت."

لە بەشێكی تری قسەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "توركیا دانوستاندنەكانی ئەندامێتی فینلەندا و سویدی قۆزتۆتەوە، مەرجی لەسەر ئەو دوو وڵاتە داناوە دەیەوێت لە سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا و ئێران دژایەتی كورد بكەن و دەستبەرداربوونیان لە پاڵپشتی كورد بەرانبەر وەرگرتنیانە لە ناتۆ."

لە بەشێكی تری قسەكانی بوڵدان گوتی، “دژایەتی ئاكپارتی بۆ كورد و مافەكانی ئافرەتان پارتەكەی تووشی شكستی دەكەن، چونكە ئەو پارتە ناتوانێت رێگری لە گەلی توركیا بكات كە لە داهاتوودا كێ هەڵدەبژێرێت."

سەبارەت بە رۆڵی پارتەكەشی هاوسەرۆكی هەدەپە ئاماژەی بەوە كرد، "لە داهاتوو هەدەپە قسەی خۆی لە توركیا دەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، بێگومان پارتەكەمان كلیلی هەموو كێشەكانە، بەبێ هەدەپە هیچ كەسێك ناتوانێت هاوسەنگی لە وڵات رابگرێت، دادپەروەری و دیموكراسی لەو وڵاتە بەرجەستە دەكەین، چونكە ئاكپارتی دیموكراسی و ئاشتی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری لەو وڵاتە نەهێشتێتەوە، بە دڵنیاییەوە گەل وانەیەكی پێویست بەو حزبە دەدات."

پارتی دیموكراتی گەلان پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە و نوێنەرایەتی كورد دەكات، لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو توانی بەربەستی لە (10%) دێپەڕێنێت بگاتە پەرلەمانی توركیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین