ئەردۆغان: هەوڵدەدەین لەو نزیكانە سەرۆكی رووسیا و ئۆكراینا كۆبكەینەوە تورکیە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، "توركیا بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ كۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی رووسیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا، بۆ ئەوەی چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ئەو جەنگەی نێوانیان بدۆزینەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە (22/ئاب/2022) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویكردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆبوونەوەیەكی حكومەتەكەی رایگەیاند، "توركیا هەوڵدات لە ماوەیەكی نزیك میوانداری سەرۆكی ئۆكراینا رووسیا بكات، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو جەنگەی نێوانیان بهێنن."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد، "ئێمە پێش هەڵگیرسانی ئەم جەنگە هەوڵمان دا رێگە لە هەڵگیرسانی بگرین، هەموو وڵاتانیش هەوڵەكانی ئێمەیان بینی."

دەربارەی هەوڵەكانی بۆ كۆتایی هێنان بەم جەنگە سەرۆكی توركیا گوتی، "لە كۆبوونەوەی سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆكی رووسیا لە سۆچی باسی دیداری هەردوو سەرۆك و چەند دۆسیەكی ترم كردووە، هەروەها لە كۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆكی ئۆكراینا و ئەنتۆنی گوتیرێس لە شاری لەفیف لە هەفتەی رابردوو باسم لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆك كرد، بۆ ئەوەی كۆتایی بەم جەنگە بێت."

سەبارەت بە هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرایناش سەرۆكی توركیا  گوتی، "دانانی میكانزمی رەوانەكردنی  دانەوێڵەی ئۆكراینا بەهەوڵی توركیا بوو، كە دەتوانێت قەیرانی دانەوێڵە لە جیهان كەم بكاتەوە."

لە (24) مانگی شوباتی ئەمساڵ رووسیا هێرشی كردە سەر ئۆكراینا، ئەوەش كاردانەوەی جیهانی لێكەوتەوە، لەو كاتەوە توركیا لەهەوڵەكانی بۆ نێوەندگیری هەردوو وڵات بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین