کوردانی عێراق لەنێوان ئێران و ئەمریکادا وەرگێڕان

وه‌رگێڕانى: نوچه‌نێت

سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، باسوخواسی چەند بابەتێکی هێنایەوە ئارا لەبارەی دۆخی کورد لە هەرێمەکەی خۆیان، پەیوەندییان لەگەڵ تێكرای پێکهاتەکانی سەراپای وڵات، سەنگەرگیریی دەرەکییان بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانێتیی عەرەبی و ئێران. گرنگتر لەمەش، لە چوار ساڵی ئایندەی سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن هەرێمی کوردستان بە چ ئاراستەیەک ملدەنێت.

هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌ واقیع
چیتر مه‌سه‌له‌كه‌ بوونى هه‌رێم نییه‌ به‌ڵكو سنووره‌كه‌یه‌تى

ڕێڕەوی مێژووی نوێی کوردان لە ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی، سەخت و ئاڵۆز و دراماتیکی بووە،  پێویستی بە ڕوونکردنەوەی راستییەکانە. هەر کورتەیەکی ئەو مێژووە دەمانگەیەنێتە ئەوەی ئەم کۆمەڵگەیە ڕووبەڕووی چەندین تراژیدیا بووەتەوە لە دەیەکانی رابردوودا، لە ناویاندا چەوساندنەوە و ڕووبەڕووبوون لەگەڵ هێرشی کیمیایی لە هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ لەسەر دەستی سەدام حسێن. با ئەم ڕێڕەوە مێژووییە سەختە بەجێبهێڵین بۆ مێژوونووسان،  چڕببینەوە لە قۆناغی نوێ کە لەگەڵ هاتنی سەربازی ئەمریکی بۆ ناو عێراق هەتا زاڵبوونی میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ئێران بەسەر زۆربەی عێراقدا، بۆ ئەوەی تێبگەین لە ئاییندەی پەیوەندییە کوردی-ئەمریکییەکان، کە ئێستا دەگوێزرێنەوە لە سەردەمی ترەمپەوە بۆ سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن.

سەردەمی بووش

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دۆخی نەتەوەیی کوردانی عێراق بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕانی بەسەرداهات بەهۆی پاشەکشەی بەعس و لە ئەنجامی دەستێوەردانی ئەمریکادا، کە بووە هەلێکی زێڕین بۆ کورد لە دهۆک بۆ هەولێر و پاشان سلێمانی، بۆ بونیاتنانی هەرێمێک بۆ خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. بەڵام دوو شتی پێشوو ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەوە: یەکەم بەردەوامیی جۆرێک لە بەرگریی نەتەوەیی لە چیا سەختەکان، هەر لەوکاتەوەی ناوچەکانیان خرانە سەر هەر دوو دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق و سووریا لە چوارچێوەی سایکس پیکۆدا، ئەم جووڵانەوە نەتەوەییە بە تایبەت لەگەڵ فەرماندەیی مەلا مستەفای بارزانی زیاتر دەرکەوت لە حەفتاکاندا. دووەم شتیش بونیاتنانی ناوچەی دژەفڕین بوو لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، کە بووە پاڵپشتیی پێشمەرگە تاوەکوو ٢٠٠٣.

سەردەمی بووش کارتێکەریی ئەرێنی هەبوو لەسەر "ناوچەی کوردی" لە عێراقدا، کە لە ڕێگەی دانوستاندنەوە هاوكێشە سیاسی و دەستوورییەکانی عێراقیان هەڵگێڕایەوە، هاوڕێ لەگەڵ پێکهاتەی شیعە و سوننە و کەمایەتییە مەسیحی و ئێزدییەکان. ئەوەبوو ناوچەی کوردی مافگەلی دەستووریی بەدەستهێنا لە چوارچێوەیەکی فیدراڵیدا، نزیک لە فیدراڵیزمە جیهانییەکان، و بونیاتنانی "حکومەتی هەرێم"، و بەشداریی لە حکومەتی عێراقدا و گەیشتن بە ناوەندی سەرۆکایەتیی عێراق، هەرچەند ڕەمزیش بێت.

سەردەمی بووش کارتێکەریی ئەرێنی هەبوو لەسەر "ناوچەی کوردی" لە عێراقدا


لەماوەی ئەو قۆناغە زیڕینەدا لەنێوان ٢٠٠٣ و ٢٠١١ پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکا وا وەسفدەکرێت کە زۆر چڕ و دەوڵەمەند بووە، ئەوە بوو حکومەتی کوردستان باشترینی ئەوەی بەدەستهێنا کە بکرێت بە کردەیی بەدەستبهێنرێت، وێنەیەکی  ئەرێنی لەناو ڕای گشتیی ئەمریکا بڵاوبووەوە لەبارەی "هاوپەیمانە کوردەکان".

سەردەمی ئۆباما

لەماوەی سەرۆکایەتیی ئۆبامادا، حکومەتی کوردستان پارێزگاریی لە مافە دەستوورییەکانی و سنوورەکەشی کرد، سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، هەروەها پاریزگاریی لە بەشداریی خۆی کرد لە حکومەتی بەغدا، سەرەڕای زاڵبوونی هەژموونی ئێرانی بەسەر عێراقدا لە ٢٠١٢ وە. بەڵام دوو ڕووداو بوونە هۆی تێکەڵکردنی کارتەکان و هەولێریان خستە دۆخێکی ناسکەوە.

یەکەمیان بڵاوبوونەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچە شیعەنشینەکان و پاشان چوونیان بۆ ناو ناوچە سوننییەکان و دواتر گەیشتنیان بە سنووری کوردستان، خۆ ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوونایە، ئەوە دەچوونە ناو هەرێمی کوردستانیش. هەرچەندە هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران راستەوخۆ نەچوونە ناو هەرێم، بەڵام ڕووداو گەلێکیان لەناو کوردستان خوڵقاند، تا گەیشت بە مەترسی درز خستنە ناو ڕیزەکانی کورد، کە بووە هەڕەشە لەسەر یەکدەنگیی ناوخۆیی کورد بۆ ماوەی چەند ساڵێک.

هەڕەشەی هەرە مەترسیدار هاوکات بوو لەگەڵ هاتنی داعش، کە زۆربەی ناوچە سوننییەکانی خستە ژێردەستی خۆی و  گەیشتە لێواری ناوچە شیعەنشینەکان،  چەندین شار و گوندی مەسیحی و ئێزدی هەڵلووشی تاوەکو گەیشتە چیای شنگال. کوردستان گەمارۆ درا و خەریک بوو هەولێر بچێتە ناو مەودای تۆپخانەی داعش، سەدان هەزار ئاوارە لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و شنگالەوە ڕایانکرد بەرەو کوردستان. پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا کۆبوونەوە و ژمارەی زیانەکان زیادیکرد. دوای دواکەوتنێکی تێبینیکراو، ئیدارەی ئۆباما دەستێوەردانی کرد و فەرمانی بە فڕۆکەکانی کرد دەست بوەشێنن بۆ ڕاوەستاندنی پێشڕەویی داعش.

لەنێوان هاوینی ٢٠١٤ و سەرەتای ٢٠١٧ هێزە کوردییەکان لەگەڵ هێزە عێراقییەکانی پشتیوانیکراو لەلایەن هاوپەیمانیی ئەمریکییەوە، بەشدارییانکرد لە گێڕانەوەی خاکی ژێردەستی تیرۆریستان. حکومەتی هەرێم پشتیوانیی واشنتن و سوپاسی بەغدای بەدەستهێنا. بەڵام ئیدارەی ئۆباما چاوپۆشیی کرد لە گەڕانەوەی میلیشیاکانی سەربە ئێران لەژێر ناوی حەشدی شەعبی دا، وەکو ڕەزامەندیدانێک بەو لۆبییەی نەخشەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دانابوو. هەروەک حکومەتی مالیکی هاوپەیمانی ئێران فشاری دارایی خستە سەر کوردستان، ئەوە بوو بەشێک لە پشتیوانییەکانی بڕی و ڕۆیشتنی پارەی بۆ هەولێر کەمکردەوە، ئەوەش پاڵی بە ڕابەرایەتیی هەرێمەوە نا دەستببات بۆ میکانیزمی ڕیفراندۆم و مافی چارەنووس.

ترەمپ

ترەمپ زیاتر دڵگەرم بوو بۆ بابەتی چەکدارکردنی کورد بەڕووی تیرۆریستاندا و هەروەها بە دانانیان وەکو هاوبەش لە ناوچەکەدا. بە کردەییش پشتیوانیی هەرێم کرا لەلایەن پەنتاگۆنەوە و بوونی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک هەولێر پتەوکرا. لە قۆناغی کۆتاییهێنان بە بنکەی جیۆگرافیی داعشدا لەنێون ٢٠١٧ تاوەکوو ٢٠١٩، بازنەی ئۆپراسیۆنەکانی پێشمەرگە لە باکووری عێراق لەژێر فەرماندەیی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا فراوانکرا، لە پێشبڕکێیەکدا لەگەڵ پێشکەوتنی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی تر.

حکومەتی هەرێم بەرابەرایەتیی مەسعود بارزانی ڕیفراندۆمێکی جەماوەری ساز دا لە ئەیلوولی ٢٠١٧، ئەنجامەکەش لە بەرژەوەندیی جیابوونەوە بوو لە عێراق، پێشبینیدەکرا ئیدارەی ترەمپ کە هاوپەیمانی کورد بوو لە دژی داعش، پشتیوانیی ئەم ئاراستەیە بکات. بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی ڕێگربوون لە پشتیوانیی کۆشکی سپی لە سەربەخۆیی تەواوەتیی کوردستانی عێراق. یەکەمیان قەیرانی ناوخۆیی ئەمریکی لە سەروبەندی "لێپێچینەوەی مولەر"، کە بووە هۆی ئیفلیجکردنی سیاسەتی سەرەکیی ترەمپ تا ڕاددەیەک. دووەمیش فشاری لۆبیی ئێرانی و ئیخوانی بوو بۆ ڕێگریی لە قەوارەیەکی لەو جۆرە کە بە ڕێگریان دەزانی لە بەردەم پڕۆژەکانیان لە ناوچەکەدا.

قەیرانی کەرکووک

لە ئاسەواری ڕێفراندۆمی سێپتەمبەردا، حکومەتی حەیدەر عەبادی نزیک لە ئێران، لە هەموو سنوورەکانەوە گەمارۆی هەرێمی کوردستانی دا، هیزەکانی نارد بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرکووک و وەرگرتنەوەی لە پێشمەرگە. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت دوای کشانەوەی هێزە کوردییەکان، دوای وازهێنانی ئیدارەی ترەمپ لە پشتیوانیی کورد لە پڕۆژەی سەربەخۆییدا. ئایا ئەوە هەڵەیەک بوو لە حیساباتی تیمی بارزانیدا یان شڵەژانێک بوو لەناو تیمی ترەمپدا؟ ئەوەیان مێژوونووسان حوکمی لەسەر دەدەن. بەڵام قەیرانی کەرکووک نیازی هەموو لایەنەکانی دەرخست، بە واشنتنیشەوە.
ڕژێمی ئێرانی ئامانجیەتی زاڵ ببێت بەسەر کوردستانی عێراق و دەریبکێشێت لە بەرەی ئەمریکیدا. ئیدارەی ئۆباما خەمی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بوو و پشتیوانیکردنی لە هەرێم لە ئاستێکی نزمدا بوو، بەڵام ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی گەیاندە بەرزترین ئاست، بەڵام بۆ ئاستی پشتیوانیی لە جیابوونەوەی کورد نا. حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش هیچ باشییەک نابینێتەوە لە هیچ قەوارەیەکی کوردیدا لە ناوچەکەدا، بەڵام ئیسرائیل بۆی گرنگە بەرەی ئێرانیی لە سنووری خۆی دووربخاتەوە.

ڕژێمی ئێرانی ئامانجیەتی زاڵ ببێت بەسەر کوردستانی عێراق و دەریبکێشێت لە بەرەی ئەمریکیدا


بایدن

ئەوە لە بایدندا ناسراوە کە کاتێک ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بووە لەکاتی داگیرکاریی ئەمریکادا، پشتیوانیی بیرۆکەی دروستکردنی سێ دەوڵەتی لە عێراقدا کردووە: شیعە، سوننە و کورد. ئەو بیرۆکەیە پشتیوانیی لە واشنتن بەدەستنەهێنا، بەهۆی پابەندبوونی دامەزراوە سیاسییەکان بە سنوورە نێودەوڵەتیەکان لە ناوچەکەدا. بەڵام بایدن کاتێک کە سیناتۆر بوو، پشتیوان بوو بۆ پڕۆژەی قەوارەی کوردی، بەڵام لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. هەروەها هاوسۆزیی بایدنی ئەوکات بۆ کورد بە ئاراستەی ئەوە بوو کە قەیرانێکی مێژووییە لەگەڵ تورکیا، نەک ئێران. ئەمە هەروەها بە نیسبەت کوردانی سووریاشەوە راستە.
بەڵام بیرۆکەی ئەوکاتی بایدن دژیەکە لەگەڵ ئەجێندای ئیدارە نوێیەکەی، کە وەرگیراوە لە بەشداریی ئەو لە ئیدارەی ئۆبامادا. ئەو ئیدارەیە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە سەروو هەموو ئیعتیباراتەکانەوە دانابوو، تا ئاستی دەستبەردان لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزاییەکانی ناوچەکە و تەنانەت ئیسرائیلیش. ساڵی ٢٠٢١یش سیاسەتی ئۆباما گەڕایەوە بۆلای کۆشکی سپی و سەرۆکە نوییەکە. بۆیە هەر پێشبینییەک بۆ چاوەڕوانییەکانی هاوپەیمانێتییە گەورەکانی ئەمریکا، وەکوو سعودیە و میسر و ئیسرائیل، دەمانگەیەنیتە ئەو ئەنجامەی کە پەیوەندیی ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئەم هێزە هەرێمییانە بەردەوامدەبێت لە سەر ئاستی پەیوەندیی دوولایەنە، بەڵام ئامانجە لەپێشینەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی هەرێمی دەگۆڕێن. جا ئەگەر ئەمە دۆخەکە بێت بە نیسبەت لایەنە گەورەکانی ئەم ناوچەیە، ئەی دەبێ لەسەر ئاستی لایەنە بچوکەکان چۆن بێت؟

چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی بایدن پشتیوانیی کلاسیکیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت

وا چاوەڕواندەکرێت ئیدارەی بایدن پشتیوانیی کلاسیکیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بکات، بەڵام لە ڕیگەی حکومەتی بەغداوە. بەمجۆرە پێشبینی ناکرێت پەیوەندییە سەربازییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا بگاتە ئاستی پەیوەندیی ستراتیجیی ڕاستەوخۆ. گرنگتر لەوەش ئەوەیە، تاوەکوو پێشکەوتن هەبێت بە ئاراستەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، واشنتن پشتیوانیی پڕۆژەیەکی کوردی ناکات بە ئاراستەی سەربەخۆیی تەواو، بەڵکو پشتیوانیی سیستمی فیدراڵیی دەکات وەکو لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

ئێستا و ئاییندە

ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کوردستانی عێراق قۆناغێکی درێژی بڕیوە لەنێوان قۆناغی مەلا مستەفا و هێزەکانی سەر چیای لەلایەک و قۆناغی کوڕەکەی لەلایەکی دی کە سەرۆکایەتی قەوارەیەکی کوردی دەکات کە لەناو عێراق دانی پێدا نراوە و پەیوەندیی جیهانیی فراوانی هەیە. ئەمە پێشکەوتنێکی گەورەیە. هەرێم نوێنەری هەیە سەرۆکایەتیی وڵات و پۆستی وەزارەتی دەرەوە بۆ ساڵانێک. کوردستان بووەتە واقیعێک مشتومڕ نییە لەسەر هەبوونی لە عێراقدا. پرسەکە هەر تەنیا هەبوونیش نییە، بەڵکو بووەتە بابەتی سنووریش. واتە بەو واتایەی تاوەکوو چ سنوورێک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم هەرێمە پەرە دەستێنێت؟

ڕەشەبای دژبەری یەک لەم ناوچەیە دەدەن، بەڵام هیوایەکی گەورە هەیە کە کوردستانی عێراق پەرەبدات بە پەیوەندییەکانی خۆی بە هەموو ئاراستەکاندا لە بەرژەوەندیی گەشەی خۆی و کارلێککردنی لەگەڵ دراوسێکان. ئەمەش گرنگترین تەوەرە.

پەیوەندییەکانی هەولێر بە بەغداوە بنەڕەتین، بۆ ئەم حکومەتەی ئێستا بێگومان دەبێت وابێت. لەسەر ئاستی جەماوەریش، پەیوەندییە جڤاکییەکانی نێوان کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنیی عێراقی لە ناوچە شیعەنشینەکان، بە ئەرێنی گەشەی کردووە، بە تایبەت دوای ناڕەزاییەکانی پاییزی ٢٠١٩. چونکە هەردوو لایەنی میانڕەوی ناو کورد و شیعە ڕووبەڕووی میلیشیا ئێرانییەکان دەبنەوە پێکەوە.

لەلایەکی دیکەوە لەسەر ڕێبەرایەتیی کورد پێویستە گرنگی بدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەمینەکانی مەسیحی و ئێزدی کە لە ناوچەکە دەژین. ئەوە زانراوە کە کوردستانی عێراق پێشوازیکردووە لە سەدان هەزار ئاوارە و لەسەر خاکی خۆیدا پەنای داون. زۆرێک لەوانە پێزانینیان هەیە بۆ ئەم هاریکارییە، بەڵام هەندێک لایەن هەن لەناو ئەم پێکهاتانەدا کە ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرن بەهۆی ڕووداوگەلی پێشوو لەنێوان هەردوو لایاندا (هەرێم و پێکهاتەکان). بەم پێیەش گفتوگۆیەکی قووڵ پێویستە لەنێوان هەموو ئەو کەمینانە لە باکووری عێراقدا کە شایستەی لێ وردبوونەوەیە.

هەرچی پەیوەندیگرتنە لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، ئەوە بۆ کوردانی عێراق لە  بنەڕەتیش گرنگترە، ساڵانێکیشە ئەو پەیوەندیگرتنە هەیە، ڕووبەرێکی جوگرافیی و سیاسیی فراوانی هەیە کە لە مووسڵەوە تاوەکو ئەنبار درێژدەبێتەوە تاوەکوو قوڵایی سوننە لە ناوەڕاستی عێراق، کە لەوێدا شەراکەتێکی بەهێز هەیە لەگەڵ ئەو سوننانەی کە بەرهەڵستیی داعش دەکەن و دژبەری ئێرانیشن.

لەڕووی هەرێمیشەوە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ‌هەڕەشەی ئێرانیی ڕوو لە ڕۆژهەڵات، و فشاری لە باکوورەوە هاتووی حکومەتی ئەردۆغان، ئەوە ڕێڕەوی هەرە گرنگی هەناسەی هەرێم لە باشوورەوەیە لە رێگەی کرانەوە بەڕووی هاوپەیمانێتیی عەرەبی بە ڕێبەریی سعوودیە، ئەویش لە ڕێگەی گفتوگۆی عەرەبی-کوردی کە پێکەوەژیان لەناو عێراق پتەودەکات و هاوپەیمانێتیی دژەتیرۆر بەهێزدەکات.

لە کۆتاییشدا گرنگیدانی هەرێم هەرچەند لەرووی جەماوەریشەوە بێت بە "پەیماننامەی ئەبراهام" سروشتییانە دێت، چونکە کوردان لە پشتیوانانی ئاشتین لە ناوچەکەدا، و دەچنە ڕیزی پێشەوە کاتێک عێراق دەچێتە چوارچێوەی سیستمی ئاشتییەوە.

بە کورتی، بە لەبەرچاوگرتنی لە دژیەکییەکانی سیاسەتی ئەمریکیش، لە راستیدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ کەمینەکانی چواردەوری و هەردوو پێکهاتەی شیعە و سوننە لەناو عێراق، و حکومەتی ناوەندی، و هاوپەیمانێتیی عەرەبی، و ڕەوتی ئابراهام، هەموویان کلیلی بنەڕەتین بۆ پێکەوە بەستران لەگەڵ قووڵایی نیشتیمانیی ئەمریکی، بەمجۆرە سەربەستی ئەم گەلە دەپارێزرێت لەو مەترسییانەی چواردەوری گرتوون، و هەرێم دەکاتە ئەندامێک لە پەیمانی ئاساییش و سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سه‌رچاوه‌: ئێندپێندتى عه‌ره‌بى

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین