ئه‌مه‌ريكا: مووشەکى بەرگری (ئێس 300)ى یۆنان هیچ مەترسییەکى بۆ سەر ئێمە نییە شیکاری

نوچەنێت:

كاتێك توركيا سيستەمى مووشەكى بەرگرى (ئێس 400)ى رووسى كڕى، ئەمەريكا بە توندى دژ بە حكومەتى توركيا وەستایەوە، بەڵام كاتێك يۆنان بە سيستەمى مووشەكى بەرگرى (ئێس 300)ى رووسى رێگرى لە فڕۆكەى توركى دەكات، ئەمەريكا هيچ كاردانەوەيەكى نەرێنى نييە.

سەبارەت بە سيستەمى مووشەکى بەرگرى (ئێس 300) رووسى كە لە لايەن يۆنانەوە بەكاردێت، ئايا سزاكانى ئەمەریكا دەيگرێتەوە، بەرپرسێكى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەريكا بە ماڵپەڕى (هێلاس جۆرناڵ) يۆنانى رايگەياند، "يۆنان له‌ ساڵى‌ نه‌وه‌ته‌كانه‌وه‌ سیستەمى مووشەکى بەرگرى (ئێس 300) كڕيووه‌، ئەوەش پێش ياساى (CAATSA)  بووە، كە به‌پێى مادده‌ى (231)ى ياساکە، كڕينى ئەو جۆرە مووشەکە‌ تەنیا ئەوان دەگرێتەوە‌‌ كه‌ له‌دواى دووى ئابى (2017) كڕدراون." 

سه‌باره‌ت به‌ قوفڵكردنى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى توركيا له‌لايه‌ن ڕاداره‌كانى سيسته‌مى مووشه‌كى بەرگرى (ئێس 300)ى يۆنان، ئەو بەرپرسە ئەمەريكيیە دەڵێت، "ئێمه‌ ئاگادارين له‌ بڵاوكراوه‌كانى يۆنان و توركيا، کە له‌ ناتۆ دوو هاوپه‌يمانى ئێمەن، بۆ ئه‌وه‌ى ئاشتى و ئاسايش پارێزراو بێت له ناوچه‌كه، دەمانەوێ‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن، ئێمه‌ به‌رده‌وام داوا لە هه‌موو لايه‌نه‌كان دەکەین، ئه‌و خاڵانه‌شى له‌سه‌رى ناكۆكن به‌ رێگاى ديپلۆماسى چاره‌سه‌رى بكه‌ن، هيوادارين خۆیان بە دووربگرن‌ لەو‌ لێدوان و كردارانه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ هۆى زياتر فراوانبوونى بوونى گرژييه‌كانى نێوان تورکیا و یۆنان." 

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو بەرپرسەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەريكا لە پەيامێكى دژ بە توركيا دەڵێت، "له‌لايه‌ن ئه‌مه‌ريكاوه‌ هيچ مه‌ترسييه‌ك نابینین تاوەکو‌ سزا به‌سه‌ر يۆنان بسه‌پێنێت لەسەر‌ بابه‌تى مووشەكى بەرگى (ئێس 300)". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، "مووشەکى (ئێس 300)ـى يۆنان بۆ ئه‌مه‌ريكا هيچ كێشه‌ نيیه‌." 

يۆنان له‌ ساڵى (1997) سيسته‌مى مووشەکى بەرگرى (ئێس 300)ى له‌ رووسیا كڕيووه‌، ئەو مووشەکانە له‌ قوبرس جێگير كراون‌، ئه‌م كاره‌ش له ‌ئه‌نجامى هه‌ڵوێستى ئيداره‌ى توركيا بەرامبەر ئەو پرسە ئه‌نجام نه‌دراوه‌، ئه‌م مووشه‌كانه‌ بۆ دوورگه‌ى كريتى يۆنان گواستراوه‌ته‌وه‌، يۆنان له‌ ساڵى (2013) وه‌ ئه‌م سيسته‌مى مووشەکى بەرگریى چالاك كردووه‌، توركياش له‌ نيسانى ساڵى (2017) ڕيككه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ رووسيا ئەنجامدا بۆ کڕینى سيسته‌مى مووشه‌كى بەرگرى (ئێس 400)ـى رووسى، دواتر ئەم سيسته‌مه‌ له‌ ته‌مووزى ساڵى (2019) گواسترایەوە و لە توركيا جێگرکرا. 

و: دونیا ئەحمەد

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین