یاساى دادگاى فیدڕاڵى ناڕه‌زاییه‌كى گه‌وره‌ دروست ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

وه‌رگێڕانى نوچه‌نێت

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و سێ ماده‌یه‌ بدرێت كه‌ له‌ یاساى دادگاى فیدڕاڵى ماونه‌ته‌وه‌ و هێشتا رێككه‌وتنى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و پێشتریش رێككه‌وتن له‌سه‌ر 21 ماده‌ى تر كراوه‌.

به‌شێكى ناكۆكییه‌كه‌ له‌سه‌ر ماده‌ى دووه‌مى یاساكه‌یه‌ كه‌ ئه‌ندامانى دادگاكه‌ له‌ شاره‌زایانى یاسا و دادوه‌ران و شاره‌زایانى فیقهى ئیسلامى دیارى ده‌كات. هه‌روه‌ها ماده‌ى سێیه‌م كه‌ سروشتى كاندیبوون و ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر كاندیده‌كان بۆ دادگاكه‌ له‌لایه‌ن چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ دیارى ده‌كرێت. جیا له‌وانه‌ ناكۆكى له‌سه‌ر ماده‌ى 12یش هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌نگدانى ئه‌ندامان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان‌ و گرنگیدانى زیاتر به‌ شاره‌زایانى فیقهى ئیسلامى.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مرۆ له‌ چه‌ند شارێكى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق خۆپێشاندان بكرێت و داوا له‌ په‌رله‌مانى عێراق بكرێت گۆڕانكاریى له‌ پرۆژه‌ یاساى دادگاى فیدڕاڵى بكات.

پێشنیارێكى هه‌رێمى كوردستان
لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى توڕه‌ كردووه‌

خۆپێشانده‌ران پرۆژه‌ یاساكه‌ به‌ به‌رجه‌سته‌كردنى تایفه‌گه‌رى ناوده‌به‌ن، به‌وه‌ى شاره‌زایانى فیقهى ئیسلامى ده‌كه‌نه‌ ئه‌ندام له‌ دادگاكه‌ و به‌م كاره‌شیان گیانى نیشتمانى هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كه‌ن.

رێبوار هادى سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاساى له‌ په‌رله‌مانى عێراق باسى له‌وه‌ كردووه‌ كۆبوونه‌وه‌ى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان بێ ئه‌نجام كۆتایى پێهاتووه‌.

رێبوار هادى دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌، فراكسیۆنه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك بۆیه‌ بڕیاریان داوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌  لاى سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانیان و راوێژیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.

له‌لایه‌كى تر حوسێن عقابى ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "كێشه‌ى گه‌وره‌ په‌یوه‌ندى به‌و پێشنیاره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كراوه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ده‌نگدان له‌ ناو دادگاكه‌ به‌ كۆى ده‌نگ هه‌یه‌. ئه‌مه‌یش بابه‌تێكه‌ ته‌واوى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ ته‌واوى ساڵانى رابردوو ده‌نگدان له‌ناو دادگاى فیدڕاڵى سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تى پارێزگاكان و هه‌رێمه‌كان به‌  دوو له‌ سێ بووه‌ و له‌ بابه‌ته‌كانى تریش به‌ زۆرینه‌یه‌كى ئاسایى بووه‌".

دادگاى فیدڕاڵى به‌رزترین دادگاى عێراقه‌، تایبه‌ته‌ به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه‌ ده‌ستوورییه‌كان. دادگاى فیدڕاڵى به‌ یاساى ژماره‌ 30ى ساڵى 2005 و به‌گوێره‌ى ماده‌ى 93ى ده‌ستوورى عێراق دانراوه‌. بڕیاره‌كانى دادگاكه‌ ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌كان عێراق پابه‌ندى جێبه‌جێكردن ده‌كات. ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ دادگاى ئاسایییه‌وه‌ نییه‌ و باره‌گاكه‌ى له‌ به‌غدایه‌، به‌گوێره‌ى یاساى پێشتر له‌ سه‌رۆكێك و هه‌شت ئه‌ندام پێكهاتووه‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین