منداڵانى ئێران دژ بە دەسەڵات خۆپيشاندان دەكەن ئێران

نوچەنێت

بۆ يەكەمجار لە شارەكانى ئێران منداڵان لە قوتابخانەكان دەستيان بەخۆپيشاندان كرد، بەڕاى چاودێرانى سياسى خۆپيشاندانى منداڵان پێشينى نەبووە، بۆيە كۆنتڕۆڵكردنى خۆپيشاندانەكان زۆر قورس بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (18/تشرينى يەكەم/ 2022) ماڵپەڕى (حوڕە) بڵاويكردەوە لە چەند قوتابخانەيەكى ئێران منداڵان دەستيان بەخۆپيشاندان كردووە.تارا سێپهەرى فر، لێكۆڵەر لە بەشى رۆژهەڵاتى ناوڕاست و هيومان رايتس وۆچ رايگەياند، "ئێستا منداڵانى قوتابخانەكان دەبينين بەشدارى خۆپيشاندانەكان دەكەن، كە ئەوە لەو وڵاتە رووداوێكى بێ پێشبينەيە،  بەو جۆرە منداڵان بەشدارى لە خۆپيشاندان بكەن."

بەشدارى منداڵان لەسەر زارى بەرپرسانى ئێران پشتڕاست كراوەتەوە يوسف نوورى، وەزيرى خوێندنى ئێران ئاماژە بەوە  دەكات، "قوتابيان دەستيان بەخۆپيشاندان كردووە، ئێمە دەستگيريان دەكەين، رەوانەى خانەى چاكسازييان دەكەين، بەو ئامانجەى واز لەو هەڵسوكەوتانە بهێنن."

سەبارەت بە ژمارەى دەستگيراوانيش رێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ئاشكراى دەكات، "تا ئێستا (144) پياو و ئافرەت و منداڵ لەماوەى (19 بۆ 3)ى ئەم مانگە بەدەستى هێزەكان ئەو وڵاتە بيندراون.

نەسيم بابايانى، چالاكوان لە رێكخرواى لێبوردنى نێودەوڵەتى دەڵێت، "كاردانەوەى دەسەڵاتدارانى ئێران بەرانبەر خۆپيشاندەران بەلاى زۆرێك لە خەڵكى ئەو وڵاتە ئەوە دەگەيێنێت خۆپيشاندانەكان بۆتە راپەڕينى بەدەوام دژ بە كۆمارى ئيسلامى، بۆيەش هێرشەكە زۆر بە فراوانى دەكرێتە سەر منداڵانيش."

ماوەى مانگێكە دژ بەگيان لەدەستدانى ژينا ئەمينى خۆپيشاندان سەرجەم شارەكانى ئێرانى گرتۆتەوە، تا ئێستاش خۆپيشاندەكان بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین