بزووتنەوەى حەماسى فەڵەستينى پەيوەندييەكانى لەگەڵ سووريا ئاسايى دەكاتەوە راپۆرت و شیکاری

ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت

لە مانگى ئابى ساڵى رابردووەوە، بەرپرسانى كۆمارى ئيسلامى ئێران و حزبوڵڵاى لوبنانى دەستيان بە هەوڵەكانيان كردووە، بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوان حکومەتى سووریا و بزووتنەوەى حەماسى فەڵەستينى، كە لە ساڵى (2011) پەيوەندييەكانيان پچڕاند و بەرپرسانى حەماس سووريايان جێهێشت لە دەوحەى پايتەختى قەتەر نيشتەجێ بوون.

مێژووى دەستپێكردنەوەى پەيوەندييەكان

هەرچەندە بزووتنەوەى حەماس پەيوەندييەكانى لەگەڵ سووريا پچڕاند بوو، بەڵام خۆى دەپاراست لە هێرشكردنە سەر ئەو وڵاتە، هۆكارەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ساڵانێكى زۆربوو سووريا پەناگەيەكى ئارامى بەرپرسانى ئەو بزووتنەوەیە بوو. 

يەحيا سينوار، فەرماندەى پێشووى بزووتنەوەى حەماس لە كەرتى غەززە لەمانگى ئابى (2017) رايگەياند، "بزووتنەوەى حەماس ئامادەيە پەيوەندييەكانى لەگەڵ دەسەڵاتى بەشار ئەسەد ئاسايى بكاتەوە."

ئەمەریكا دژ بە ئاساییكردنەوەی حەماس و سووریایە

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو بەرپرسەى حەماس هيواى خواست قەيرانەكانى ناوخۆى سووريا چارەسەر بكرێن، ئاسۆيەكى نوێ بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكان بكرێتەوە."

ئێران نێوەندنگيریى حەماس و سووريا دەكات

بەگوێرەى لە مانگى ئابى ساڵى رابردوو، بەرپرسانى كۆمارى ئيسلامیى ئێران نێوەندگيريان بۆ ئاساييكردنەوەى ئەو پەيوەندييانە كردووە، پەرلەمانتارێكى ئێران رايدەگێنێت، "هەوڵەكانى ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوان حەماس و حكومەتى سووريا بەرەو پێش چووە، لە ماوەيەكى نزيك پەيوەندييەكان ئاسايى دەبنەوە. 

ئەو بەرپرسەى ئێران ئەوەشى ئاشكرا كرد، "قاسم سلێمانى، فەرماندەى پێشوو لە سوپاى پاسداران بەر لە كوشتن سەركردايەتى ئەو هەواڵانەى دەكرد."

ئێران رۆڵی سەرەكی لە ئاشتەوایی حەماس و سووریا هەبوو

لە مانگى حوزەيرانى (2018) ئيسماعيل هەنيە، سەرۆكى مەكتەبى سياسى بزووتنەوەى حەماس رايگەياند، "ئێمە هيچ رۆژێك دوژمنى دەسەڵاتى سووريا نەبووينە، چونكە حكومەتى سووريا لە زۆر وێستگەى گرنگ پاڵپشتى ئێمەى كردووە، بۆيە ئێمە پەيوەندييمان لەگەڵ ئەو وڵاتە نەپچڕاوە، بەڵام دۆخێكى بابەتى هاتە پێشەوە، بووە هۆكارى ئەوەى پەيوەندييەكانمان بگاتە ئەو ئاستەى ئێستا."

بەرپرسێكى حەماس دەڵێت، "پەيوەندييەكانمان لەگەڵ سووريا دەچێتەوە ئاستى پێشوو، ئێستاش لەگەڵ سووريا لەسەر هێلین بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەکانمان، چەند بەرپرسێكيشمان سەردانى سووريايان كردووە."

سەبارەت بە هۆكارى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانيش ئەو بەرپرسەى حەماس ئاماژەى بەوە كردووە، "حكومەتى سووريا پاڵپشتى دۆزى فەڵەستين دەكات، حەماس سوورە لەسەر پەيوەندى لەگەڵ سووريا و هەموو وڵاتانى عەرەبى."

حەماس سەركۆنەى هێرشەكانى ئيسرائيل بۆ سەر سووريا دەكات

لە مانگى كانوونى يەكەمى (2020) بزووتنەوەى حەماس لە راگەيێندراوێكدا سەركۆنەى بۆردوومانەكانى ئيسرائيلى بۆ سەر سووريا کرد، ئەو هێرشانەشى بە تيرۆر و داگيركارى بەرانبەر گەلى عەرەب و ناوچەكە ناوبرد.

لە بەشێكى ترى راگەيێندراوەكە هاتووە، "بۆردوومانى ئيسرائيلى بۆ سەر سووريا بەرنامە بۆداڕێژراوە و ئامانج لێى دەستبەسەرداگرتنى ناوچەكەیە."

كاريگەريى ئاساييبوونەوەى پەيوەندى نێوان ئيسرائيل و توركيا لەسەر حەماس

لەگەڵ دەستپێكردنەوەى گفتوگۆى ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوان توركيا و ئيسرائيل، يەكێك لە مەرجەكانى دەسەڵاتدارانى ئيسرائيل لەسەر توركيا، دەبێت سياسەتى توركيا هاوسەنگى زياتر بێت لە پەيوەندى نێوان ئيسرائيل ــ فەڵەستين، ئەويش واز لە دژايەتى رێككەوتنى ئاساييبوونەوە لەگەڵ وڵاتانى كەنداو و هاوكارى حەماس  بهێنێت، بەرپرسەكانيان لە توركيا دەربكات.

لەم كاتە توركيا تەنيا ئەوەندە هاوكارى بزووتنەوەى حەماسى كرد، كە داوای لە بەرپرسانی حەماس كرد، نابێت بەرپرسانی سەربازی ئەو رێكخراوە لە وڵاتەكەیان بمێننەوە، بەڵام رێگە دەدات بەرپرسانی سیاسی چالاكی خۆیان ئەنجام بدەن.

حەماس دژ بە هێرشەكانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر سووریا

بۆیە دەبوو توركیا هەوڵ بدات بەهەر جۆرێك بێت چالاكییەكانی حەماس سنووردار بكات، لە هەمانكاتیش لەبەر كاردانەوەكانى ناوەندە ئیسلامییەكان راستەوخۆ ئەو هەنگاوەى نەنا، بۆیە ئاساییكردنەوەى پەیوەندى نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب، ئاساییكردنەوەى پەیوەندى نێوان سووریا و حەماسى خێراتر كرد، چونكە سووریا پەناگەیەكى ئارامە بۆ بەرپرسانى بزووتنەوەى حەماس، پێشتریش تا سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆى سووریا خالید مەشعەل، سەرۆكى مەكتەبى سیاسى حەماس لە سووریا نیشتەجێ بوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانى ئەو شەڕە ئەو وڵاتەى جێهێشت.

حەماس سەركۆنەى ئاسايبوونەوەى پەيوەندى توركيا و ئيسرائيل دەکات

دواى ئەوەى لە (9)ى مانگى ئادار رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى توركيا لە مەراسيمێكى فەرمى پێشوازى لە ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل كرد، هەريەك لە بزووتنەوەى حەماس و جيهادى فەڵەستينى، بە توندى دژ بەو سەردان و پێشوازييە وەستانەوە. 

بزووتنەوەى جيهادى ئيسلامى لە راگەيێندراوێكدا ئاماژەى بەوە كرد، "پێشوازى لە سەرۆكى ئيسرائيل لە لايەن ئەردۆغانەوە بە توندى سەركۆنە دەكەين، چونكە ئەو پێشوازييە لايەندارييە بۆ وڵاتێك دژى گەلى فەڵەستينە."

لە بەشێكى ترى راگەیێندراوەكە هاتووە، "هەوڵەكانى توركيا بە پاساوى بەرژەوەندى وڵات بەلارێبردنى دۆزى قودس و فەڵەستينە."

لە لايەكى ترەوە بزووتنەوەى حەماس لە راگەیێندراوێكى بڵاوكردەوە، كە تێيدا هاتووە،" بە نيگەرانييەوە دەڕوانييە سەردانى بەرپرسانى ئيسرائيل بۆ ژمارەيەك وڵاتى عەرەبى و ئيسلامى، ئەو سەردانانە ستراتيژيەتێكى قووڵى بۆ دۆزى فەڵەستين هەيە."

ئەو راگەیێندراوە سەرەتاى تێكچوونى پەيوەندى نێوان توركيا و حەماس بوو، دواتريش كە توندتيژييەكان لە هەشتى نيسان لە كەرتى غەززە لەنێوان فەڵەستييەكان و ئيسرائيلييەكان سەرى هەڵدا، باڵيۆزخانەى توركيا لە تەلئەبيب سەركۆنەى ئەو توندوتيژانەى كرد و سەرەخۆشى لە كەسوكارى كوژراوەكان و حكومەت و گەلى ئيسرائيل كرد، لە بەرانبەر حازم قاسم، وتەبێژى بزووتنەوەى حەماس بەتوندى هێرشى كردە سەر توركيا، ئەو كارانەى خۆشيانى بە بەرگرتن لە خۆيان و پيرۆزييەكان ناوبرد.

یەكەم سەردانی شاندی حەماس

لە (19) ئەم مانگە، شاندێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس سەردانی سووریای كرد و لەگەڵ بەشدار ئەسەدی سەرۆكی سووریا كۆبوونەوە، لە دوای كۆبوونەوەكە حازم قاسم، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، “بزووتنەوەی حەماس بایەخ بە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی فەڵەستین دەدات، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی سیاسییە بۆ پڕۆژەی رزگاری خوازی دۆزی فەڵەستین.”

حەماس: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سووریا بەهێز دەكەینەوە

سەبارەت بە سەردانەكەش وتەبێژەكەی حەماس دەڵێت، “شاندێكی باڵای حەماس لە چوارچێوەی سەردانێكیان لەگەڵ بەشار ئەسەد كۆبوونەوە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندی هەردوو وڵات، هەردوو وڵات رێككەوتن لەسەر كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان حەماس و سووریا، كە خزمەتی پڕۆژەكەی هەردوو وڵات بكات."

بەگوێرەی لێدوانی حازم قاسم ئەو دیدارە بە نێوەندگیری راستەوخۆی هەردوولا بووە، پاشان وڵاتانی ناوچەكەش پاڵپشتی ئەو ئاشتەواییەیان كردووە.

كاردانەوەی ئەمەریكا

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند هۆشداری دایە هەر ئاساییبوونەوەیەكی پەیوەندییەكانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و حكومەتی سووریا. لە بەشێكی قسەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، “ئەو هەنگاوەی بزووتنەوەی حەماس زیان بە بەرژەوەندی گەلی فەڵەستین دەگەین و هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە و دەرەوە پاشەكشە پێدەكات."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، "ئەو پەیوەندییەی دەسەڵاتی ئەسەد لەگەڵ رێكخراوێكی وەك حەماس جەخت لەسەر گۆشەگیربوونی خۆی دەكاتەو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین