سوپاى پاسداران هەڕەشە لە خۆپيشاندەرانى شارەكانى ئێران دەكات ئێران
حوسێن سەلامى، فەرماندەى سوپاى پاسداران بەرانبەر خۆپيشاندانەكانى دژ بە گيان لەدەستدانى ژينا ئەمينى رايگەياند، "رۆژى شەممە كۆتا رۆژى خۆپيشاندەران دەبێت بۆ هاتنە سەر شەقامەكان، هێزە ئەمنييەكان زۆر بەتوندى رووبەڕوويان دەبنەوە."

ئەمڕۆ يەكشەممە (30/تشرينى يەكەم/ 2022) ماڵپەڕى (حوڕە) بڵاويكردەوە فەرماندەى هێزەكانى سوپاى پاسداران رايگەياند، "لە هەموو وڵات بەتوندترين شێوە رووبەڕووى خۆپيشاندەران دەبينەوە، پێويستە خۆپيشاندەران نەڕژێنە سەر شەقامەكان و كۆتايى بەخۆپيشاندانەكانيان بهێنن."

لە لايەكى ترەوە رێكخراوى هەنگاو، تايبەت بە مافەكانى مرۆڤ رايگەياند، “كچانى قوتابخانەيەكى شارى سەقز رژانە سەر شەقامەكان و هێزە ئەمنييەكان تەقەيان لێكردن، هەروەها لە شارى سنەش قوتابيانى كۆلێژى پزيشكى رژانە سەر شەقامەكان لەگەڵ هێزە ئەمنييەكان رووبەڕووى يەكتر بوونەوە و ژمارەيەك قوتابى بريندار بوون، هەروەك لە شارى مەريوان خۆپيشاندەران دەستيان بەخۆپيشاندان كردەوە و لە چەند شوێنێك ئاگريان كردەوە، دواتر هێزە ئەمنييەكان تەقەيان بەڕووى خۆپيشاندەران كرد."بەڵام تا ئێستا ژمارەى كوژراو و بريندارەكان نەزاندراوە.

بەگوێرەى سەرچاوەكانى هەواڵ لەسەرەتاى خۆپيشاندانەكان كە لەناوەڕاستى مانگى رابردوو دەستى پێكرد تا ئێستا سوپاى پاسداران بەشێوەيەكى بەرفراوان بڵاوەى پێنەكراوە، بەڵام ئەو هەڕەشانەى ئەو فەرماندەيە ئاماژەيە بۆ ئەوەى عەلى خامنەئى، رێبەرى كۆمارى ئيسلامى ئێران مۆڵەتى پێداون كۆتايى بەو خۆپيشاندانە بهێنن.

سوپاى پاسداران لەدواى شۆڕشى ئيسلامى ئێران، بە فەرمانى ئيمام خومەينى رابەڕى ئەو شۆڕشە دامەزراوە، لەسەر ئاستى وڵاتانى ناوچەكە رۆڵى سەرەكى لە يەكلاكردنەوەى كێشە سياسى و سەربازييەكان هەيە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین