بایدن: لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام کە پوتین بکوژە ئێران

نوچه‌نێت

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەمە ١٨ی ئادار لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی A.B.C ئەمریکیی وتی لە ڕوانگەی ئەوەوە ڤیلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بکوژە.

بایدن لەو دیمانەیەدا بە وەبیرهێنانەوەی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی خۆی و پۆتین کە دوو مانگ پێش ئێستا ئەنجام درا ئاشکرای کرد کە بە پوتینی وتووە بە هۆی هەوڵەکانی بۆ کاریگەریدانان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا سزا دەدرێت.

ئه‌نجوومه‌نى هەواڵگریی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا وتوویەتی ڕووسیا ئوپەراسیونێکی هەواڵگریی سەرکەوتووی لە ڕێگای کەسەکانییەوە بە مەبەستی کاریگەریدانان لەسەر کەسانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ بەڕێوە بردووە و دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا لە ڕێگای کەسانی نزیک لە ترەمپەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ سەبارەت بە سیستەمی سیاسیی ئەمریکای داوە بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی جۆ بایدن و کەمپەینەکەی لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا.

مۆسکۆ ئەو ڕاپۆرتەی ڕەت کردووەتەوە. 
بایدن لە درێژەی ئەو دیمانەیەدا وتی: پوتین سزا دەدرێت. ئێمە زۆر پێکەوە قسەمان کرد. من تا ڕادەیەک بە باشی دەیناسم. کاتێ دەستمان بە قسە کرد، پێم وت "من دەتناسم و تۆیش من دەناسی". ئەگەر بۆم دەرکەوێ ئەوە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان ڕووی داوە، ئامادەی سزا بە. 
بایدن سەبارەت بە چۆنیەتی سزادانی پوتین بە هۆی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان ڕوونکردنەوەی نەدا و تەنیا وتی: "دەیبینن".

سەرۆکی ئەمریکا هەروەها بیرەوەرییەکی گێڕایەوە: "چەند ساڵ پێش لەگەڵ پوتین لە ژووری کارەکەیدا بە تەنیا ماینەوە. پێم وت کاتێ سەیری ناوچاوانت دەکەم، پێم وا نییە ڕۆحت هەبێ بەڵام ئەو سەیرێکی دواوەی کرد و وتی ئێمە لێک تێدەگەین".

بایدن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا بەو جۆرەی کە پوتین دەناسن، پێتان وایە ئەو بکوژە؟ وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسەیە وتی: "بەڵێ بەو جۆرە بیر دەکەمەوە".

پاشان بایدن وتی پێی وایە گرنگترین فاکتەر لە دانوستان لەگەڵ ڕابەرانی دەرەکیدا، ناسینی کەسایەتی ئەوانە و هیوای خواست ڕووسیا و ئەمریکا بتوانن سەبارەت بە نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی چەکە ئەتۆمییەکان پێکەوە هاوکاری بکەن.

سه‌رچاوه‌: یورۆنیوز
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین