ڕۆحانی نەیارە ناوخۆییەکانی بە خیانەت تۆمەتبار دەکات ئێران

نوچه‌نێت

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران هەوڵدان لە ئاراستەی درێژبوونەوەی گەمارۆکانی بە خیانەت ناوبرد و نەیارە ناوخۆییەکانی خۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە کێشە و ئاستەنگ دروست دەکەن بۆئەوەی گەمارۆکان هەڵنەوەشێنەوە.

بە پێی هەواڵێکی "ئێران وایەر"، ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەم ١٧ی ئادار لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا وتی: "هەر لایەن، ڕەوت یان گرووپێک کە ببێتە هۆی ئەوەی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان بۆ یەک کاژێریش درەنگ بکەون، بە هەر پاساوێک بێت، خیانەتێکی گەورە لە گەلی ئێران دەکات و ئەوە ئابڕووچوونێکی هەتاهەتاییە بۆ ئەو لایەن و ڕەوت و گرووپە و لە مێژووی ئێراندا دەمێنێتەوە".

سەرۆک کۆماری ئێران بە وتنی ئەوەی کە ئێستا هەلومەرج بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لە هەموو کات ئامادەترە، وتی: "ئەمریکییەکان چەندین جار ڕایانگەیانووە ڕێگای ئیدارەی پێشوو هەڵە بووە، سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار تووشی شکست هاتووە و ڕایانگەیاندووە دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنەوەی بەڵێنەکانیان بە پێێ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی. هەڵبەت بۆ ئێمە بە تەنیا قسەکردن بەس نییە و چاوەڕوانی کردەوەی ئەوانین".

ڕۆحانی وتی: "شەوی نەورۆزی ١٤٠٠ه و ئەو دیارییە کە نەیاران دەتوانن بە خەڵکی بدەن ئەوەیە دەست لە تێکدان هەڵبگرن و ئەگەر ئەو کارە بکەن، حکومەتیش دەزانێ و توانای ئەوەی هەیە بە باشی کۆتایی بە گەمارۆکان بێنێت".

سەرۆک کۆماری ئێران پێشتریش نەیارانی خۆی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە دەیانەوێ بە مەبەستی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییدا، هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی تا کۆتاییهاتنی ئیدارەکەی ئەو بخەنە دواوە".

هەر لەو پەیوەندییەدا، "جان ئێف لۆدریان"، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆژی سێشەمە ١٦ی ئادار وتبووی دۆخی ناوخۆیی ئێران لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە لە مانگی حوزەیراندا ڕێگرە لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

حەسەن ڕۆحانی لە قسەکانیدا داوای کرد ئەوانەی لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکاندا ئاستەنگ درووست دەکەن "تۆبە" بکەن. سەرەڕای ئەوە، "عەلی خامنەیی"، ڕابەری کۆماری ئیسلامی دژایەتی گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی کردووە پێش ئەوەی گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە.

خامنەیی پێشتر وتبووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەتا دەبێ هەموو گەمارۆکانی سەردەمی ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە و ئێران دوای دڵنیابوونەوە لەوە، بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ دەکات.

"جۆ بایدن"، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی پێش گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ڕەت کردووەتەوە.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین