ئۆكرانیا به‌ راپۆرتى ئێران له‌ كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌كه‌ رازى نییه‌ ئێران

نوچه‌نێت

ڕێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران دەرئەنجام دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک ساڵ لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە لایەن سیستەمی بەرگریی سوپای پاسدارانەوە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی لەو بارەوە بڵاو کردەوە و تەنیا "کارمەندێکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی" بە تاوانبار ناساند. وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا خێرا بەرپه‌رچی ئەو ڕاپۆرتەی دایەوە و وتی ئێران هێشتا ڕاستییەکان سەبارەت بە فڕۆکە ئۆکرانییەکە دەشارێتەوە.

بە پێی هەواڵی "ڕادیۆ زەمانە"، دمیترۆ کولبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەم ١٧ی ئادار دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کۆتایی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران دەربارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ لەو ڕاپۆرتەدا بڵاوكراوە و بینیمان شتێک نییە جگە لە هەوڵێکی ڕەشبینانە بە مەبەستی شاردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەمان".

کولبا وتیشی: "ڕێگا نادەین ئێران ڕاستییەکان بشارێتەوە، ڕێگا نادەین لە بەرپرسیاریەتی ئەو تاوانە خۆی بدزێتەوە. هەر چەندە هەوڵ و کاتی پێویست بێ دواجار دادپەروەری سەر دەکەوێت".

 دمیترۆ کولبا:
ئێران راستییه‌كان ده‌شارێته‌وه‌

ڕێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران چەند کاتژمێر پێش ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکرانییەکەی لە ٢٨٥ لاپەڕەدا بڵاو کردەوە. ئەو ڕاپۆرتە لە حاڵیکدا بڵاو دەکرێتەوە کە زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت.

فڕۆکەی مه‌ده‌نى بوینگ ٧٣٧ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا، بەرەبەیانی چوارشەمە ٨ی شوباتی ٢٠٢٠ دوای هەڵسان لە فڕۆکەخانەی تاران بەرەو کیێف بە دوو مووشەکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران کرایە ئامانج و ١٧٦ سه‌رنشین لەگەڵ ژنێكى دووگیان، لانیکەم ١٣٩ سه‌رنشینى ئەو فڕۆکەیە ئێرانی و ٥٧ کەسیان ئێرانی- کەنەدایی بوون. بەرپرسانی ئێران دوای سێ ڕۆژ حاشاکردن لە هەقیقەتی ڕووداوەکە، ڕۆژی ١١ی شوبات دانیان بە هاوێشتنی مووشەک لە لایەن سیستەمی بەرگریی سوپای پاسدارانەوە نا بەڵام وتیان ئەوە "هەڵەی مرۆیی" بووە.

ڕێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران لە یەکێک لە بەندەکانی ئەو ڕاپۆرتەدا نووسیویانە: "کارمەندێکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەرگرتنی بڕیار لە ناوەندەوە بێت بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەو ئامانجەی بینیویەتی دوژمنە و لە کاتژمێری ٦ و ١٤ خولەک و ٣٩ چرکەدا مووشەکێک و لە کاتژمێر ٦ و ١٥ خولەک و ٩ چرکەدا مووشەکی دووەمی بەرەو فڕۆکەکە هاوێشتووە".

بەمجۆرە بەرپرسیاریەتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە کەوتووەتە ئەستۆی "کارمەندێکی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی". 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین