داهـاتـووی نـەوت لـە 5 سـاڵـی داهـاتـوودا ئابووری جیهان
سیاسەتی خواست وخستنەڕووی ئێستای نەوت، پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی خواستی جیهانی تا ساڵی 2026 بە هەڵكشاوی دەهێڵیتەوە، بەڵام گۆڕانە جیۆسیاسییەکانی، ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، دەتوانن گۆڕانکاری بەسەر ئەژمارەکاندا بهێنن.

نوچەنێت 

 ناوەندی وزەی جیهانی ( IEA )، لە ڕاپۆرتێکیدا، پێشبینییەکانی بۆ خواستی نەوت تا ساڵی 2026 خستەڕوو، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ "بە گوێرەی ڕێساکانی خواست و خستنەڕووی نەوت، خواستی جیهانی بۆ نەوت تا ساڵی 2026 لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە". بەڵام ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە، کە ئەم بەرزبووەنەوەیە ناگەڕێتەوە بۆ کێڕڤەکانی پێش پەتای کۆرۆنا، تا کۆتاییەکانی ساڵی 2023.

 بـە واتـایـەکـی تـر، خواستی جیهانی بۆ نەوت تا دوای ساڵی 2023، ناتوانێت گەشەی تەواوەتی بە خۆیەوە ببینێت. ناوەندی (IEA)، پێشبینیی دەکات خواستی نەوت لە ساڵی 2021ـدا، ڕۆژانە 96.5 میلیۆن بەرمیل بێت، واتە زیاترە لە خواستی ڕۆژانەی جیهان، بۆ نەوت لە 2020ـدا، کە 91 میلیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە، بەراوردکردنی خواستی نەوت بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە 2019ـدا، کەمبوونەوەی خواستە بە رێژەی 9 میلیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.

 هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە خواستی نەوت لە نیوەی دووەمی ساڵی 2021ـدا، بە ڕێژەی 5.5 میلیۆن بەرمیلی ڕۆژانە زیاد دەکات، ئەمەش دوای زیادبوونی ڕێژەی پێکووتەی دژی کۆرۆنا و کرانەوەی بازاڕەکانی جیهانی دەبێت. 

گـەشـەی خـواستـی نـەوت

 پێشبینییەکانی ناوەندی وزەی جیهانی، بۆ 5 ساڵی داهاتوو، بەرزبوونەوەی ڕێژەی خواستە، بۆ زیاتر لە 4.4 میلیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بەراورد بە ساڵی 2019، چونکە خواستی جیهان بۆ نەوت لە ساڵی 2022، بۆ زیاتر لە 99.4 میلیۆن بەرمیل و، بۆساڵی 2023، زیاتر لە 101.2 میلیۆن بەرمیل بەرز دەبێتەوە. بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهان و، هەڵکشانی داهاتی کەسی تاک، خواستی نەوت بۆ 104.1 میلیۆن بەرمیل لە 2026 بەرزدەکاتەوە، لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە وڵاتانی ئەندام، لە ڕێکخراوەی OECD، بە تایبەت وڵاتە ئەورووپییەکان، خواستیان بۆ نەوت کەمتر دەبێتەوە، بەرامبەر بە ڕێژەی خواست پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا

ڕێژەی خواستی جیهانی لە 2019 بۆ 2026 لە ڕۆژێکدا

بـەکـاربـردنـی بـەنـزیـن و پـێـکـهـاتـەکـانـی تری وزە 

ناڕێکی و ناسەقامگیری، خواستی بەرهەمە سوتەمەنییەکان، ئاستەنگی خستووەتە بەردەم، پێوەرەکانی گەشەی ئەو جۆرە سوتەمەنییانە لە جیهاندا، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ناوەندی وزەی جیهانی، خواستی وڵاتانی جیهان، بۆ بەنزین و جۆرەکانی سوتەمەنی، خاو دەبێت لە گەشەکردن، تا ساڵی 2024، ناگات بەو ئاستەی ساڵی 2019، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار لەوانە: سستی گەشتەکانی نێوان وڵاتان بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، هەروەها زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی دۆستی ژینگە، جگە لە پەرەسەندنی پرۆسەی کۆبوونەوە و کۆنفراسەکان بە شێوازی ئەلکترۆنی، کە کاریگەری زۆر لەسەر خواستی ئەو جۆرە وزانە جێدەهێڵن. 

خـستـنـەڕوو لە دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لەو بڕوایەدایە کە ئاستی خستنەڕووی وزە لە دەرەوەی وڵاتانی ئۆپێک، لەئەم ساڵدا دەگاتە 63.9 میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2020، کە 63.1 میلیۆن بەرمیلە زیاد دەکات.

لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم خستنەڕوویە لەلایەن وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک پێشنیازکراوە و، کەمترە لە ساڵی 2019، کە 65.6 میلیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، بەڵام پێشبینییەکان بۆ بەرهەمهێنان و خستەڕووی ئەو وڵاتانە لە بەرزبوونەوەدایە، بۆ 67.7 میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 

ئەم سیاسەتەی وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک، کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە داهاتوودا دروست دەکەن، بۆیە پێشبینییەکان بۆ نرخی نەوت لە داهاتوودا، مانەوەیە لە ئاستێکی ناوەند، چونکە وێڕای دابەشکردنی ڕێژەیەکی بەرچاوی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەڵام تاوەکوو ئێستا ڕێژەیەکی زۆری نەوت لە کۆگاکان کەڵەکەبووە، هەروەها سیستەمی وڵاتانی ئۆپێک پلەس، بۆ ڕێژەی خستەڕووی نەوت بۆ بازاڕەکان کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت دروست دەکات لە داهاتوودا.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین