ئێران هه‌ولى داوه‌ له‌ناو ئه‌مریكا دوو زه‌بر بوه‌شێنێت ئێران

نوچه‌نێت

ماڵپەڕی "بی بی سی فارسی" بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتێکی هەواڵنێری ئاسۆشیتێد پرێس لە زمانی دوو بەرپرسی هەواڵگریی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە فەرماندە باڵاکانی فه‌یله‌ق قودسی سه‌ربه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران لە مانگی شوباتدا چەند پلانیان بە مەبەستی وەڵامدانەوە بە تیرۆری قاسم سلێمانی تاوتوێ کردوون و سەبارەت بە هێرشبردن بۆ سەر بنکەی سەربازیی فورت مەک نیز لە واشنتۆن و تیرۆری فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە. ناوی ئەو دوو بەرپرسەی بەشی هەواڵگریی کە ئەو زانیاریانەیان ڕادەستی ئاسۆشیتد پرێس کردووە ئاشکرا نەکراوە.

گفتوگۆکانی سوپای پاسداران کە ئاژانسی ئاسایشیی نیشتمانی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا شوێنی گرتوون نیشاندەری ئەوەن کە بەرپرسانی سوپا دەربارەی "هێرشێک هاوشێوەی ئەو هێرشە کرایە سەر پاپۆری یو.ئێس. ئێس کول" بۆ سەر بنکەی فورت مەک نیز گفتوگۆیان کردووە. لەو هێرشەدا کە بەرپرسیاریەتی خرایە ئەستۆی ئەلقاعیدە بەلەمێک پڕ لە تەقەمەنی بووە هۆی تەقینەوەی ئەو پاپۆرە کە لە کەنداوی عەدەن لە یەمەن جێگیر ببوو و ١٧ مەلەوانی ئەمریکیی گیانیان لە دەست دا.

قسەکانی بەرپرسانی سوپای قودس هەروەها هەندێ گفتوگۆ سەبارەت بە تیرۆرکردنی جەنراڵ جوزف مارتین و چۆنیەتی نفوزکردن بۆ ناو بنکەی مەک نیز و چاودێریکردنی ئەو بنکەیە لە خۆ دەگرن. جێگای ئاماژەیە ئەو بنکەیە کە یەکێکە لە کۆنترین بنکەکانی ئەمریکا شوێنی دانیشتنی جەنڕاڵ مارتینە.

فەرماندەکانی فه‌یله‌ق قودس لە قسەکانی خۆیاندا کە لە لایەن ئەمریکاوە شوێنگیری کراون هەروەها دەڵێن کە فەرماندە باڵاکان لە تاران لە شێوازی وەڵامدانەوەی و تۆڵەسەندنەوەی دوای مه‌رگی قاسم سلێمانی و لەوانە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق ڕازی نەبوون.

وەزارەتی بەرگریی، ئاژانس و ئەنجوومەنی ئاسایشی گشتیی ئەمریکا تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بەو هەواڵە نەداوە.

سوپای ئەمریکا ئێستا ڕێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی ئەو بنکەیە کە لە پاڵ گەڕەکی تازەکراوەی واترفرانت لە واشنتۆن هەڵکەوتووە، بەرز کەردووەتەوە. ڕێژەی گەڕان لە کەنارەی دەریای زیاتر کردووە و هاتوچۆی سنووردارتر کردووە و چەندین کامێرای بە مەبەستی چاودێریکردنی ئاوەڕۆکانی واشنتۆن داناوە.

بەرپرسانی شاری واشنتۆن لەگەڵ سوپا کە هەوڵ دەدات بە درووستکردنی هەرێمێکی جیاکەرەوە ئاسایشی زیاتر بۆ ئەو بنکەیە دابین بکات لە کێشمەکێشدان. بەرپرسانی شار و هاوڵاتیان ئەو هەوڵەی بەرپرسانی سوپا وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی ژینگەی گشتیی شار دەبینن. پلانی درووستکردنی ئەو هەرێمە جیاکەرەوە دوو ساڵ پێش ئێستا هاتە ئاراوە بەڵام دەسپێڕاگەیشتن بەو زانیارییە نوێیانە بووەتە هۆی ئەوەی سوپای ئەمریکا هەمدیسان داوای جێبەجێکردنی ئەو پلانە بکات.

سوپا هەندێ زانیاریی ناڕوونی سەبارەت بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەو بنکە بڵاو کردووەتەوە. جەنڕاڵ عمر جونز، فەرماندەی هەرێمی کۆلەمبیا لە واشنتۆن وتوویەتی بە پێی سەرچاوە "جێ متمانە و تایبەتەکانی" فەرماندە سەربازییەکان کە لەو بەشەی واشنتۆندا دەژین، ژیانیان لە مەترسیدایە.

تاقە هەڕەشەیەک کە جەنڕاڵ جونز ئاماژەی پێکرد ئەوە بوو کە مەله‌وانێک چووەتە ناو بنکەی فورت مەک نیز و دەستبەسەر کراوە.

بەڵام ئەلنور هێلمز نورتون تاقە نوێنەری شاری واشنتۆن لە کۆنگرێسی ئەمریکا وتی: "سەبارەت بە مەلەوانەکە، گومانێکم نییە کە ڕووداوێکی دەگمەنە. ئایا ئەو مەلەوانە دەیزانی لە کوێیە؟ لەوانەیە تەنیا مەلەی کردبێت و کتوپڕ خۆی لەو بنکەیە بینیبێتەوە؟".

جەنڕاڵ جونز ئەوەی قەبووڵ کردووە کە ئەو مەلەوانە "نموونەیەکی زۆر باش نەبوو" بەڵام تاقە به‌ نموونە نەبووە بەڵکو دوایین نموونەی پێشێلکردنی هێڵەکانی پاراستنی ئاسایش لەو بنکەیەدا بووە.

بە وتەی خاتوو هێلمز وەزارەتی بەرگریی هیچ بەڵگە یان زانیارییەکی لەو بارەوە ڕادەستی ئەو نەکردووە.

ئاوەڕۆی واشنتۆن کە شوێنی پێکگەیشتنی دوو ڕووباری شارەکەیە، شوێنی هاتوچۆی هەزاران بەلەمی بچووک و کەشتییە گەشتیارییەکانە کە ژیان و کاری هەزاران کەس بەوانە بەستراوەتەوە. ئەو ناوچەیە جگە لە سێ ئەسکەلە و گەڕەکێکی تازەکراوە و لۆکس و بنکەی سەربازیی، شوێنی جێگیربوونی ئەو چەکدارانەی سەر بە هێزی ئاسمانییە کە پاراستنی ئەو کۆپتەرانەیان لە ئەستۆیە کە سەرۆکەکانی ئەمریکا کەڵکیان لێ وەردەگرن. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین