دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئێران

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو و بەڵگەنامەکان، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 21 ی ئاداری ٢٠٢٠ تا ٢١ ئاداری ٢٠٢١ بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٥٦ هاووڵاتیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون و زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٤٩ کەسیان حوکمی سێدارەبەندکرانولێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ٣٦ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و ٤١ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ٢٢ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە لە پارێزگای ئورمیە ١٩ حاڵەت (١٩ پیاو)، لە پارێزگای سنە ١٧ حاڵەت (٢ ژن و ١٥ پیاو)، لە پارێزگای کرماشان ٩ حاڵەت (٩ پیاو)، لە پارێزگای لوڕستان ٩ حاڵەت (٩ پیاو)، پارێزگای ئیلام ١ حاڵەت (١ پیاو) و لە پارێزگای مازەندەران ١ حاڵەت (١ پیاو) لە سێدارە دراون.

٤ کەس لەوانە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسیی، ٤٨ کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، ٤ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٣٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٦٧ کەسیان کوژراون و ١٧١ کەسیان بریندار بوون. زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی کە ١٠١ حاڵەت بووە. هەروەها ١٩٩ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران و تورکیا بوونەتە قوربانی و باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سروشتی و تەقینەوەی مین  بووە.  لەو ژمارەیە ١٦ کەسیان بە دەستی هێزەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی کە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١١ کەسیان بریندار بوون.
لە پارێزگای ئورمیە ١٠١ کۆڵبەر، لە پارێزگای سنە ٧٢ کۆڵبەر و لە پارێزگای کرماشان ٦٥ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لانیکەم ٣٦ هاوڵاتیی مەدەنی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٢٠ کەسیان بریندار بوون.

هەر لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا ٤١ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی. لەو ژمارەیە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٣١ کەسیان بریندار بوون و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون کە ٢٠ حاڵەت بووە. هەروەها ١٨ کەس لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و ٣ هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی.

سەبارەت بە دۆخی بەندیخانەکان ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی هەنگاو باس لەوە دەکات کە لانیکەم ٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ٩ حاڵەتی بە هۆی تووشبوون بە پەتای کرۆنا بووە. هەروەها ٦ هاووڵاتی لە ژێر ئەشکەنجەی دەزگاکانی ئاسایش گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەکیش دوای دەستبەسەر کران بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

هەر لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها لەو ژمارەیە ٣٣ کەسیان ژن و ١٣ کەسیان مێرمنداڵ، ٩ کەسیان خوێندکار، ٣ کەسیان پارێزەر، ٣ کەسیان مامۆستای قوتابخانە و ٩ کەسیان ڕۆژنامەنووس و میدیاکار بوون.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لانیکەم ١٤٩ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و حوکمی سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە. ١٤٧ چالاکی کورد سەرجەم سزای ٤٨٣ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران و دوو چالاکی دیکەش سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە. هەروەها ٣٢ کەسیان سەرجەم سزای لێدانی ١٢١٢ قامچییان بەسەردا سەپاوە . هەروەها لانیکەم ١١ چالاکی ژنی کورد لەلایەن دادگاکان ئێرانەوە سەرجەم سزای ٥٢ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و هەروەها لێدانی ٣٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە کە ٨ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ٣ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی دادگایی کراون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین