كاریگەری پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئازەربایجان لەسەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل راپۆرت و شیکاری

ئامادەكردنی: ئیسماعیل تەها

زۆرجار لێرە و باس لە ئەگەرى جەنگى ئێران ــ ئيسرائيل و گواستنەوەى بۆ گۆڕەپانى هەرێمى كوردستان دەكرێت، بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنى تايبەتمەندييەكانى پەيوەندى ئێران لەگەڵ عێراق و بەشێكى گرنگى هەرێمى كوردستان، لەلايەكى تريشەوە ئاڵۆزييەكانى نێوان ئازەربيجان و ئێران و پەيوەندى دۆستانەى ئيسرائيل و ئازەربيجان بەتەواوى پشتگوێخراوە، تا ئێستا زۆربەی راپۆرت و شیكارییەكان باس لە هەڵگیرسانی جەنگی ئەو دوو وڵاتە لەسەر خاكی ئازەربایجان دەكەن.

دامەزراندنى كۆمارى ئازەربيجان

كۆماری ئازەربایجان یەكێكە لەو كۆمارانەی لەدوای لێكهەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت جارێكی تر سەربەخۆی خۆی رایگەیاند، لەگەڵ راگەیاندی ئیسراءئیل یەكەم وڵات بوو دانی بەسەربەخۆیی دانا و پەیوەندییە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی لەگەڵ بەهێزكرد.

لە (18)ى ئايارى (1918) محەمەد ئەمين رەسووڵزادە، سەرۆكى ئەنجوومەنى شووراى نيشمانى ئازەربيجان كۆمارى ئازەربيجانى دامەزارند، لەدواى دوو ساڵ سۆڤیەت داگیری كرد، ئەوەش وایكرد بۆ ماوەى (70) ساڵ لەژێر دەسەڵاتى يەكێتى سۆڤيەت بمێنێتەوە، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە خەڵكی ءئەو وڵاتە هەرگيز ئەوەيان لەبير نەچووبۆوە، كە وڵاتێكيان هەيە، بەدەر لە ئاين و نەتەوە و رەگەز، مافى يەكسان بەهەموو هاونيشتيمانيان دەبەخشێت.

لە (20) كانوونى دووەمى (1990) سوپاى سۆڤيەت هێرشى كردە سەر باكۆى پايتەخت و پارێزگاكانى تر كۆمەڵكوژیەكى گەورەى ئەنجام دا، ئەوەش جارێكى متمانەى گەلى ئەو وڵاتەى بە يەكێتى سۆڤيەت لاوازكردەوە، بۆيە دەستيان بە هەوڵدان بۆ سەربەخۆيى كردەوە.

ئازەربایجان تاكە وڵاتی شیعەیە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزە

لە (30) ئابى هەمان ساڵ ئەنجوومەنى باڵاى ئازەربيجان، كە يەكسان بە (پەرلەمان) سەبەخۆى قبووڵكرد، لە مانگى ئەيلوول دواى چەند دانيشتنێك گفتوگۆ لەسەر رايگەياندنى سەربەخۆيى و جيابوونەوە لە يەكێتى سۆڤيەت، سەربەخۆيي يەكجارى راگەێندرا.

لە (18) تشرينى يەكەمى (1991) جارێكى وەك وڵاتێكى سەربەخۆ خۆى راگەياندەوە، لە هەمان كات دەستوورى كۆمارى سەربەخۆى ئازەربيجان لەلايەن ئەنجوومەنى باڵاوە پەسەندكرا.

لە (29)ى كانوونى دووەمى (1991) دەستوور خرايە راپرسييەوە گەلى ئازەربيجانى بڕيارى سەربەخۆيى خۆى دا.

پەيوەندييەكانى ئازەربيجان و ئيسرائيل 

لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو داود بن گۆرین، یەكەم سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سیاسەتێكی ستراتیژی گشتی پەرەپێدا، ئەویش بونیادنانی پەیوەندی بەهێز بوو لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە دوژمنەكانی وڵاتەكەی نزیكن، لەسەر ئەو بنەمایە كاتێك یەكێتی سۆڤیەت روخا ئیسرائیل بەرژەوەندی خۆی لە دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ئازەربایجان بینیەوە، بەهۆی ئەوەی لە سنوورەكانی ئێرانەوە نزیك بوو، لە هەمان كاتیش وڵاتێكی خاوەن نەوت بوو.

هەر زوو ئیسرائیل لە هەموو ئاستەكان پەیوەندییەكانی لەگەڵ باكۆ بەهێز كرد، لە ساڵانی (1992 تا 1995)  لەسەردەمی حكومەتی ئیسحاق رابین، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە باكۆ كردەوە.

ئازەربایجان بە وڵاتێكی گرنگ لە پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئیسرائیل دادەندرێت و جێگەی ئێرانی گرتۆتەوە، كە لە ساڵی (1979)وە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران پچڕاوە، پێشتر تاران پەیوەندی لەگەڵ تەلئەبیب بەهێز بوو، ئێستا باكۆ شوێنی ئەو دەوڵەتە شیعەی پێشوو بۆ ئیسرائیل گرتۆتەوە، كە لە (40%) نەوتی بە نرخێكی هەرزان بۆ دابین دەكات.

لەدواى جيابوونەوەشى لە یەكێتی سۆڤیەت، ئيسرائيل يەكەم وڵات بوو لە (25) كانوونى دووەمى ساڵى (1991) دانى بەسەربەخۆيى ئەو وڵاتە نا.لە حەوتى نيسانى (1992) پەيوەنديى ديپلۆماسى نێوان ئيسرائيل و ئازەربيجان دەستى پێكرد، ئەوەش پێچەوانەى خواستى زۆربەى خەڵكى ئەو وڵاتە بوو، چونكە زۆرينەى خەڵك پاڵپشتى دۆزى فەڵەستينيان دەكرد.

تستراتیژی ئیسرائیل ئەوەیە لە خاكی دوژمنەكانی نزیك بێتەوە

لە جەنگى يەكەمى ناگۆڕنى كەرەباخى كە لەنێوان ئەرمينيا و ئازەربيجان هەڵگيرسا، ئيسرائيل بەهەموو جۆرێك هاوكارى دەسەڵاتدارانى باكۆى كرد.

بەپێیى ياداشتێكى ديپلۆماتى ئەمەريكى كە لە ساڵى (2009) ماڵپەڕى ويلكيكيس بڵاويكردۆتەوە ئيلهام علێف، سەرۆكى ئەو وڵاتە پەيوەندى وڵاتەكەى لەگەڵ ئيسرائيل بە كێوێكى بەستەڵەكى ژێر دەريا وەسف دەكات، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ پەیوەندی بەهێزی ئەو وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل.

وزە بنەمای سەرەكی پەیوەندییەكان

پەيوەندى لەسەر ئاستى وزە، ئەو پەيوەندييە بنەماى سەرەكى نێوانيانە، ئيسرائيل لە رێگەى هێڵى باكۆ بۆ بەندەرى جيهان نيوەى پێداويستى نەوتى ئيسرائيل دابين دەكات.

ئەوە جگە لەوەى نزيكەى (30) هەزار جوو نيشتەجێى باكۆك و ناوچەى باكوورى ئەو وڵاتەن. جووەكان شانازی بەوە دەكەن رێژەیەكی زۆریان لە ئازەربایجان و كاریگەری گەورەیان لەو وڵاتە هەیە، بە ئازادی پەیڕەوی بە بنەما ئاینییەكانی خۆیان دەكەن. 

هەروەها لە  بوارى بازرگانى و ئاسايش و ئاڵوگۆڕى كلتوورى و فێركردن پەیوەندی ستراتیژییان هەيە، لە مانگى ئابى (1997) پەيوەنديان نێوانيان چووە قۆناغێكى نوێ، بنيامين ناتەنياهۆ، سەرۆك وەزيرانى ئەو كاتەى ئيسرائيل سەردانى باكۆى كرد، ئەو سەردانە لەچوارچێوەى پەيوەندى سەربازى و هەواڵگرى بوو، ئيسرائيل هێزە چەكدارەكارەكانى ئەو وڵاتەى نوێكردەوە، فڕۆكەى جەنگى و مووشەك و چەكى دژە دەنگ مووشەكى باليستى ئيسرائيلى و چەندين چەكى ترى بە ئازەربيجان دا.

لە ساڵى (2009) شيمۆن پيرێز، سەرۆكى ئەو كاتەى ئيسرائيل سەردانى ئازەربيجانى كرد و پەيوەندييە سەربازييەكاني نێوان فراوانتر كرد.

لە ساڵى (2011) كۆمپانياى (Azad systems) بە هاوبەشى لەگەڵ حكومەتى ئازەربيجان دامەزراند.

لە ساڵى (2010) ئیلهام علێف سەرۆكى ئەو كاتەى ئازەربيجان، بريارى قەدەغەكردنى ڤيزەى وڵاتانى لە  فڕۆكەخانە نێودەوڵەتييەكان دەركرد، ئەو بڕيارە تەنيا ئيسرائيل و توركياى نەگرتەوە.

لە (2012) هەردوو وڵات رێككەوتنێكيان بە بڕى يەك مليار و (600) مليۆن دۆلار بۆ فڕۆكەى بێفڕۆكەوان و سيستەمى بەرگرى و مووشەكى دژە فڕۆكە واژۆكرد.

ئازەربایجان لە (40%)ی نەوتی ئیسرائیل دابین دەكات

لە هەموو ململانێكانى نێوان ئەرمينيا و ئازەربيجان ئيسرائيل هەموو پاڵپشتيەكى باكۆى كردووە، ئەرمينياش ئيسرائيل بە هۆكارى هەموو ناكۆكييەكان دەزانێت.

لە مانگى كانوونى دووەمى (2019) ئازەربيجان يەكەم وڵات بوو فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى جۆرى (Sky Striker kamikazes) لە ئيسرائيل كڕى.

پەيوەندى هەواڵگرى

لە ساڵى (2001) حەيدەر علێف، سەرۆكى ئەو كاتەى ئازەربيجان رايگەياند، لەگەڵ ئيسرائيل  بەرانبەر تيرۆرى نێودەوڵەتى هاوهەڵوێستن، بەگوێرەى ئەو هاوڕاييە دەزگا هەواڵگرييە جۆراوجۆرەكانى ئيسرائيل لە ئازەربيجان بوونيان هەيە، زانيارى هەواڵگرى كۆدەكەنەوە.

پەيوەندى ئێران و ئازەربيجان

لەسەرەتاكانى سەدەى (16)ى زاينى ئازەربيجان لەژێر دەسەڵاتى ئيمپڕاتۆڕى سەفەويى بوو، پاشان گوزاريەوە بۆ ژێر دەسەڵاتى عوسمانييەكان، بەڵام لە سەدەى (17) نەياتوانى پارێزگارى لەو گواستنەوەيە بكەن.
لە (1828) بەگوێرەى پەيماننامەى توركمانجاى نێوان رووسيا و دەوڵەتى قاجاڕى ئێران، خاكى ئازەربيجان دابەشكرا، بەشى ئێستاى كەوتە ژێر دەسەڵاتى رووسيا، بەشى باشوورى بووە بەشێكى دەوڵەتى قاجارى.

سەربەخۆى ئازەربيجان لە رووسيا لە (1991) بووە ئاڵنگەرى بۆ ئێران، ئێران راستەوخۆ دەستى بە گرتنەبەرى رێكارى نوێ كرد، بۆ كۆتبەندكردنى پەيوەندى نێوان ئازەرييەكانى باكوورى ئێران ئازەربيجان، بەتايبەت جووڵانەوەى نەتەوەيى لە ئازەربيجان پاڵپشتى جيابوونەوەى ئازەرييەكانى ئێرانى دەكرد، ئەوەش وەك درێژبوونەوەى نەتەوەيى نێوان ئازەرييەكانى هەردوو وڵات، ئەوەش بووە هۆكارى بەهێزبوونى گوتارى نەتەوەيى نێوانيان و خواستى جيابوونەوەى ئازەرييەكان لە ئێران و دروستبوونى دەوڵەتێكى يەكگرتوو لەگەڵ ئازەربيجان.

هۆكارى ناكۆكييەكان

بەگوێرەى ئامارە جياوازەكان ژمارەى دانيشتوانى ئێران (84) مليۆن كەسە، ئازەرييەكانى ئێران رێژەى لە  (15-20%) دانيشتوانى ئێران پێكدەهێنن، ئەوەش وايكردووە ببن بە بە دووەم نەتەوەى ئەو وڵاتە، كە لە باكوورى رۆژئاواى ئێران نيشتەجێن، لە پارێزگارى ئازەربيجانى نزيك باشوورى ئازەربيجانى سەربەخۆ.

ئێران ترسی لە جیابوونەوەی ئازەرییەكانی وڵاتەكەی هەیە

لە (2002) (جووڵانەوەى نيشتيمانى بۆ ئازەربيجانى باشوور) دامەزرا، لە (2013) ئازەربيجان ميواندارى كرد، ئەوەش بووە دروستبوونى ناكۆكى ديپلۆماسى، بەهۆى ئەوەى چەند چالاكييەكيان ئەنجامدا، گفتوگۆيان لەسەر پرسى ئازەرييەكانى ئێران و جيابوونەوەى چوار پارێزگاكانى (ئازەربيجانى رۆژهەڵات و رۆژئاوا و زەنجان) لەگەڵ ئازەربيجانى باشوور يەك بگرن، هەروها لە ئازەربيجان پارت و رەوتى نەتەوەيى هەن پاڵپشتى لە كۆمەڵە ئازەرييەكانى ئێران دەكەن و داوا دەكەن لە ژێرانى كۆمارى ئازەربيجان يەك بگرن. 

جەنگى ئەرمينيا و سەرهەڵدانەوەى ناكۆكييەكان

ديارترين رووداوێك كە ئاڵۆزى لەناوخۆى ئێران دروستكردبێت، رووخانى يەكێتى سۆڤيەت و سەربەخۆيى ئازەربيجان بوو، لە ساڵى (1991) هەندێك لە بەرپرسانى ئێران داوايان كرد ئازەربيجان خاكى دێرينى ئێرانە، پێويستە بگەڕێتەوە سەر ئێران، پاساويان لەو كاتەشدا ئەوەبوو، بەهۆى ئەوەى كەمينيەكى تورك لەو وڵاتە هەيە مەترسى ئەوەيە ئەو كەمينيە كاريگەرى لەسەر بە تورككردنى ئێران بكات، كە ئەوەش بۆتە سەرچاوەى بەردەوامى تاران، بەهەموو رێگەكان هەوڵدەدا لەو كاتەدا جەمسەرگيرى ئازەربيجان لە چوارچێوەى سياسى لەخۆى بگرێت، لەوكاتەشدا ئازەربيجان هەوڵى دەدا دڵنيايى بدات بە ئێرانييەكان هيچ خواستێكى نييە دەستوەرداتە كاروبارى ناوخۆى سياسى ئێران و دروستكردنى ئازەربيجانى يەكگرتوو هيچ بنەمايەكى نييە.

لەدواى هەڵگيرسانى جەنگى كەرەباخ لە (1992) گەورەترين نيگەرانى ئێران لە دروستبوونى ئازەربيجانى گەورە ئەوكاتە دەستى پێكرد كاتێك ئەبوو فەزڵ جيبى بوو بەسەرۆكى ئازەربيجان، كاتێك داواى لە خەڵكى وڵاتەكەى كرد پاڵپشتى ئەو خەڵكە بكەن كە لە باكوورى ئێران ئاوارە بوونەوە بەرەو خاكى ئازەربيجان، پێويستە كەمپ بۆ ئەو پەنابەرانە دروست كرد.

لەو كاتەدا دەسەڵاتدارانى ئێران رەخنەيان گرتوو بەوە تۆمەتبارييان كرد رەچاوى مافى نەتەوەكان ناكات، وەڵامى ئێران بۆ ئەبوو فەزڵ ئەوە بوو كاتێك حەيدر علێف كودەتاى كرد ئێران پاڵپشتى كرد، بەڵام زۆرى نەبرد علێف سيستەمێكى عەلمانى پەيڕەوكرد، پێچەوانەى سياسەتى ئێران بوو. جگە لەوەش ئێران لە ململانێكانى نێوان ئەرمينيا و ئازەربيجان پاڵپشتى يەريڤانى كرد، بەتايبەتيش لە (1994) حەيدەر علێف گرێبەستى گەورەى لەگەڵ كۆمپانيا گەورەكانى رۆژئاوا بۆ دەرهێنانى نەوت واژۆكرد، كە ئەو ململانێيە تا ئێستاش بەردەوامە، ئێرانيش ئەوەى بە باشتر زانى كە ئەو ململانێيە بمێنێتەوە، دواتريش ئێران بەردەوام لە راگەياندنەكان هێرشى توندى دەكردە سەر علێف بە نۆكەرى ئەمەريكا جووى ناودەبرد. 

جەنگی (2020) كاریگەری توركیا و ئیسرائیل

لە (27) ئەيلوولى (2020) جارێكى جەنگى نێوان ئەرمينيا و ئازەربيجان هەڵگيرسايەوە، لەم جەنگەدا هەر يەك لە توركيا و ئيسرائيل لەبەرەى ئازەربيجان بوون، هەر لەسەرەتاوە توركيا پاڵپشتى خۆى بۆ ئازەربيجان راگەياند، فڕۆكەى بێفڕۆكەوانى پێدا، لە (16) تشرينى يەكەم رەجەب تەيب ئەردۆغان داوای لە پەرلەمانی توركیا كرد رەزامەندی لەسەر رەوانەكردنی سوپا دەرببڕن بۆ چاودێریكردنی ئاگربەستی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان. 

لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەو جەنگە دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان رایگەیاند، چەكی ئیسرائیلی لە جەنگی كەرەباخ بەكارهووناوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمینیاش راگەیاند، ناڕەزاییەكانمان گەیاندۆتە باڵیۆزی ئیسرائیل لە یەریڤان و ئەو كارەی ئیسرائیل مایەی قبووڵكردن نییە و پێویستە ئیسرائیل بانگی باڵیۆزەكەی خۆی بكاتەوە، بەڵام ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی داواكەی ئەرمینیای نەدایەوە.

كاتێكیش پرسیار لە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل كرا، رەتیكردەوە ودەكاری فڕۆشتنی چەك بە ئازەربایجان باس بكات.

بەگوێرەی پەیمانگەی ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە، كە ناوەندێكی پێشەنگە لە بواری ململانێ و چەكفرۆشتن ئاشكرایكرد، لە نێوان ساڵانی (2006 بۆ 2019) ئیسرائیل بە بڕی (825) ملیۆن دۆلار چەكی بە ئازەربایجان فرۆشتووە.

هەروەها حكیمەت حاجاییڤ، یاردەدەری سەرۆكایەتی ئازەربایجان لە دیدارێكی ماڵپەڕی واڵای ئیسرائیلی گوتی، وڵاتەكەمان هەندێك فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی لە جەنگی كەرەباخ بەكارهێناوە.

بەگوێرەی گوتەی ئەو بەرپرسەی باكۆ بەهێزترین جۆری فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان لەو ناوچەیە لایە، بەڵام جۆرەكەی دیاری نەكردبوو.

چالاكى هەواڵگرى ئيسرائيل لە ئازەربيجان

لە مانگى شوباتى (2012) ئێران دەسەڵاتدارانى باكۆ بەوە تۆمەتبار دەكات، ئاسانكارى بۆ دەزگاى هەواڵگرى ئيسرائيلى دەكەن.

لە (2012) گۆڤارى فۆريين پۆليسى نووسيويەتى ئیسرائیل شوێنی خۆی لە بنكەی ئاسمانی ئازەربایجان لەسەر سنوورەكانی باكوور دۆزییەوە، ئەوەش نزیكی دەكاتەوە لە وەشاندنی گورز لە ئێران لەسەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردەوە، جێگری سەرۆكی نێردەی دیپلۆماسی ئەمەریكا  لە (2009) لە باكۆ راپۆرتێكی بۆ وەزارەتی دەرەوە ناردوو  لە ناوەڕۆكەكە باس لە لێدوانێكی سەرۆكی ئازەربایجان دەكات، كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بە كێوێكی بەستەڵەك لەژێر ئاو وەسف دەكات.

ناكۆكی تاران و باكۆ لەسەر بوونی هەواڵگریی ئیسرائیلە لەسەر سنوورەكانی ئازەربایجان

بەرپرسانی ئیدارەی باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمەریكا پێیانوایە بەشێك لە هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیل و ئازەربایجان لەبواری ئەمنی شاراوەیە، ئەوەش مەترسیەكانی وەشاندنی گورز لە رێگەی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەكات.

لە (11)ی شوباتی (2013) رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لە خاكی ئازەربایجانەوە زانیاری لەسەر ئێران كۆدەكاتەوە. بەڵام ئێران بڵاویكردەوە ئیسرائیل لەرێگەی ئازرەبایجانەوە پیلان دادەنێت بۆ بەئامانجگرتنی  زانایانی  ئەتۆمی، بەڵام ئازەربایجان ئەو تۆمەتانەی رەتكردەو، بە ناوزڕاندنی ناوبردن، لەبەرانبەردا ئیسرائیل بڵاویكردەوە ئێران هەوڵیداوە مخیایل لوتیم، باڵیۆزی ئیسرائیل لە باكۆ بە ئامانج بگرێت.

لەبەرانبەر ئەو لێدوانانەی ئێران، فوفا گولزادە، راوێژكاری سەرۆكایەتی پێشوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەو رووداوانە وڵاتەكەمان ناچار ناكەن لە ئیسرائیل دوور بكەوینەوە.

ئایان ئازەبایجان دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران؟

بەشێك لە پسپۆڕانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكەن، كە بەهۆی بەهێزی پەیوەندییەكانی نێوان باكۆك و تەلئەبیت ئەگەر هەیە ئازەربایجان ببێتە گۆڕانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران.

رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە ئەمەریكا و ئیسرائیل زنجیرەیەك رێككەوتنی سەربازییان لەگەڵ دراوسێكانی ئێران واژۆكردووە، كە ئازەربایجان یەكێك لەو وڵاتانەیە، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە باكۆ رێگە دەدات ئەو دوو وڵاتە بنكە سەربازییەكانی بەكار بهێنن، ئەوەش بەهۆی نزیكییە لە ئێران.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە سوپای پاسداران ئامادەیە هێرش بكاتە سەر ئەو بنكانە و هۆشداریشی داوەتە وڵاتانی دراوسێ پەیوەندی سەربازی و هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل دروست نەكەن. 

ئێران بە راكشاوانە رایگەیاندووە، وڵاتەكەی هەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەگەڵ ئازەربایجان دەدات، بەڵام قبووڵی هەبوونی ئیسرائیل لە نزیك سنوورەكانی ناكات.

ئێران پارێزگاری لە ئاسایش پێ زۆر بایەخدارترە لە باجی جەنگ لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل، سوپای پاسدارانیش بڕیاری داوە، سامانەكەی بۆ جەنگێكی گشتگیر لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دەست پێ بكات، ئێران پێشی وابوو ئیدارەی ترامپ ئامادەسازی دەكات بۆ رووبەڕووبونەوەی سەربازی. 

نەخشەی سنوورەكانی نێوان ئازەربایجان و ئێران

نیل كۆیلیام، لێكۆڵەر لە چاتام هاوس، ئاماژە بەوە دەكات ئازەربایجان پەیوەندییە سەربازییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بەهێزكردووە، لە داهاتوو رێگە بە سوپای بەرگری ئیسرائیل دەدات راستەوخۆ چالاكى چاودێری دژبە ئێران ئەنجام بدات.

بەرپرسانی سەربازی ئێرانیش لە كەناڵەكانی وڵاتەكەیان رایگەیاند، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیل لە رێگەی ئازەبایجانەوە هێرشیان كردۆتەوە سەر كوورەی نەتینز، بەڵام بەگوێرەی كۆیلیام بۆچوونی بەهێز ئەوەیە ئەو جەنگەی ئیسرائیل دژ بە ئێران نهێنییە.

 د.جەواد هنداوی، سەرۆكی ناوەندی عەرەبی ئەوروپی بۆ سیاسەت و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان پێی وایە ئیسرائیل بیری لەوە كردۆتەوە جەنگێك لەگەڵ ئێران هەڵگیرسێنێت و ئازەربایجان بخاتە ئەم شەڕەوە، ئەوەی بیەوێت جێبەجێی بكات و جەنگەكە بەناوی جەنگی ئێران ئازەربایجان بێت، كاتێكیش جەنگ هەڵگیرسا، ئەمەریكا ناتوانێت رێگە لە فشارەكانی لۆبی جوو  بگرێت بۆ هاوكاری ئیسرائیل، بەڵام ئێران پێی وایە ئیسرائیل ناتوانێت هێرشی سەربازی لە رێگەی ئازەربایجانەوە بكاتە سەری، چونكە یەكەم ئیسرائیل دەزانێت ئێران توانای سەربازی بۆ وەڵامدانەوە بەهێزە. 

لێكۆڵەرانی ئیسرائیل بایەخی زۆر بە وڵاتەكەیان لەگەڵ ئازەربایجان دەدەن

دووەم، رووسیا رێگە نادات هیچ هێرشێكی سەربازی لە ناوچەی ئاسیا نزیك سنووری جوگرافی و سیاسی ئەنجام بدرێت.

ئیهود یەیاری، رۆژهەڵاتناسی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكات، رووداوەكانی ئێران لەسەر سنووری باكوور لەگەڵ ئازەربایجان، كە وڵاتێكی شیعەیە بەڵام هاوپەیمانی ئیسرائیلە، رووداوی گرنگ، گەیشتۆتە ئاستی بەریەكەوتن، ئەوەش سەبارەت بە ئیسرائیل جێگەی بایەخە، بەتایبەت مانۆڕە گەورەكانی ئێران لەسەر سنووری ئازەربایجان، هەروەها بڵاوكردنەوەی لە رێگەی پردەكانی سەر رووباری ئاراسی لەخۆگرتووە، كە هەردوو وڵات لێك جیادەكاتەوە، هەروەها فەرماندەكانی سوپای پاسداران رایانگەیاندووە، بنكەی ئیسرائیل لەناو ئازەربایجان قبووڵ ناكەین، كە چەندین ساڵە تۆمەتەكانی ئێران رەت دەكەنەوە،  پەیامێكی هەڕەشەئامێزە.

ئازەربایجان پێداویستی سەربازی پێشكەوتووی لە ئیسرائیل كڕیووە، باكۆش سەرچاوەیەكی گرنگی نەوتە بۆ ئیسرائیل، كە لە رێگەی جۆرجیاوە پاشان بۆ بەندەری جیهانی توركی لەوێشەوە بۆ ئیسرائیل، تەنانەت سەردانی ئەم دوایەی بێنی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ باكۆ بووە مایەی كاردانەوەی تاران.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین