كۆنگرێسی ئەمەریكا بە مەرج فڕۆكەی ئێف 16 بە توركیا دەدات تورکیە

نوچەنێت

چەند ئەندامێكی دیموكرات و كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا داوایان كردووە، بەبێ رەزامەندی توركیا لەسەر وەرگرتنی سوید و فینلەندا، پاڵپشتی فرۆشتنی فڕۆكەی (ئێف 16) بە بڕی (20) ملیار دۆلار بە توركیا ناكەن.

ئەمڕۆ هەینی (سێی/ شوبات/ 2023) ماڵپەڕی (جەزیرە) بڵاویكردەوە (29) ئەندامی ئەنجوومەنی كۆنگرێس نامەیەكیان ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا كردووە تێیدا ئاماژەیان بەوە كردووە، هەردوو وڵات هەموو هەوڵەكانیان بۆ پابەندبوون بە مەرجەكانی ئەندامبوون لە ناتۆ جێبەجێكردووە، كە توركیا داوای كردبوو، بەڵام ئەنقەرە داوا دەكات سوید هەوڵی زیاتر بخاتەگەڕ.

ئەو ئەندامانە ئاماژەیان بەوەش كردووە، هەركات ئەنقەرە رەزامەندی لەسەر وەگرتنی ئەو دوو وڵاتە دەربڕی، ئەوكات دەكرێت كۆنگرێس بیر لە فرۆشتنی ئەو فڕۆكانە بە توركیا بكاتەوە.

ئەوەش بۆ یەكەمجارە كۆنگرێسی ئەمەریكا بە راشكاوانە و راستەخۆ فرۆشتنی فڕۆكەكان بە توركیا بە وەرگرتنی سوید و فینلەندا لە ناتۆ دەبەستێتەوە.

پێشتر جۆ بایدن چەندین جاری ئەوەی رەتیكردۆتەوە ئەو گرێبەستە پەیوەست نییە بە وەرگرتنی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ، بەڵام دانی بەوەدادنا كە رەزامەندی وەگرتنیان لە ناتۆ رەزامەندی فرۆشتنی فڕۆكەكان بە توركیا ئاسانتر دەكات.

سەبارەت بە هەڵوێستی توركیاش، لە چەند رۆژی رابردوو ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر هەیە رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی فینلەندا پێش سوید دەرببڕن، بەڵام وەزیری دەرەوە و سەرۆكی فینلەندا ئەو بیرۆكەیان رەتكردەوە.

لە مانگی تشرینی یەكەمی (2021) توركیا داوای لە ئەمەریكا كرد (40) فڕۆكەی جۆری (ئێف 16) و (80) فڕۆكەی تری بۆ نوێ بكاتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین