ئایا ئەو بوومەلەرزە كۆتایی بە گۆشەگیری دیپلۆماسیەتی بەشار ئەسەد دەهێنێت؟ وەرگێڕان

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

لەدوای یەكەم رۆژی ئەو بوومەلەرزەی لە توركیا و سووریای دا، سەرۆكی چەند وڵاتێكی عەرەبی پەیوەندییان بە بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا كردووە و پاڵپشتی خۆیان بۆ دەربڕی، بەتایبەت عەبولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر بەهۆی ئەو زیانەی بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە كەوتووە هاوسۆزی خۆی بۆ دەربڕی.

ئەمبرین زەمان، پسپۆڕ لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راپۆرتێكدا كە لە ماڵپەڕی مۆنیتۆر بڵاوكرایتەوە باس لەوە دەكات ئەگەر هەیە ئەو كارەساتە مرۆییە كە تا ئێستا زیاتر لە (20) هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە سێ هەزار و (500) كەس خەڵكی سووریان ببێتە هۆی تێكشكاندنی گۆشەگیری دیپلۆماسیەتی بەشار ئەسەد و سووككردنی سزا سەپێندراوەكانی سەر دەسەڵاتەكەی.

جگە لە پەیوەندییە دیپلۆماسیە عەرەبیەكان شاندێكی لوبنانی بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی دیمەشقیان كرد، ئەوەش گفتوگۆیەكی زۆری بەدوایی خۆیەوە هێنا، چونكە تا ئێستا دەستوەردانەكانی سووریا لەو وڵاتە بەشێكە لە بیرەوەرییەكان.

لە لایەكی ترەوە چەند وڵاتێكی وەك ئیمارات هاوكاریان پێشكەش كردووە، ئیمارات (50) ملیۆن دۆلار و چوار فڕۆكەی هاوكاری مرۆیی تا ئێستا بۆ سووریا ناردووە، هەروەها هەر یەك لە قەتەر و سعوودیە پردی پەیوەندی ئاسمانیان بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ ئەو دوو وڵاتە كردۆتەوە.

ئەگەر هەیە ئەو قەبارەی ئەو كارەساتە ببێتە دەروازەیەك بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی سووریا لەگەڵ كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، ئەو بۆچوونەش ڤابریس بالانج، مامۆستا لە زانكۆی بیۆنی دووەم كە چەندین كتێبی سەبارەت بە سووریا نووسیووە پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەكات و دەڵێت، ئەو قەیرانە مرۆییە دەبێتە پاساوێك بۆ پەلەكردن لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەشار ئەسەد، ئەو پەیوەندییە هەندێك وڵاتی وەك توركیا و ئیمارات پێش بوومەلەرزەكان دەستیان پێكردبوو. 

زەمان ئاماژە بەوەش دەكات، پاداشتی راستەقینە بۆ بەشار ئەسەد بریتییە لە سووكردنی سزا نێودەوڵەتییەكان، كە دیمەشق سوورە لەسەر ئەوەی بەرهەمی رۆحی سووریا بچنێتەوە، هەوڵدەدات ئەو كارەساتە بۆ دەربازبوون لەو سزایانە بقۆزێتەوە.ئێستاش دەزگا راگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە شانازی بەو هاوكارییانە دەكەن دەیكەنە بەڵگە كە دەسەڵاتی سووریا بێزراو نییە.

بەڵام لەلایەكی ترەوە واشنتن و یەكێتی ئەوروپا تا ئێستا سوورن لەسەر ئەوەی سووكردنی هیچ سزایەك لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە، ئەو سزایانە رێگە لە هاوكارییەكان بۆ سووریا ناگرێت، هاوكارییەكانی ئەمەریكا لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكان زۆربەی بۆ ناوچە كوردییەكان بوو، بەشێكی زۆر باش بە سەلامەتی لەو كارەساتە دەربازییان بووە.

راپۆرتەكە ئاماژە بە یەكێك لە ئاڵنگەرییەكان دەكات، كە حكومەتی سووریا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت دابەشكردنی هەموو هاوكارییەكان لە رێگەی تیمە تایبەتەكانی خۆی بێت، رێگەش نادات هیچ دابەزینێكی ئاسمانی لە ناوچەكی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باكووری رۆژئاوای وڵاتەكەی هەبێت، كە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.

جگە لەوەش ئەو توندەی لە پرسی سزاكان لەو كاتەدا، كە هاوكارییە مرۆییەكان بە راستەوخۆ ناگرێتەوە، شرۆڤەی ئەوە دەكرێت كە زیان بە دۆخی مرۆیی دەگەیێنێت، هێڵێكی باڵا لەو ناوچەیە هەیە ئەمەریكا و ئەوروپا هاوكاری دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سووریا بەهۆی جەنگەوە قەدەغە دەكەن، ئەو نوسەر دەپرسێت ئایا ئەوە لەسەر دووبارە ئاوەدانكردنەوەی زیانەكانی ئەو بوومەلەرزەش جێەجێ دەبێت، ئایا ئەو خاڵە حیسابی بۆ كراوە، چەند ئەو ململانێیەش ئاڵۆز دەكات.؟

مارك بیرینی، باڵیۆزی پێشووی یەكێتی ئەوروپا لە سووریا و ئەندامی ناوەندی كارینجی لە ئەوروپا پێی وایە دووبارە ئاوەندەكردنەوەی سووریا بە دارایی ئەوروپا نابێت، بەڵكو بە پارەی عەرەبی و كۆمپانیای توركی دەووێت، رۆژئاوا لە ماوەیەكی مامناوەند كار لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریا دەكات.

سەرچاوە: خەلیج جەدید

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین