کـەنـاڵـی سـووێـس بـە ژمـارە شیکاری ئابوری
پەککەوتنی کەشتییەکی بارهەڵگر بە ناوی (Ever Given)، لە کەناڵی سووێس، ڕێگرە لە تێپەڕبوونی 100 کەشتی بارهەڵگری ڕۆژانە لەو کەناڵە، مەترسییەکانی ئەو ڕووداوە کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت و، گاز و کاڵای جیهانی دروستکردووە.

ئامادەکردنی نوجەنێت

 لە رۆژی سێ شەممەی ڕابردوو، کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەناڵی سووێس پەککەوتووە، ئەمەیش بووەتە هۆی داخستنی ڕێگاکانی گواستنەوەی کاڵا و نەوت و گاز لەو کەنارە. ناوەندە جیهانییەکان شرۆڤەی جودا، بۆ لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە دەکەن، هەرچەندە تا ساتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە ئاماری تایبەت بە لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە و، هۆکارەکانی پەککەوتن و گیربوونی ئەو کەشتییە، لە کەناڵی سووێس دڵنیاکەرەوە نین، بەڵام ناوەندی توێژینەوەکانی تایبەت بە بواری بازرگانی و سنووری، چەندین ئامار و شیکردنەوەیان، بۆ پرسەکە بڵاوکردووەتەوە. 

 گرنگی کەناڵی سووێس

 لەو کاتەوەی کەشتییەکە لە نێوان هەردوو لای کەناڵەکەدا گیریخواردووە و وەستاوە، تا دێت شرۆڤەکردن لەسەر سەرهەڵدانی قەیران لەسەر هاتوچۆی کەشتییە جیهانییەکان و، هەروەها کاریگەریی لەسەر ئابووریی میسر و داهاتی کەناڵ سووێس زیاتر دەکات.

 بە گوێرەی ماڵپەری فەرمی کەناڵی سووێس، تێکڕایی تێپەربوونی کەشتی، ڕۆژانە 51.5 کەشتییە، تەنیا لە ساڵی 2020ـدا، وێڕای کەمبوونەوەی قەبارەی بازرگانی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، زیاتر لە 19 هەزار کەشتی بەو کەناڵە تێپەریون و، بڕی زیاتر لە 1.17 میلیار تەن کاڵایان لەو رێگایە گواستووەتەوە.

 ناوەندی لاینەر بۆ توێژینەوە، ئاڵۆگۆری بازرگانی لە کەناڵی سووێسەوە، بە ڕێژەی 30% کۆی ئاڵوگۆری بازرگانی جیهانی خەمڵاندووە، هەروەها ڕێژەی 25% کەشتییەکانی گواستنەوە و، 15% تانکەرەکانی جیهان، لەو ڕێگەیەوە دەگەن بە بازاڕەکانی جیهان، ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتی ناوخۆی میسر لەو کەناڵەوە لە ساڵی 2020 بڕی 5.6 میلیار دۆلار بووە.

 ڕەنجیز ڕاجا، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی گواستنەوەی نەوت و کاڵاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، هۆکاری سەرەکی لە پەککەوتنی کەشتیەکەی Ever Given، هەڵگرتنی ڕێژەی 26% قەبارەی زیاتر لە قەبارەی خۆیەتی، بە گوێرەی لێدوانەکانی ئەو توێژەرە، کەشتییە وەستاوەکەی ڕێرەوە ئاویەکە نزیکەی 14.1 میلیۆن تەنی هەڵگرتووە.

 داخستنی کـەناڵـی سـووێس و نرخی نەوت وگاز

 داخستنی کـەناڵـی سـووێس بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە ڕێژەی ٪3، ئەم بەرزبوونەوەیە بووە هۆی گیرخواردنی زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل لە 10 کەشتی گواستنەوەی نەوت بۆ بازارەکانی جیهان. هەروەها 7 کەشتی گواستنەوەی گازی سروشتی ڕێرەوەی گواستنەوەی خۆیان گۆڕیوە بە هۆی داخستنی کەناڵەکەوە، ڕێبیکا شێیا، شرۆڤەکاری ناوندی کیبلەر، لەبارەی ئەو 7 کەشتیە رایگەیاند" سێ کەشتی لە کۆی کەشتیەکانی گازی سروشتی ڕێرەوەکانی خۆیان گۆڕیوە بۆ ناوچەی رەئس ساڵح، و چوار کەشتیەکەی تر کە ڕێرەوەکانیان گۆریوە، هەڵگری گازی (LNG)ی ئەمریکی و قەتەری بوون".

 هەروەها ووتی" بەردەوامی داخستنی کەناڵەکە لە هەفتەی داهاتوو چارەنووسی 16 کەشتی گاز نادیار دەکات و جگە لەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی قەڵەباڵغیەکی زۆر لە ناوچەی لڤانی قەتەری"

زۆرترین هەناردەکارانی وزە، لە کەناڵی سووێسەوە

 

کـام وڵات لـە داخـسـتـنـی کـەناڵـی سـووێس قـازانـج دەکـات؟

 ناوەندی توێژینەوەی Rystad Energy ڕایگەیاند، کەناڵی سووێس بە گەرمترین و کاریگەرترین ڕێرەوەی گواستنەوە دادەنێرێت، پەککەوتنی بۆ ماوەی دوو هەفتە، فاکتەری سەرەکی دەبێت لە دواخستنی بڕی یەک میلیۆن تەن گازی سروشتی لە 10 کەشتی بارهەڵگر، بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا. 

ڕێژەی 4.4%ـی نەوتی جیهان، ڕۆژانە 1.74 میلیۆن بەرمیل، لە ڕێگەی کەناڵی سووێس هەناردەی بازاڕی جیهان دەکرێت.

هەروەها ناوەندی Rystad Energy گوتی: " قەتەر وڵاتێكی سەرەکییە، لە هەناردەکردنی گازی وڵاتەکەی لە ڕێگەی کەناڵی سووێسەوە، تەنیا لە ساڵی ڕابردوو 260 کەشتی قەتەری، گازیی سروشتییان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە لەو کەناڵەدا". بەڵام داخستنی ئەو کەناڵە نەك تەنیا زیانی بۆ قەتەر دەبێت، بەڵکـوو، وڵاتانی تریش زیانی گواستنەوە و مانەوەی بارەکانیان بەر دەکەوێت، چونکە گواستنەوەی وزە لەکەناڵی سووێسەوە، بۆ باکووری رۆژئاوای ئەورووپا 9 ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام گواستنەوەی هەمان کەشتی، بە ڕێگای وڵاتی قەتەرەوە 17 رۆژ، بە ڕێگای رەئس ساڵح 30 ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمەش گرفتێکی زێدە لە بەردەم بازرگانی وڵاتان دروست دەکات، لە دەستڕاگەیشتن بە کاڵاکان، هەروەها زیادبوونی تێچووی عەمبارکردن. 

کارلۆس تۆرس، سەرۆکی بازاڕەکانی گاز و کارەبا لە Rystad Energy، گوتی: "ئەگەر لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا، کێشەی کەناڵی سووێس چارەسەر بکرێت، ئەوا ئەگەری ئاسایی بوونەوە کاتی زیاتری پێویستە، چونکە ژمارەیەکی زۆری کەشتی گواستنەوە لەو ناوچەیە کۆبوونەتەوە و کاڵاکان کەڵەکەبوون. 

وتیشی، دەکرێت ئەمە هەڵێکی نموونەیی بێت، بۆ بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتی ئەمریکا، بۆ ئەوەی لە کاتی قەیرانی ترانزێتی لەم شێوەیە، بازاڕەکانی جیهان پڕ بکات لە گازی سروشتی وڵاتەکەی، جگە لە وەرگرتنی دەرفەتی بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە پێناو زیادکردنی بەرهەم لە ئاستێکی دیاریکراودا.

 هەرچەندە داخستنی کەناڵی سووێس، زیانی بۆ ئابووری میسر دەبێت، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە قازانجی میسرە. 

 ڕێـگـاکـانـی ئـەلـتـێـرنـاتـیـڤـی کەنـاڵی سـووێـس

 ناوەندی بلومبێرگ، لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە زیانەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا ڕایگەیاند: "هەریەکە لە ئەورووپا و ئەمریکا، بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕەکانیان بەدوای ڕێگای ئەلتێرناتیڤی دیکەدا دەگەرێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوەی وزە بە گشتی." 

ئەنوب سینگ، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی Braemar ACM Shipbroking Pte، لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە ئێستادا ئەو هێڵە وزەی ئەورووپا و ئەمریکا، لە ڕێگەی کەناڵی سووێس دەگوازێتەوە، کە توانای هەناردەکردنی 600 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە، بەڵام هێڵی جێگرەوەی ڕێرەوەکانی وزە لە ناوچەی رەئس ساڵح، توانای هەناردەکردنی بڕی 850 هەزار بەرمیلی هەیە، بەڵام ئەو ڕێگەیە تێچووی زیاترە و، هەروەها کاتی زیاتری پێویستە، بۆ هەناردەکردنی وزە بۆ بازارەکان، چونکە کەناڵی سووێس کورترین ڕێرەوەی گواستنەوەی بازارگانییەلە جیهاندا.

ڕێژەی 80% نەوتی کەنداوی عەرەب لە ڕێگەی هێڵی سۆمید، هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا دەکرێت.

 لەلایەکی ترەوە، ناوەندی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، بۆ جێگرتنەوەی کەناڵی سووێس، هێڵی گواستنەوەی وزە (سومید) پێشنیارکراوە، بۆ گواستنەوەی وزەی ناوچەکە، بەڵام بە هۆی زۆری تێچووی گواستنەوە لەو ڕێگەیە ئەستەمە، هاوردەکاران ئەو ڕێگەیە بەکار ببەن. 

هێڵی گواستنەوەی وزەی سومید

هێڵی سومید، هێڵی گواستنەوەی وزەی ناوچەکەیە لە دەریایی سوورەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، توانای گواستنەوەی ئەو هێڵە 2.5 میلیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەڵام گواستنەوەی وزە بەو ڕێگایە، بڕی1 دۆلار تێچووی گواستنەوە، بۆ هەر بەرمیلێک زیاد دەبێت بەراورد بە کەناڵی سووێس، جگە لە تێچووی مانەوەو عەمبارکردن.

هێڵی سومید، ڕێژەی 50%ـی، پشکی کۆمپانیای عەرەبە بۆ هێلی نەوتی، هەریەکە لە وڵاتانی کوێت، سعودیە و ئیمارات، هەروەها ڕێژەی 15% لە خاوەندارییەتی ئەو پرۆژەیە هەیە، جگە لەوەی قەتەر پشکی 5% هەیە، 

 ئەوەی شایەنی باسە، لە بەندە یاساییەکانی کەناڵی سووێس، ئاماژە بە بڕگەی وەرگرتنی باجی زیاد لە کاتی داخستنی نەکراوە، بۆیە ئەو کەشتییانەی کە لەو کەناڵە زیاتر دەمێننەوە، کرێ مانەوەیان ناکەوێتە سەر، هاوکات چەندین وڵات ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بۆ یارمەتیدانی میسر لە کردنەوەی کەناڵەکە، بەڵام تا کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە کاتێکی دەسنیشانکراو نییە، بۆ چارەسەکردنی کێشەی کەناڵەکە.

 لە کاتی پەککەوتنی کەشتی (Ever Given) لە کەناڵی سووێس، لە چەندین ناوەندی جیهانییەوە، چەند بەڵگەنامەیەکی ساڵانی 1963 بڵاوکرانەوە، لەو کاتەی کە ئەمریکا لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە، هەوڵی ئەوەی داوە کە لە ڕێگەی دانانی چەند بۆمبێکی ئەتۆمی، ڕێگە بۆ کردنەوەی هێڵی عەقەبە بکرێت، بۆ ئەوەی جێگەی کەناڵی سووێس بکرێتەوە، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بە وردەکاری و توێژینەوەی وردترە.

ئەگەرەکانی هێڵی جێگرەوەی کەناڵی سووێس

 

 کەناڵی سووێس، لە 17ی تشرینی دووەمی 1869ـدا، بە دەستی کاری یەک میلیۆن کارکەری میسری بە فەرمی کرایەوە، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی چەندین کەشتی دەریایی لە کۆتاییەکانی 1867. درێژی کەناڵی سوێس 193 کیلۆمەترە، لە بەندەری پورسەعیدەوە بۆ سووێس درێژ دەبێتەوە، خاڵی بەیەکبەستنەوەی دەریای سوور و دەریای سپی ناوەڕاستە. لە ساڵی 2015ـدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، (نۆکەندی سوێسـ)ـی نوێ بە گوژمەی 8 ملیارد دۆلار کردەوە، دوای کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە، ڕێەوەکانی گواستنەوەی کاڵایەکان لەو کەناڵە لە 22 کاتژمێر بۆ 11 کاتژمێر کەمتر بووەوە، جگە لەوەی ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتی باڵهەڵگری زیاتر لە 22 هەزار تەن دەدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین