ئه‌مریكا ئامانجه‌كانى له‌ عێراق زیاد ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماتیۆ تۆله‌ر باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق چوار ئامانجى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات و چاودێرانى سیاسیش ده‌ڵێن ئامانجه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق له ‌سنوورى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر تێپه‌ڕیوه‌.

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز ئه‌مڕۆ شه‌موو 27ى ئادار چه‌ند لێدوانێكى ماتیۆ تۆله‌رى سه‌باره‌ت به‌ عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "له‌میانه‌ى كۆنگره‌یه‌كى په‌یمانگاى ئه‌مریكى بۆ ئاشتى تۆله‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ى داوه"‌.

ماتیۆ تۆله‌ر چوار ئامانجى سه‌ره‌كى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق دیارى ده‌كات كه‌ بریتین له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، هاوكاریى عێراق له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵێ و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى بارودۆخه‌ سه‌خته‌كه‌ى ئابوورى، له‌گه‌ڵ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا و ته‌نگژه‌ى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا.

سكاى نیوز ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و لێدوانه‌ى تۆله‌ر بێت دوو گۆڕانكاریى له‌ گوتارى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ عێراق روویان داوه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ مانه‌وه‌ى ئه‌مریكا و ئامانجه‌كانى له‌ عێراق سنوورى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆرى تێپه‌ڕاندووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ندى به‌ هاووڵاتیانى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌.

دووه‌میش هه‌موو پێشنیاره‌كانى به‌رپرسانى ئێستاى ئه‌مریكا پێچه‌وانه‌ى ئه‌و پێشنیارانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌مى ئیداره‌ى پێشوو كراون.

پێشتر سه‌رچاوه‌ عێراقى و ئه‌مریكییه‌كان ئاشكرایان كردبوو، بڕیاره‌ مانگى نیسانى داهاتوو گفتوگۆى ستراتیژى نێوان ئه‌مریكا و عێراق ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین