ئێران و چین لە ئیمزا کردنی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵە نزیک بوونەتەوە ئێران

نوچه‌نێت

بە پێی ڕاپۆرتەکان بڕیارە ئەمڕۆ ٢٧ی ئادار وەزیرانی دەرەوەی چین و ئێران ڕەشنووسی هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوانیان ئیمزا بکەن. گفتوگۆکان سەبارەت بەو ڕەشنووسە کە ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە، چەندین ساڵ پێشتر بە پاڵپشتی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردبوو.

بە پێی هەواڵی "دویچە ولە"، وەزیری دەرەوەی چین لە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ناوچە ڕۆژی ٢٦ی ئادار گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ هەندێ لە بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار و مەحەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دیدار و گفتوگۆ بکات.

هەندێ لە سەرچاوە نیوخۆییەکانی ئێران، و لەوانە هەواڵنێریی "ایرنا" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی ئادار "ڕەشنووسی هاوکاریی ستراتیژی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین" ئیمزا دەکەن.

مێژووی گفتوگۆ سەبارەت بەو ڕەشنووسە ستراتیژییە دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ ساڵ پێش ئێستا  دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆک کۆماریی مەحمود ئەحمەدینژاد. لە دوو ساڵی ڕابردوودا گفتوگۆکان سەبارەت بەو ڕەشنووسە پەرەیانسەند و کابینەی حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ مۆڵەتی فەرمی دەستپێکردنی گفتوگۆ کۆتاییەکان و ئیمزاکردنی ڕەشنووسی بەرنامەی هاوکاریی هەمەلایەنی ڕادەستی وەزارەتی دەرەوە کرد.

عەلئ ئاقا محەمەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و یەکێک لە ڕاوێژکارانی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی سێی تەمووزی ٢٠٢٠ لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیونیدا ڕایگەیاند ساڵی ٢٠١٠ لەو بارەوە ڕێککەوتن کرا بەڵام کابینەی ئەحمەدینژاد بە هۆی "تێگەیشتنی هەڵە" ڕێگری کرد لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە.

ڕابەری ئێران بە تەواوەتی پشتیوانی لەو ڕێککەوتنە دەکات و ڕۆژی ٢٣ی شوباتی ٢٠١٦ لە میانەی دیدار لەگەڵ جین پینگ، سەرۆکی چین وتبووی: "حکومەت و گەلی ئێران بەردەوام هەوڵی پەرەپێدان بە پەیوەنییەکان لەگەڵ وڵاتانی سەربەخۆ و جێ متمانە و لەوانە چین دەدەن و بۆیە ڕێککەوتنی سەرۆک کۆماری ئێران و چین دەربارەی پەیوەندەی ستراتیژی ٢٥ ساڵە، بە تەواوەتی درووست و ژیرانەیە".

بڕیارە لە میانەی سەردانی وانگ یی بۆ تاران، بە بۆنەی پەنجاهەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و چین پێشانگایەکی بەڵگە مێژووییەکان دەربارەی هاوکاری نێوان تاران و پەکین بکرێتەوە. ئەو پیشانگایە ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی وەیزرانی دەرەوەی ئێران و چین دەکرێتەوە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕەشنووسی هاوکاریی ستراتیژی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین دەستاودەست بووە. وڵاتی چین مانگی ئازاری ٢٠٢١ تێبینییە کۆتاییەکانی خۆی سەبارەت بەو ڕەشنووسە ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرد.

هێشتا دیار نییە کە وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتننامە هەمەلایەنە ئەمڕۆ بڵاو دەکرێنەوە یان نا.

جێگای ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی چین لە سەردانەکەی خۆی بۆ ناوچە پێشتر سەردانی سعوودیە و تورکیای کرد و بڕیارە دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە ئێران سەردانی وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین و عومان بکات.

هوئانگ لیمینگ، باڵوێزی پێشووی چین لە ئێران ڕایگەیاندووە ئامانجی سەفەرەکەی وەزیری دەرەوەی چین بۆ ڕۆژاوای ئاسیا پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دۆستە لەو ناوچەیە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین