ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا مانه‌وه‌ى هێزه‌كانیان له‌ ئه‌فغانستان درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دا کە ئەگەر بە بێ ڕێککەوتنی ئاشتی و دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان لایەنە ناکۆکەن، هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بچنە دەرەوە " لەوانەیە میلیشیاکانی تاڵیبان لە ماوەی ٢ بۆ ٣ ساڵ بەسەر ئەفغانستاندا زاڵ بن".

بە پێی هەواڵێکی "بی بی سی" چەند پەرپرسێکی ئەمریکیی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێت بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەمریکا پاشەکشێ بە هێزەکانی بکات، دەرفەتێکی تر بۆ ئەلقاعیدە دەڕەخسێت بۆ ڕێکخستنەوەی خۆی. 


پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەمین کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی خۆیدا لە ڕۆژی ٢٥ی ئادار، ڕایگەیاندبوو چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا سەرەتای مانگی ئایار لە ڕووی تەکنیکییەوە ئێجگار دژوارە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا نایەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەفغانستان بمێنێتەوە. 

هەندێ لە بەرپرسانی ئەمریکیی کە لایەنگری مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە ئەفغانستانن، بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی پێداگری لەوە دەکەن کە پێویستە هێزەکانیان زیاتر لەو ماوەیە کە دیاری کراوە لە ئەفغانستاندا بمێننەوە. 

بە پێی ڕێککەوتنی دوحە کە ساڵی پار لە نێوان ئەمریکا و تاڵیبان ئیمزا کرا، هێزەکانی ئەمریکا دەبێ تا سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢١ ئەفغانستان بەجێ بهێڵن. 
ڕۆژی ڕابردوو ئەڵمانیایش ڕایگەیاند کە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەرکی هێزەکانی خۆی لە ئەفغانستان بۆ ماوەی ١٠ مانگی تر درێژ کردووەتەوە. 
تاڵیبان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هۆشداری داوە کە ئەگەر هەموو هێزە دەرەکییەکان بە پێی ڕێککەوتنی دوحە لە کاتی دیاریکراودا ئەفغانستان بەجێ نەهێڵن، بەرپرسیارییەتیەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا.
تاڵیبان وتوویەتی "ناچار دەبێ لە ئایین و وڵاتی خۆی بەرگری بکات، درێژە بە جیهاد و شەڕی چەکداری لە بەرانبەر هێزە داگیرکەرەکاندا بدات و وڵاتەکەی ڕزگار بکات". 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەفغانستان وەک وەڵامێک بۆ درێژبوونەوەی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لەو وڵاتەدا وتبووی بەرپرسیاریەتی شەڕ لە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستانە و بەرگریکردن لە گەل و خاکی ئەفغانستانیش بەرپرسیاریەتی هەمیشەیی هێزە ئەفغانییەکانە و هەر وڵاتێک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم یارمەتی ئەفغانستان بدات پێشوازی لێ دەکەین.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین