داوا له‌ بایدن ده‌كرێت نه‌رمى زیاتر له‌ به‌رانبه‌ر ئێران بنوێنێت ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسێکی ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی هه‌ینى ، پێشنیاری کرد ئیدارەی بایدن بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیاتر نەرمی بنوێنێت و وتی گرنگ نییە کام لایەن هەنگاوی یەکەم بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەگرێ.

بە پێی هەواڵێکی "ئیندێپێندێنت"، ئەو بەرپرسە بە مەرجی ئاشکرا نەبوونی ئاوی لەگەڵ ڕۆیته‌رز قسەی کردووە و وتوویەتی: "کێشە ئەوە نییە کێ هەنگاوی یەکەم هەڵدەگرێت".
هەروەها وتی: "بۆ نموونە ئێمە هەشت هەنگاو هەڵگرین و ئەوان [ئێران] دە هەنگاو؟ یان ئەوان هەشت هەنگاو هەڵگرن و ئێمە دە؟ کێشە ئەوە نییە. گرفت ئەوەیە ئایا سەبارەت بەو کارانەی هەر دوو لایەن ئەنجامیان دەدەین ڕێک دەکەوین یان نا". 
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیته‌رز، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتوویەتی ئەوە ڕوانگەیەکی هەڵەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداگری بکات کە ئێران بە تەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، پێش ئەوەی واشنتۆن هەنگاوێ بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی هەڵبگرێت". 
هەروەها وتوویەتی کێشەی ئەمریکا ئەوە نییە کە ئێران دەبێ هەنگاوی یەکەم بنێت. "کێشەی ئێمە هەرگیز ئەوە نییە کە ئێران دەبێ بە تەواوەتی بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات. [بۆ نموونە بڵەین کە] ئەگەر ئێمە فڵانە کارمان ئەنجام دا، ئەوانیش فڵانە کار ئەنجام دەدەن. گرنگ نییە سەرەتا کێ دەست پێ دەکات. من نازانم کام وڵات هەنگاوی یەکەم هەڵدەگرێت، دەکرێ بە شێوەی هاوکات بێ". 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتوویەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی "ڕوانگەیەکی پراگماتیک" دەگرێتە بەر. 
ڕۆژی پێنج شەم ٢٥ی ئادار چەند سیناتۆرێکی ئەمریکیی کە زۆربەیان دژی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران بوون، بە ناردنی نامەیەک بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوایان کرد بۆ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی هەمەلایەنە کە پرسەکانی دەرەوەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لەخۆ بگرێ هەوڵ بدات. 
ئەو نوێنەرانەی ئەنجوومەنی پیران لەو نامەیەدا، جەختیان کردووەتەوە کە "دیموکراتەکان و کۆماریخوازەکان لەوانەیە لە ڕووی تاکتیکییەوە جیاوازییان هەبێ، بەڵام سەبارەت بە ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و چارەسەرکردنی پرسە جۆراوجۆرەکانی ئێران یەکگرتوون". 
ئەو نامە کە لە لایەن باب مندز و لیندسی گراهام دوو سیناتۆری باڵای دیموکراتەکان و کۆماریخوازەکان ئامادە کراوە و ٤١ سیناتۆری تری سەر بە هەر دوو حیزبی سەرەکی ئەمریکا ئیمزایان کردووە، لە حاڵێکدا بۆ کۆشکی سپیی نێردراوە کە ئیدارەی بایدن هەوڵ دەدات ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران زیندوو بکاتەوە. 
ئەو سیناتۆرانە وەبیریان هێناوەتەوە کە ئێرانی خاوەن چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیەکی گەورە دەبێ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین