كاريگەرى بوومەلەرزەكان لەسەر پەيوەندييە دەرەكييەكانى توركيا شیکاری

نوچەنێت

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

دوای بوومەلەرزەكەی توركیا، وڵاتانی جیهان زۆر بەخێرایی بەدەم بانگەوازەكەی توركیاوە هاتن، لەسەر چەندین ئاست دەستی هاوكاریان بۆ توركیا درێژ كرد، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەكان بەرپرسانی توركیا چەندین دیدار و پەیوەندیان ئەنجام داوە، مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا (23) ديدارى رووبەڕوو و زياتر لە (70) پەيوەندى تەلەفۆنى ئەنجامداوە، كە زۆربەى لەگەڵ وەزيرانى دەرەوەى وڵاتانى جيهان بوو.

ژمارەيەكى زۆرى وڵاتان بە پەلە رۆڵى كارايان لەو بوومەلەرزەى باشوورى توركيا بينى، ئەوەشى بۆتە جێگەى پرسيار، كاريگەرى ئەو بەمەدەمەوە چوونەيە لەسەر پەيوەندييە دەرەكييەكانى توركيا و وڵاتانى ناوچەكە.

وەزيرى دەرەوەى توركيا، لەگەڵ وەزيرانى دەرەوەى كۆمارى باكوورى قوبڕسى توركى، ئازەربايجان، يۆنيان، غينياى ئيستوائى، ليبيا، ئيسرائيل، بۆسنە و هەرسك، ئەرمينيا، ئوردن، كۆستاريكا، ئەمەريكا، لوبنان، باكوورى مەقدۆنيا.

هەروەها لەگەڵ نوێنەرى ڕێكخراوە نێودەوڵەتييەكان و ديپلۆماتكارە باڵاكانيش ديدار و كۆبوونەوە ى هەبوو، لەوانە، يەنس ستۆڵتنبێرگ، ئەميندارى ناتۆ، هيليگا شەميد، ئەميندارى گشتى رێكخراوى ئاسايش و هاوئاهەنگى لە ئەوروپا، حوسێن ئيبراهيم تەها، ئەميندارى رێكخراوى هاريكارى ئيسلامى.

لەگەڵ ئەوەى توركيا لەگەڵ وڵاتانى كەنداو بەتايبەت ئيمارات و سعووديە تازە پەيوەندييەكانيان ئاساييكردۆتەوە، بەڵام قەبارەى هاوكارييەكانيان بۆ زيانلێكەوتووانى ئەو بوومەلەرزە شايەنى ئاماژە پێكردنە.
بەگوێرەى دواين ئامار سعووديە (12) فڕۆكەى هاوكارى و تيمى فرياگوزارى و سێ هەزار خانووى پلاستيكى بۆ توركيا و سووريا ناردووە، هەروەها قەبارەى هاوكارييەكانى دەگاتە (115) مليۆن و  (400) هەزار دۆلار.

ئیمارات زۆرترین هاوكاری پێشكەش بە توركیا كردووە

محەمەد بن زايد، سەرۆكى ئيمارات (50) مليۆن دۆلارى بۆ زيانلێكەتوانى توركيا تەرخان كرد، هەروەك (42) فڕۆكەى بارهەڵگرى هاوكارى بۆ توركيا رەوانەكرد، هەروەها فاتمە بن موبارەك، دايكى سەرۆكى ئيمارات بڕى (13) مليۆن (600) هەزار دۆلارى بۆ پاڵپشتى پردى چاكەخوازى كە لەبەرژەوەندى بوومەلەرزەكە دروستكراوە بەخشى.

وەڵامدانەوەى خێراى يۆنان بۆ بەدەمەوەچوونى توركيا جێگەى ئاماژە پێكردنە، كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سەرۆك وەزيرانى يۆنان پەيوەندى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا كرد، هەروەها نيكۆس ديدياس، يەكەم ديپلۆماتكارى باڵاى ئەوروپا بوو وەك هاوسۆزى سەردانى توركياى كرد و لە ويلايەتى هاتاى بە هاوڕێيەتى مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا سەردانى شوێنى بوومەلەرزەكانى كرد.

ئەرمينيا بۆ يەكەمجار لەدواى (35) ساڵ رێگەى وشكانى لەگەڵ توركيا كردەوە و لەو رێگەيەوە بارهەڵگەرەكانى رەوانەى توركيا كرد، دواتريش ئارارات ميرزويان، وەزيرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لە (15)ى شوبات سەردانى توركياى كرد و خواستى وڵاتەكەى بۆ بەرقەراركردنى ئاشتى و ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى وڵاتەكەى بەتەواوى لەگەڵ توركيا نيشان دا.

رۆژى دووشەممە سامح شوكرى وەزيرى دەرەوەى ميسر گەيشتە توركيا، ئەوەش لەدواى (10) يەكەم هەنگاوى لەوجۆرەيە، كە سەرەڕاى ئاڵۆزييەكانى نێوانيان بەرپرسێكى باڵاى ميسر سەردانى توركيا بكات.
لەو ديدارەى نێوانيان  مەولوود چاوشئۆغلۆ گوتی، دۆسایەتی و برایەتی لە چركەساتە ناخۆشەكان دەركەوێت، گەلی میسر و حكومەتەكەی لەو كارەساتە نیشانیان دا دۆست و برای توركیا بۆیە دووبارە سوپاسیان دەكەین.
ئۆفۆك نەجات تاشچى، پسپۆڕ لەبوارى پەيوەندييە نێودەوڵەتييەكان ئاماژە بەوە دەكات، توركيا هەوڵدەدات لەكاتى كارەساتەكان هاوكارى وڵاتان بكات و كێشە دووقۆڵييەكانى نێوانيان بەلاوە بنێت، لەدواى كارەساتەكەى باشوورى وڵاتەكەى هەمان ئاڕاستەى گرتەبەر، گەل و حكومەتى توركيا هاوكارييەكانى ئەو وڵاتانە لەبير ناكەن كە لەو كاتە ناخۆشە بەدەميانەوە چوونە. 
لەلايەكى ترەوە مەتى ساهتا ئۆغلۆ، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، سياسەتى ناوەخۆ و دەرەوەى توركيا راستەوخۆ پێكەوە گرێدراوە، ئەوەش بەشێوەيەكى گەورەتر لە ساڵى هەڵبژاردنەكان دەردەكەوێت.

لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، هەرچەندە پێويست ناكات چاوەڕوانى زۆر گەورە ديپلۆماسيەتى بوومەلەرزەكان بكرێت، بۆ بەرەوپێشچوونى پەيوەندى سياسى گەورە سياسەتى دەرەوەىى توركيا لەپێش هەڵبژاردنەكان.
ئۆمەر تۆگاى يۆجال، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو بوومەلەرزەى لە توركيا روويدا بە گەورەترين كارەساتى ئەم سەدەيە دادەندرێت، ئەوەش پڕۆسەيەكى قوورسە، توركيا حەزدەكات دۆست و هاوپەيمانەكانى لەپاڵ خۆى ببينێت، بەڵام لەبەرانبەر هەندێكيان لەوبارەوە تووشى بێ هيوايى بووە.

توركيا لە رۆژئاوا و ئەمەريكا بێ هيوا دەبێت

تۆگاى لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، لەدواى (11) رۆژ لەو بوومەلەرزە، يەنس ستۆڵتنبێرگ، ئەميندارى ناتۆ دەگاتە توركيا، سەرەڕاى كارەساتى ناخۆشى گەلى توركيا پرسى ئەندامبوونى سويد و فينلەندا لە ناتۆ دەوروژێنێت.
لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، زۆربەى هاوكارييەكانى ناتۆ دواى دوو هەفتە لە بوومەلەرزەكە گەيشتە توركيا، هەروەك سەردانى ئەنتۆنى بلينكن، وەزيرى دەرەوەى ئەمەريكا لەدواى دوو هەفتە گەيشتە توركيا، ئەوەش لەكاتێدايە توركيا لەگەڵ ئەمەريكا و وڵاتانى ئەوروپا پەيوەنديەكى دێرينى هەيە، بەڵام بەرپرسانى ئەمەريكا كە بە نزيكترين هاوپەيمان دادەندرێن، لەدواى دوو هەفتە لەو كارەساتە ئينجا دەگەنە توركيا.

یۆنان یەكەم وڵات بوو هاوكاری خێرای بۆ توركیا رەوانەكرد

تۆگاى لە قەبارەى تيمەكانى فرياگوزارى و هاوكارييەكانى ئەمەريكاى كەمكردەوە، ئاماژە بەوە دەكات، هەرچەندە راگەياندنەكانى توركيا زۆر كەم ئاماژەيان بە هاوكارييەكانى رۆژئاوا كرد، بەڵكو زياتر ئاماژەيان بە هاوكارييەكانى چين و رووسيا و هندستان و كۆرياى باشوور و باشوورى ئەفريقيا و ئيسرائيل و يابان و پاكستان و وڵاتانى عەرەبى كرد، ئەوەش وايكردووە گەلى توركيا ياخود حكومەت هيچ تێگەيشتنێك بەرانبەر ئەمەريكا ياخود ناتۆ لەپرسى وەرگرتنى سويد و فينلەندا و جەنگى ئۆكراينا و ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكان لەگەڵ ناخۆشترين كات كە وڵاتەكەيانى پێدا تێدەپەڕێت دەرنەبڕن، ئەوەش بەڵگەيە لەسەر قەبارەى ئەو فشارانەى دەخرێتە سەر ئەنقەرە.

لەبەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت، وەك پيشەى هەميشەييان هاوپەيمانەكانمان داواكانيان لە كاتى هەڵە پێشكەش دەكەن، بۆيە دەكرێت بڵێين، لەو پڕۆسەيە پەيوەەندييەكانى توركيا لەگەڵ ئەمەريكا و ناتۆ بە ئاڕاستەى ئەرێنى بەرەوپێش نەچووە. 

ئايا هەڵوێستى ئەرێنى يۆنان كاريگەرى لەسەر پەيوەندييەكان لەگەڵ توركيا دەبێت؟

سەبارەت بەدەمەوەچوونى خێراى يۆنان ئەو پسپۆڕە توركە دەڵێت، ئەو قەبارە هاوكارييە مرۆييەى ئەسينا پێشكەشى توركياى كرد، بە جۆرێك بەوە دەچێت پەيوەندييەكانيان بەشێوەيەكى ئەرێنى بێت لەنێوان، بەڵام لە واقيعدا شتێكى تر بوو.
لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، عەقڵيەتى يۆنان پڕە لە هەستى ئايدۆلۆژى و مێژوويى، ئيدارەى يۆنان ديدێكى بۆ خوێندنەوەى واقيعى سەدەى (21) نييە، پەيوەندييەكانى نێوان ئەنقەرە و ئەسينا پڕلە لە ئەزموونى دواى بوومەلەرزەى (1999) بەڵام ئەنجامەكان هيچ گۆڕانكارييەكيان دروست نەكرد.

سەرەڕاى پەيوەندييەكانى توركيا لەگەڵ وڵاتانى ئەمەريكا و فەڕەنسا، ئەمڕۆش يۆنان بە پاڵپشتى لە ناتۆ رێكارى توندەڕەوانەى بەرانبەر ئەنقەرە گرتۆتەبەر، بەڵام سەبارەت بە پەيوەندى توركيا و يۆنان رۆژئاوا رەوچاوى پێشنيارەكانى توركيا ناكات، بەڵكو يۆنان بووە بە بنكەيەكى گەورەى سەربازى ئەمەريكا، هەروەك رێككەوتنى بەرگرى هاوبەشى لەگەڵ فەرەنسا هەيە.
ئەو پۆسپۆڕە توركە ئاماژە بە عەقڵيەتى سەربازى و سياسى رۆژئاوا دەكات، كە لەسەر هێڵى بەرگرى يۆنان دەستيان پێكردووە، توركيايان جياكردۆتەوە و كار لەسەر شكاندنى هەژموونى توركيا وڵاتێكى خاوەن هەژموونى ناوچەيى دەكەن.

ئايا قەبارەى هاوكاريييەكانى وڵاتانى كەنداو پەرە بە پەيوەندييەكان دەدات؟

نەجات تاشچى ئاماژەى بەوەكرد، پڕۆسەى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكان لەگەڵ وڵاتانى كەنداو پێش ئەو بوومەلەرزە بەكردارى دەستى پێكردبوو.
لەگەڵ قەتەر پەيوەندييەكان زۆر بەهێزبوون، لەدواى بوومەلەرزەكەش ئەو ئاساييكردنەوە ئاڕاستەيەكى ترى وەرگرت، كە كاريگەرى ئەرێنى دەبێت.

سەبارەت بە هەنگاوەكى توركياش تاشچى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، توركيا سەرقاڵى كاروبارى ناوەخۆى دەبێت، كار لەسەر دەكەوتنەوە لە ئاڵۆزى نوێ لە سياسەتى دەرەوە دەكاتەوە، بۆ ئاساييكردنەوەى ئەو دۆخەى ئێستا پێويستى بە دوو تا سێ ساڵە، لە بوودجەش پێويستى بە مليارەها دۆلارە بۆ نۆژەنكردنەوەى ئەو شارە وێرانانە.

مەتە ساهات ئۆغلۆ، پێى وايە، ديلپۆماسيەتى كارەساتەكان هيچ چارەسەرێكى گشتگيرى بۆ پەيوەندييەكانى دەرەوەى توركيا پێ نييە، بەڵام رووبەرێكى نوێ بۆ گفتوگۆكان دروست دەكات.
لە بەشێكى ترى قسەكانى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو بوومەلەرزە دەرفەت بۆ بوارى كاركردن لەگەڵ كەنداو دەرەخسێنێت، ئەوەش بەهۆى زيادبوونى خواستە لەسەر كەرستە و ئامێرى بيناسازى و دروستكردنى شارى نوێ، هەروەها كاريگەرى لەسەر جێگيربوونى دەربازكردنى ئابوورى توركيا لەو كارەساتە دەبێت.

ئەو (11) ناوچەى بوومەلەرزەى بەركەوتووە، دەكاتە لە (15%) رووبەرى خاكى توركيا، پەيوەندييە بازرگانييەكانى توركيا لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى بەتايبەت لەگەڵ عێراق و ئەنجوومەنى هاريكارى كەنداو بەهێزە، لەدواى ئەو بوومەلەرزەش وڵاتانى كەنداو لە بەهێزكردنى پەيوەندى وەبەرهێنان و بازرگانى لەگەڵ ئەنقەرە بەردەوام دەبن.

ئايا بەدەمەوە هاتنى ئيسرائيل دەبێتە نزيكبوونەوەى توركيا لە حكومەتى ناتەنياهۆ؟
ئۆغلۆ پێى وايە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى ئەنقەرە و تەلئەبيب بەشێوەيەكى باش بەرەوپێش چووە، بەڵام ئەوەى بۆتە بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونى ئەو پەيوەندييانە چالاكييەكە بەردەوامەكانى بزووتنەوەى حەماسە لەسەر خاكى توركيا.

ئیسرائیل هەوڵدەدات هاوكارییەكان بكاتە پردی پەیوەندی لەگەڵ توركیا

سەبارەت بە هاوكارييەكانى ئيسرائيليش لەو بوومەلەرزەيە ئەو نووسەرە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، دەبێتە هۆكارى قووڵكردنەوەى پەيوەندى ستراتيژى لەنێوان هەردوو وڵات.
بەگوێرەى قسەكانى ئەو نووسەر دەسەڵاتى فەڵەستين ترسى لەوە هەيە ئيسرائيل هاوكارييەكانى بۆ توركيا بۆ خۆجوانكردن لەبەردەم جيهان بەكاربهێنێت، خۆى وەك لايەنێكى فرياگوزار نيشان بدات، خواستى ئەوەى هەبێت وبەهێنان لەم رووەوە لە رێگەى توركياوە بكات.
سەبارەت بە داهاتووى ئەو پەيوەندييانەش، ئەو پسپۆڕە توركە ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر هەيە لە مانگى رەمەزان ئاڵۆزييەكان لە قوددس و بەشى رۆژئاوا زياد بێت، ئەگەر توركيا هەڵوێستى خۆى دەرنەبڕێت و ئەو رووداوانە پشتگوێ بخات تاقيكردنەوەيەكى گرنگ دەبێت لە پەيوەندييەكانى نێوان ئەو وڵاتە.

نەجات تاشچى باس لەوە دەكات، پڕۆسەى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوان ئەنقەرە و تەلئەبيب لەسەردەمى حكومەتى نوێى ناتەنياهۆ سستە، لە دەرفەتێك دەگەرێت بۆ بەهێزكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوان هەردوو وڵات، ئەوەش لە رێگەى فرياگوزارييەكان ئەو پەيوەندييانە بەهێز بكاتەوە، ئەوەش زەمينەيەكى هاوبەش بۆ هەردوولا دروست دەكات بۆ دەستپێكردنەوەى گفتوگۆكان، بەڵام لە هەمان كاتيش نزيكبوونەوەى ئيسرائيل لە مامەڵەكردنى پراگماتيانە بە نزيكردنەوەى يۆنان دەچێت.

سەرچاوە: عەرەبی 21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین