رۆژنامه‌گه‌ريى ئێران له‌ چ بارودۆخێكدایه‌؟ ئێران

نوچه‌نێت

س. ئێقبال لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کارکرد و ئەرکە نوێکانی ڕۆژنامەکانی ئێران کە لە ماڵپەڕی "ڕادیۆ زەمانە" بڵاو کراوەتەوە دەنووسێت: ڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە دۆخێکی جەرگبڕدان. تیراژیان لە خوارەوەیە. هاووڵاتییان تامەزرۆییەکیان بۆ خوێندنەوەیان نییە، چونکە ڕەنگدانەوەی دەنگی ئەوان نین. ئابووری کاغەزبێکارەکان (کڕین و فرۆشتنی ڕۆژنامە نەفرۆشراوەکان بە کیلۆ) بووەتە بەشێک لە ئابووری میدیای چاپیی لە ئێراندا.


زیاتر لە هەزار و 200 شوێنی ڕۆژنامەفرۆشی کە بە "کیوسک" ناسراون لە شاری تاراندا هەن. ڕێکخستنی ئەو کیوسکانە لە ئەستۆی کۆمپانیای ڕێکخستنی پیشە و کارەکانی شاری تارانە کە سەر بە شارەوانیی ئەو شارەیە. بەڵام کیوسکەکانی تاران تەنیا ڕۆژنامەنافرۆشن. بەڵکو جگەرە و پێداویستى خۆراکیش دەفرۆشن و سوودیان زیاتر لەوەدایە. هاوکات کەم نین ژمارەی ئەو کیوسکانە کە سەرقاڵی فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکانن.

لە ساڵانی ١٩٩٧ بە دواوە تا نزیکەی ٢٠٠٥ ئەو ڕۆژنامەفرۆشانە زیاترین ڕێژەی ڕۆژنامەیان دەفرۆشت. واتە ئەو کاتەی محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری ئەو کات هەوڵی دەدا هەندێ چاکسازیی لە پێکهاتەی حکومەتدا ئەنجام بدات. هەر لەو روانگه‌یه‌وه‌ مۆڵەت بە بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامە درا. لەو کاتەدا تیراژی هەندێ لە ڕۆژنامەکان و لەوانە "همشهری" و "ایران" تەنانەت 800 ه هەزار زیاتر بوو. بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند، چونکە ڕۆژنامەکان زوو داخران و تیراژیان کەم بووەوە. پاشان ڕۆژنامەفرۆشەکانیش ناچار بوون وەک جێگرەوەیەک بۆ کەمبوونەوەی داهاتیان هەندێ شێوازی نوێتر بگرنە بەر.

ئابووری کاغەزبێکارە

لە ئێستادا زۆربەی ڕۆژنامەخوێنەکانی تاران ڕۆژنامە کۆنەکانی خۆیان فڕێ نادەن. چونکە ڕۆژنامەفرۆشەکان کیلۆیەک بە دە تا پازدە هەزار تمەن لێیان دەکڕنەوە. خۆیشیان دەیانفرۆشنەوە بە کڕیارە سەرەکییەکانی کاغەزبێکارە بە کیلۆیەک 30 تا  35  هەزار تمەن. بۆیە لە شاری تاراندا ئابووری کاغەزبێکارە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەستێنێ.

ئەو جۆرە ئابوورییە پڕ قازانجە وا دەکات هەندێ کەسیش بۆ کۆکردنەوەی ڕۆژنامە و کاغەزبێکارە ڕوو بکەنە حاوییەکانی زبڵ. ئاشکرایە هەر لەو ڕێگایەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەژاری کۆمەڵگە دەتوانن داهاتێکی کەمیان هەبێ و هیوادار بمێننەوە بە بژێوی خۆیان. چونکە تا کاتێ بارودۆخی ئێران بەو جۆرە بێت کە ئێستا هەیە، ئابووری حاوییەکانی زبڵ ئەوەندەش بێ نرخ نییە!

ئەرکی دەستەیەک لە گۆڤارە سیاسییەکان

هەندێ جاریش بڕێ لە ڕۆژنامەخوێنان ڕۆژنامە کۆنەکانی خۆیان لەگەڵ چەند گۆڤارێکی سیاسیی یان هونەری دەگۆڕنەوە. بەڵام پێدەچێ زۆربەی ئەو گۆڤارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیانە هەندێ ئامانجی تایبەتیان لە لایەن وەزارەتی ئیرشاد یان دەزگاکانی ئاسایشی حکومەتەوە بۆ دیاری کراوە. هەروا کە چەند گۆڤارێکیان ئەو ئەرکەیان پێ ئەسپێردراوە کە تەنیا لە دژی لایەنە چەپەکان بابەت بنووسن.

ڕۆژنامە و خاوێنکردنەوە

لە ئێراندا تەنیا خوێنەرانی ڕۆژنامە، ڕۆژنامە ناکڕن. چونکە کڕینی ڕۆژنامە بووەتە کاری کارگوزاران و ئەو کەسانەی بینا بازرگانییەکان و خانووەکان خاوێن دەکەنەوە. هەموو ئەو کارگوزارانە لەوە تێگەیشتوون کە شووشەی بیناکان بە ڕۆژنامە خاوێن بکەنەوە. کارگوزاران تەنانەت مادە و جۆری کاغەزی ڕۆژنامەکانیش بە باشی دەناسنەوە. چونکە دەڵێن هەندێ لە کاغەزەکان چەورترن و کارەکەیان ئاسانتر دەکاتەوە. بۆیە زیاتر ئەو ڕۆژنامانە دەکڕن کە چەوری و ڕۆنی زیاتریان پێوەیە.

دوای شۆردنی مەسعەده‌كانیش بە ڕۆژنامە کەف و بەرەیان دادەپۆشن.  شووشتنگه‌كانیش دوای شۆردنی ئۆتۆمبیله‌كان، ناوەوەی ئۆتۆمبیله‌كان بە ڕۆژنامە وشک دەکەنەوە. زۆرێک لە وێنەکێش و شێوەکارانی بیناکان و ئۆتۆمبیله‌كانیش هەرگیز ڕۆژنامە کۆنەکان پشتگوێ ناخەن. ڕۆژنامەکان لە کەف و بەری ژوورەکان ڕادەخەن بۆ ئەوەی زەوییەکە پیس نەبێت. جگە لەوانە، ئەو شوێنانەی باڵه‌خانه‌ و ئۆتۆمبیل کە نابێ ڕەنگ بە خۆیانەوە بگرن بە ڕۆژنامانە دادەپۆشن. 
خەڵکی ئاسایى لەناو ماڵ ڕۆژنامەکان بۆ پاککردنی سەوزە یان مریشک لە ناو چێشتخانەکانیان بەکار دەهێنن. بۆیە ڕۆژنامە زۆر ئەرکی نوێی بۆ پەیدا بوون.

کەمبوونەوەی تیراژ

لەو ساڵانەی دواییدا و پاش ئەوەی خەڵک لە بزووتنەوەی ساڵی ٢٠٠٩ بێ هیوا بوون، تیراژی ڕۆژنامەکانیش لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، هەرچەندە لە دوای سەرۆک کۆماری خاتەمی دەستی پێکردبوو. بەڵام شکستی بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ گورزێکی کوشندەتری لە ڕۆژنامە سەربەخۆکانی ئێران دا.

لە ئێستادا هۆکاری کەمبوونەوەی تیراژی ڕۆژنامەکان تەنیا کۆرۆنا نییە. پەرەسەندن و دەستپێڕاگەیشتنی خەڵک بە ئینتەرنێتیش نییە. لە ڕاستیدا خەڵکی ئاسایی لە بڵەبڵکردنی ڕۆژانەی بەرپرسانی حکومەت ماندوو بوون. وەک بڵەی ڕۆژنامەکانیش داواکارییەکانی خەڵکیان پشتگوێ خستبێ. هاووڵاتیانی ئێران خوازیاری گۆڕانکارین و ئەو ڕوانگەیە لە ڕۆژنامە و میدیا فەرمییەکاندا نابیننەوە.

ڕۆژنامەکان و گۆڕانی چینایەتی

هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەکبەر ڕەفسەنجانی و محەمەد خاتەمی لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا هەلومەرجێکی ڕەخساند بۆ ئەوەی چینی ناوەڕاست تا ڕادەیەک پەرە بسێنێت و تا ڕادەیەک بە داهاتوو هیوادار بێت. بەڵام ئەو هیوایە زۆری نەخایاند. هاوکات لەگەڵ دەرکردنی نوێنەرانی ئەو چینە لە پێکهاتەی دەسەڵات، حکومەت ڕۆژنامەکانیشی داخست. دوای ئەوە زەمینە و بەستێنی هێنانە سەر دەسەڵاتی مەحمود ئەحمەدینژادی فەراهەم کرد. دوای قۆناغی ئەحمەدینژاد سەر لە نوێ چینی ناوەڕاست هاتەوە مەیدان بەو هیوایە کە بە هەڵبژاردنی ڕۆحانی دۆخەکە لە قازانجیان بگۆڕدرێت. بەڵام ڕۆحانیش نەیتوانی وەڵامدەرەوەی پێداویستی و داواکارییەکانی چینی ناوەڕاست بێت.

ئەو گۆڕانکاریانە لە ستراکتۆری چینەکانی کۆمەڵگە یان حکومەت کاریگەری لەسەر ڕۆژنامەکانیش دادەنێت. بە جۆرێک کە بە پەرەسەندنی چینی ناوەڕاست ڕۆژنامەکانیش لە کەشی سیاسیی ئەو وڵاتەدا گیانیان دەگرنەوە بەڵام ئەو کاتانەی چینی ناوەڕاست دەکەوێتە ژێر گوشار، ڕۆژنامە سەربەخۆکانیش لە لایەن خەڵکەوە پشتگوێ دەخرێن و ناخوێنرێنەوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین