قەبارەی پارتەكانی توركیا لە راپرسییەوە بۆ گردبوونەوەی جەماوەری شیکاری

نوچەنێت

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

بڕیارە رۆژی (14)ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوە بچێت، بەر لەو وادەیە، كاندیدەكان لە رێگەی لێدوانەوە یەكتری تۆمەت بار دەكەن، پاشان گرتە ڤیدیۆكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ راكێشانی دڵی دەنگدەران بڵاودەكەنەوە، هەر رۆژەی دواین ئەنجامی راپرسییەك بڵاو دەكرێتەوە، لەگەڵ دەستپێكردنی گردبوونەوە جەماوەرییەكان رێژەی بەشداری جەماوەری پارتەكان و ئاستی جەماوەریان باشتر دەركەوتووە.

پارتە سیاسییەكانی توركیا داوا لە كۆمپانیاكانی لێكۆڵینەوە و راوێژكاری دەكەن راپرسیان بۆ ئەنجام بدەن، ئەو راپرسیانەش بۆ راكێشانی سەنجی شەقام و زانینی خواستی دەنگدەرانە، بەر لە هەڵبژاردنەكان ژمارەی راپرسییەكان زیادی كردووە، ئاشكرایە ئەو راپرسیانەی چەند سەد كەسێك لە شارە جیاوازەكان و چینەكان تێدا بەشدار دەبن، لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە رێژەی بەشداری لە (90%) دەبێت وەك یەك نییە، بەڵام ئەنجامی راپرسیەكانی ئەو هەڵبژاردنە گێژاوێكی گەورەی دروستكردووە، هەندێك لە راپرسییەكان یاری بە ئەنجامەكان دەكەن و زیادەڕەوی لە جەماوەری كەندێك دەكەن، ئەوەش بە ئامانجی گۆڕینی ئاڕاستەی رایگشتییە لەبری زانینی بۆچوونی دەنگدەران.
هەندێك راپرسی ئەنجامەكانی كەمال كلیچدارئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری و كاندیدی شەش پارتەكە پێش رەجەب تەیب ئەردۆغان دەخات، بە جیاوازی لە (20%) بەڵام زۆربەی ئەنجامەكان لەگەڵ دابەزینی كاندیدەكان بۆ گۆڕەپانەكان بۆ گردبوونەوەی جەماوەری و قسەكردن لەبەردەم جەماوەرەكانیان گۆڕانكاری بەسەردادێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە دیمەنی گردبوونەوەی گۆڕەپانەكان پێچەوانەی ئەنجامی راپرسییەكانە كە كلیچدار ئۆغلۆ پێش ئەردۆغان دەخەن.
كەمال كلیچدارئۆغلۆ گردبوونەوەكانی لەو شارانە رێك دەخات كە پارتی گەلی كۆماری و پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە زۆرینەی جەماوەرین، مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە و میراڵ ئەكشنار، سەرۆكی ئی پارت رەوانەی ئەو شارانە دەكات كە دانیشتوانەكانی پاڵپشتی راستڕەوە نەتەوەییەكان دەكەن، لە هەندێك گردبوونەوەی وەك ئیزمیریش سەرۆكی هەر شەش پارتەكە بەشدار دەبن. 
رێژەی ئامادەبوونی جەماوەری لەو گردبوونەوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی جەماوەری كلیچدار جەماوەری جەهەپە و هەدەپەیە، بەڵام زۆربەی جەماوەری ئی پارت ئامادە نابن، ئەكشنار چەند هەوڵدات لە رێگەی سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە كە لەسەر راستڕەوی نەتەوەیی حیسابە دەنگدەرانی ئاشت بكاتەوە، بەڵام لە رازیكردنی دەنگدەرانی نەتەوەیی كە پاڵپشتی پارتەكەیینە شكست دەهێنێت بۆ ئەوەی دەنگ لە بەرژەوەندی كلیچدار ئۆغلۆ بدەن، كە هاوپەیمانی ئەو پارتەیە كە لەسەر پەكەكە حیساب دەكرێن.

چوار پارتە بچووكەكەی ناو هاوپەیمانی شەش پارتەكە كە پارتی سەعادەت و ئایندە و دیموكراسی و دیڤا پارتە، لە گۆڕەپانەكان نابیندرێن، هۆكارەكەشی لەبەر نەبوونی جەماوەر و ترس لە رووبەڕووبوونەوەی دەنگدەرە تووڕەكانیانە بەهۆی هاوپەیمانیان لەگەڵ جەهەپە و هەدەپە، ئەوەندە بەسە تەنیا سەرۆكەكانیان لە هەندێك چالاكی و بەرنامەی كەناڵەكان و كۆبوونەوە لە هۆڵەكان بەشداری دەكەن، بۆیەش زۆربەەی چاودێرانی سیاسی و لایەنگرانی جەختی لەسەر دەكەنەوە، كە ئەو پارتانە سەركەوتوو نەبوون لە لەتكردنی لایەنگرانی ئاكپارتی و راكێشانیان بۆ رێزەكانی خۆیان بۆ دەنگدان بە كاندیدی شەش پارتەكە.
جەهەپە لە ئیزمیر گردبوونەوەیەكی جەماوەری رێكخست، كەمال كلیچدار ئۆغلۆ لەگەڵ سەركردەی پێنج پارتەكەی تر و ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ و مەنسوور یاڤاش بەشداریان كرد و هەریەك لەوانە وتەیەكی لەبەردەم ئامادەبووان پێشكەش كرد.
كەمال كلیچدار ئۆغلۆ ماوەی (15) خولەك قسەی كرد، میراڵ ئەكشنار حەوت خولەك قسەی كرد، بەڵام ئەحمەد داود ئۆغلۆ كە لایەنگرانی جەهەپە خۆشیان ناوێت، نیوكاتژمێر قسەی كرد، ئەوەش وایكرد كەناڵی (خەڵق تیڤی) كە سەر بە پارتی گەلی كۆمارییە گواستنەوەی پەخشی راستەوخۆ لەكاتی قسەكانی داود ئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی ئایندە رابگرێت، ریكلامی بازرگانی بڵاوبكاتەوە. 
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەكەن ژمارەی بەشداربووان لە گردبوونەوەی پارتی گەلی كۆماری زۆر كەمتر بوو لە ژمارەی ئەو گردبوونەوەی ئەو پارتە لە (2018) رێكیخست هۆكارەكەشی ئەوەیە لایەنگرانی ئەو پارتە بەهۆی كاندیدكردنی كەسانێكی دژە ئەتاتورك و لایەنگری گولەن لە پارتەكەیان بێ هیوابوونە.

پارتی دادوگەشەپێدان گردبوونەوەیەكی لە هەمان شار بە بەشداری رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش گردبوونەوەی جەهەپە رێكخست، رێژەی بەشداری لەو گردبوونەوە بۆ لایەنگرانی كلیچدار ئۆغلۆ چاوەڕوان نەكراو بوو، كە دەیانگوت، ئەنجامی راپرسییەكان دروستكراوە، پێیان وابوو دەنگی كلیچدار بە جیاوازییەكی زۆر لەپێش دەنگی ئەردۆغانە، هەروەك جەماوەری سەرۆك كۆماری توركیا لە گۆڕەپانەكانی ئەو شارانەی لە قەڵای جەهەپە دادەندرێت حیساب ناكرێت.
ئەو بەدەمەوەچوونە جەماوەرەی لە گردبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئاكپارتی بە بەشداری رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرەڕای بوومەلەرزەكە و كێشە ئابوورییەكانی توركیا ئەردۆغان تا ئێستا پارێزگاری لە پێگەی جەماوەری و متمانەی شەقام كردووە، هەروەك رێژەی بەشداری لە دەرەوەی وڵات زۆر بەرزە، ئەوەش ئەگەر هەیە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن یەكلابكاتەوە، لە هەڵبژاردنەكانی رابردووش هەمیشە ئەردۆغان بەرزترین رێژەی دەنگەكانی بەدەست هێناوە.

سەرچاوە: عەربی 21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین