بۆچی هاوپەیمانی میللەت شكستی هێنا؟ بیروڕا

نوچەنێت

ئیسماعیل تەها

رۆژی (14)ی ئەم مانگە هەڵبژاردنەكانی توركیا بەڕێوەچوو، ئەوەی بۆ ئۆپۆزسیۆن چاوەڕواننەكراو بوو، ئەوە بوو نە توانیان زۆرینەی كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن، نە توانیشیان كەمال كلیچدار ئۆغلۆ لەگەڕی یەكەم سەربخەن، بەڵكوو بە پێچەوانەوە هاوپەیمانی جمهوور، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات، زۆربەی كورسییەكانی پەرلەمانی بردەوە، خۆشی لە سەركەوتن نزیك بۆوە. 

ئەو شكستەی ئۆپۆزسیۆن نەك تەنیا بۆ خودی خۆیان، بەڵكوو بۆ وڵاتانی جیهانیش بەتایبەت ئەوروپا و ئەمەریكا چاوەڕواننەكراو بوو، بەتایبەت بەهۆی قەیرانی ئابووری و بوومەلەرزەكەی مانگی شوباتی ئەمساڵ چاوەڕوان دەكرا، ئەردۆغان بە تەواوی شكست بهێنێت، ئەو هەژموونەی بە (20) ساڵ كۆی كردبۆوە كۆتایی پێ بێت، جارێكی تر توركیا لە رێگەی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) و كاندیدی سەرۆكایەتی توركیا بگەڕێتەوە بۆ بەرەی ئەمەریكا و ناتۆ.

مێزە شەش كەسییەكە

ئەگەر بەگڕێنەوە بۆ پاشخانی دروستبوونی هاوپەیمانی میللەت بە سەرۆكایەتی كەمال كلیچدرارئۆغلۆ، ئەو شكستەی ئۆپۆزسیۆن كۆمەڵێك هۆی هەیە، كە تەنیا پەیوەست نییە بە خوودی شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵكوو هۆیەكان مێژووێكی درێنتریان هەیە، كە هەندێكی پەیوەست بوو بە ناوخۆ و شێوازی بیركردنەوەی بنكەی جەماوەری ئەو شەش پارتە، بەشەكەی تریش پەیوەست بە دۆخی توركیا و بەرنامەی هەڵبژاردنەكانیان.  
لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی رابردوو بۆ یەكەمجار شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێكەوە كۆبوونەوە، ئەو كۆبوونەوە بە رووداوێكی گرنگ لە توركیا دەدەندرا، كە بۆ یەكەمجار هاوپەیمانی میللەت فروان بكرێت، بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنە شكست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی نەتەوەیی (مەهەپە) بهێنن. 
كۆبوونەوەكانی ئەو شەش پارتە درێژەی كێشەی، ئەوان لەسەر دوو خاڵی سەرەكی رێككەوتن، گێرانەوەی سیستەمی پەرلەمانی بەهێز و لادانی ئەردۆغان لە دەسەڵات، بۆ ئەوەش گفتوگۆی زۆر لەسەر ئەو كەسە بەهێزە كرا كە دەبێتە ركابەری ئەردۆغان. 
لە یەكەم هەنگاودا كەمال كلیچدار ئۆغلۆ، بە راستەوخۆ و بە ناڕاستەوخۆ، خۆی وەك كاندیدی ئەو شەش پارتە دەناساند.

دیاریكردنی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن

میراڵ ئەكشنار، سەرۆكی پارتی باشە پێشنیاری كرد، یا ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ یا مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە بەرانبەر ئەدرۆغان كاندید بكرێت، بەو پێیەی ئەو دووانە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان توانیان لەو دوو شارە بەسەر كاندیدەكانی ئەردۆغان سەركەوتوون، هۆكاری ئەو سووربوونەش ئەوە بوو بە درێژایی هەڵبژادنەكانی رابردوو هەر كەسێك ئیستەنبۆڵی بدرێتەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بۆتە خاوەنی دەنگی زۆرینە، بۆیە چاوەكان خرابوونە سەر ئیمامئۆغلۆ، بەڵام هەر زوو لەلایەن كلیچدارەوە رەتكرایەوە، ئەوەش كێشەی لەناو بنكەی جەماوەری جەهەپە دروستكردبوو، چونكە ئیمامئۆغلۆ خواستی ئەوەی هەبوو ببێتە كاندید، ئەكشناریش زۆر بە جددی كاری بۆ دەكرد، لەناو پارتە پاشخان ئیسلامییەكانیش ئەوخواستە زۆر بەتین بوو، چونكە هەر یەك لە عەلی باباجان و دادود ئۆغلۆ لەسەردەمی ئاكپارتی ململانێی زۆریان لەگەڵ كلیچدار هەبوو، ترسیان ئەوەیان هەبوو ئەردۆغان لەو رێگەیەوە گورزی گەورەیان لێ بدات. 

لە لایەكی تریشەوە عەلی باباجان بەهۆی نزیكی لە عەبدوڵا گول خواستی ئەوەی هەبوو گول ببێت بە كاندید، بەتایبەت لە هەردوو بەرەی موحافیزكار و عەلمانی گول كەسێكی خۆشەویست بوو، بەڵام گول لە هەڵبژاردنی (2018) رایگەیاندبوو، ئەگەر بشبم بە سەرۆك ئەوان چاوەڕوان مەكەن من لێپرسینەوە لەگەڵ منداڵەكانی ئەردۆغان بكەم، چونكە ئەوان وەك منداڵی خۆم سەیر دەكەم، جگە لەوەش بەهۆی خواستی بەهێزی كلیچدار ئەو پێشنیارە نەخرایە سەر مێزی گفتوگۆ.

ناكۆكی ناڕاستەوخۆ

هەندێك جاریش سەرۆكی پارتەكان بە ناڕاستەوخۆ لێدوانی دژ بە یەكیان دەدا، بەتایبەت پارتە بچووكەكان، بەڵام كلیچدار هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بوو مێزە شەش كەسییەكە ناكۆكی تێ نەكەوێت، بۆیە هەرچی داواكارییەكیان هەبووایە رەزامەندی لەسەر نیشان دەدا، دواین رەزامەندی ئەوە بوو، كە ئەگەر ببێت بە سەرۆك كۆمار دەبێت حەوت جێگری هەبێت، چونكە میراڵ ئەكشناریش بەو مەرجە گەڕایەوە سەر مێزەكە سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرەش ببن بە جێگری سەرۆك كۆمار. 

ئەو ناكۆكیانە وایكرد بە درێژایی ساڵی (2022) ئەو شەش پارتە كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە بكەن بۆ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدێك، هەر جارەی بە پاساوێك درێژەیان بەو كۆبوونەوانە دەدا، بەڵام هۆكاری سەرەكی خۆسەپاندنی كەمال كلیچدار بوو، ئەو پارتانەش نەیاندەویست بە دەرچوونیان لەسەر ئەو مێزە تێكچوونی ئەو هاوپەیمانییە بخەنە ئەستۆی خۆیان. 

یەكەم ناكۆكی ناو ئۆپۆزسیۆن

لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ میراڵ ئەكشنار لە ئۆپۆزسیۆن كشایەوە دواتر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "مێزە شەش كەسییەكەش بە نوێنەری خواستی میلەت داناندرێت."
ئەكشنار سەبارەت بە هۆی كشانەوەی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، خۆی و پارتەكەی پاڵپشتی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆك شارەوانی ئیستەنبۆڵ و مەنسور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە دەكەن، بەڵام مێزە شەش كەسییەكە ئەو بۆچوونەیان رەتكردەوە، ئەوەش بووە پاڵنەر بۆ كشانەوەی پارتەكەمان.

بەڵام دوای هاتنە سەرخەتی هەریەك لە سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ و ئەنقەر گفتوگۆیان لەگەڵ ئەكشنار كرد، لەبەرانبەردا ئەكشننار بەو مەرجە گەڕایەوە هەردوو سەرۆك شارەوانیی بكرێن بە جێگری سەرۆك كۆمار. 
ئەو هەنگاوەی ئەكشنار رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بنكەی جەماوەری پارتەكەی بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن دروستكرد. 

پێكهاتەی بنكەی جەماوەری

خاڵێكی تر پێكهاتەی بنكەی جەماوەری شەش پارتەكە بووە، بەتایبەت پارتی سەعادەت و ئایندە و دیڤا، بنكەیەكی موحافیزكاریان هەبوو، زۆر ئەستەم بوو بەشێكی زۆری دەنگ بە كەمال كلیچدار بدەن، لە یەكەم چركەساتی راگەیاندنی كلیچدار، وەك كاندیدی ئۆپۆزسیۆن، ئەنجوومەنی باڵای پارتی سەعادەت رایگەیاند، بەهیچ جۆرێك دەنگ بەو كاندیدە نادەین چونكە یەكێك بوو لەوانەی بەشدارە لە دادگاییكردنی نەجمەدین ئەربەكان، رابەری رەوتی دیدی نیشتیمانی تورك، كە ئێستا بەشێكی سەرەكی ئەو رەوتە لەناو پارتی سەعادەتن.

لاوازی كەسایەتی كلیچدار ئۆغلۆ و نزیكبوونەوەی لە هەدەپە

لە رووی تایبەتمەندی كەسییەوە كلیچدار ئەو كەسایەتییە سەرنجراكێشە نەبووە لە شەقامی توركی تاوەكوو خەڵك چاوەڕوانی زۆر گەورەی لێ بكات، پێشتریش خاوەنی دەستكەوتێكی جەماوەری نەبووە. لەگەڵ ئەوەش سووربوو لەسەر ئەوەی كوردیش بەشدار بێت لەگەڵ ئەو شەش پارتە، بەڵام ئەكشنار هەر زوو گوتی، "لەسەر مێزێك دانانیشم كوردی لەسەر بێت." هەر ئەوەش بوو كاتێك كلیچدار بوو بە كاندید، هەدەپە پاڵپشتی خۆیان بۆ راگەیاند، پاشانیش سەرۆكی جەهەپە سەردانی ئەو پارتەی كرد، ئەو هەنگاوەی كلیچدار و خۆسەپاندنی بەسەر ئۆپۆزسیۆن ناڕەزایی توندی بنكەی جەماوەری پارتەكەی میراڵ ئەكشناری لێكەوتەوە، بۆیە بە درێژایی ماوەی هەڵبژاردنەكان خەڵێكی زۆر لەو پارتە جیابوونەوە پەیوەندیان بە مەهەپە و هەندێكیش پەیوەندی بە ئاكپارتی كرد. 
هەروەها بەشێكیش لە ئەندامانی پارتی ئایندە و دیڤا پارتیش گەڕانەوە ناو ئاكپارتی و بەڵێنی دەنگدانیان بە ئەردۆغان دا. 
لەگەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بەهۆی فشەكانی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ موحەرەم ئینجە، كاندیدی سەرۆكایەتی لە كێبڕكێ كشایەوە، دواتریش كشانەوەی لە كاندیدبوون بووە هۆی ئەوەی بنكەی جەماوەری ئەو پارتەش وەك تۆڵەكردنەوە دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین