گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا: ئایا گەمارۆکان هەڵدەوەشێنەوە؟ وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی واتە ئێران، ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕێککەوتوون لە ڤیێنا بە مەبەستی گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئامادە بن و ئەمریکا وتوویەتی نوێنەری خۆی ڕەوانەی ڤێیەنا دەکات. بڕیار نییە ئەمریکا لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار بێت، بەڵام ئێران و ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، قسە دەکەن. ئایا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا گەمارۆکان هەڵوەشێنەوە؟

بە پێی ڕاپۆرتێکی "ئێران وایەر"، عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "کلاب هاوس" ڕایگەیاندووە ئێران و ئەمریکا لەو بنبەستەی کە کام وڵات هەنگاوی یەکەم بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵگرێت دەرباز بوون و چوونەتە ناو "گفتوگۆ تەکنیکییەکانەوە".

هەر یەک لە عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی، و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا داوایان لە لایەنی بەرانبەر کردووە هەنگاوی یەکەم هەڵبگرن، واتە ئێران پیتاندنی ٢٠٪ی ڕاوەستێنێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش گەمارۆکان بە تەواوەتی هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی دوای دڵنیابوونەوە لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان، بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات.

ئەو پێشمەرجانەی تاران و واشنتۆن بنبەستێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان درووست کردبوو، بەڵام ئێستا بە وتەی لایەنی ئێرانی، ئەو کێشە چارەسەر بووە و ئێران و ئەمریکا دەربارەی چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پێکەوە گفتوگۆ دەکەن. ئایەتۆڵا خامنەیی داوای کردووە حکومەت خۆی ببوێرێ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و تا ئێستا ڕێگای پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە بەرپرسانی حکومەت نەداوە. لەو هەلومەرجەدا چۆن دەکرێ گەمارۆکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران هەڵبوەشێنەوە؟

ئیدارەی ترەمپ نزیکەی سێ ساڵ پێش ئێستا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چووە دەرەوە و سەرەتا هەموو ئەو گەمارۆیانە دوای ئەو ڕێککەوتنە سڕ کرابوون دووبارە جێبەجێی کردنەوە و پاشان دوای دوو ساڵ زنجیرەیەکی بەربڵاو سزا و گەمارۆی نوێی خستە سەر ئێران و چەندین دامەزراوە و کەسایەتی ئێرانیی بە هۆی چالاکیە ئەتۆمییەکانی ئێران، تیرۆریزم و مافەکانی مرۆڤ خستە لیستی گەمارۆکان.

ئێران وەک بەرپه‌رچدانەوە بەو گەمارۆیانە سەرەتا بۆ ماوەی یەک ساڵ بە تەواوەتی بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ کردن،  بەڵام پاشان قۆناغ بە قۆناغ لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پاشگەز بووەوە، دەستی کرد بە پیتاندنی ٢٠٪، پاشکەوتنی یورانیۆمی پیتێندراوی ٥٪ی گەیاندە 10 ئەوەندەی ئەو ڕێژەیە کە ڕێگای پێداربوو، دووبارە کەڵکی لە ئامێرەکانی بنکەی فۆردۆ وەرگرت کە بڕیار نەبوو تیایاندا پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدات و دەرئەنجام دوای هەڵپساردنی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆ ڕێژەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردنەوە. 
لەو هەلومەرجەدا، ئێران و ئەمریکا بە ڕەواڵەت چوونەتە قۆناغێکەوە کە ڕایانگەیاندووە ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ئەزموونی گفتوگۆکانی پێشوو کە ئەنجامەکەیان ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (ساڵی ٢٠١٥) بوو نیشاندەری ئەوەیە کە ئەگەری زۆرە هەر دوو لایەن سەرەتا دەست لە پێشێلکردنی زیاتری بەڵێنەکانی ئەو ڕێککەوتنە هەڵگرن و پاشان قۆناغ بە قۆناغ بگەڕێنەوە دواوە و هاوکات بە پێی هەنگاوەکانی لایەنی بەرانبەر هەنگاو هەڵگرن.

بە واتایەکی تر، ئێران و ئەمریکا چارەیەکیان نییە جگە لەوەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لەو بارەوە ڕێک بکەون کە سەرەتا کۆماری ئیسلامیی خۆی ببوێرێ لە پەرەپێدانی زیاتر بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی و ئەو ئامێرانەی پیتاندنی یورانیۆم کە بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕێگایان پێ نەدراوە کۆ بکاتەوە و لە بەرانبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ نموونە بەشێک لە داراییەکانی ئێران ئازاد بکات.

دوای ئەوە بە دەستهەڵگرتن لە پیتاندنی ٢٠٪ی و کۆکردنەوەی بەرهەمەکەی و کەمکردنەوەی پاشکەوتەکانی یورانیۆمی پیتێندراو و گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ ئێران، دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش چوونەدەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ئەستەمە ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی تر جگە لەوەی باس کرا دووبارە بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەنەوە. لە بیرمان نەچێ ئەوەیش تا ئێستا ئەنجام دراوە پێچەوانەی ئەو مەرجەیە کە ئایەتۆڵا خامنەیی پێشتر داینابوو و داوای لە ئامریکا کردبوو بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکان، دەرفەت بە ئێران بدات لە هەڵوەشاندنەوەیان دڵنیا بێتەوە و دوای ئەوە بە تاران تەواوەتی بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات. ئەوە وەک ئەو مەرجانەن کە پێشتریش خامنەیی لە کاتی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ڕایدەگەیاندن و بە هۆی ئەو بنبەستانەوە کە درووستی دەکردن، دیپلۆماتە ئێڕانییەکان بە شێوەیەک کە نەبێتە هۆی شکانەوەی  خامنەیی و هەڵبەت بە هاوئاهەنگی لە خۆی، لەو مەرجانە پاشگەز دەبوونەوە.

گومانێک لەوەدا نییە ئێران پێویستییەکی ئێجگار زۆری بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان هەیە. داهاتی ساڵانەی نەوتی ئەو وڵاتە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکان لە ١٠٠ ملیار دۆلارەوە گەیشتووەتە کەمتر لە ٨ ملیار دۆلار و هەر ئەو بڕه‌یش بە هۆی گەمارۆ داراییەکان لە بانکەکانی دەرەوەی ئێراندا دەستی بەسەردا گیراوە. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، وتوویەتی لە ڕووی ئیدارەدانی وڵاتەوە ساڵی ٢٠٢٠ لە سەختترین ساڵەکانی دوای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی بووە و گەمارۆکان هەر کاتێ هەڵبوەشێنەوە خەسارێکی کەمتر لە ئێران دەدرێ.

ئەو دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی  خامنەیی چارەیەکی نەبێ جگە لەوەی بە مەبەستی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان لە مەرجەکانی پاشگەز بێتەوە و گەمارۆکان دوای هەڵگرتنی هەنگاوی هەر دوو لایەن هەڵبوەشێنەوە. بەڵام ئەگەر جۆ بایدن لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە کە سەبارەت بە ئێران بەڵێنی داون پێداگری بکات، ئەوە هێشتا سەرەتای گرژییەکانە.

ئیدارەی بایدن وتوویەتی بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەیەوێت بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکان و سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچە سنووردار بکات. خامنەیی ڕایگەیاندووە ئەوانە "هێڵی سوورن" و گفتوگۆیان لەسەر ناکرێ. ئیدارەی ترەمپ هەوڵی دەدا بە چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەمان ئەو ئامانجانە بپێکێت، بەڵام ئیدارەی بایدن دەیەوێت بە گەڕانەوە بەو ڕێککەوتنەکە بەو ئامانجانە بگات.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین