توركيا و ميسر چەند رێككەوتنێك واژۆ دەكەن وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێڕانی: ئیسماعیل تەها

ڤيكتۆر ميخين، چاودێرى سياسى رووسى راپۆرتێكى لە گۆڤارى (NEO) بڵاوكردۆتەوە، لە بەشێكى ئەو راپۆرتە دەڵێت، دەستپێكردنەوەى پەيوەندييە ديپلۆماسييەكانى نێوان توركيا و ميسر دەرگا لەبەردەم هاوكارى لە چەندين دۆسيەى جۆراوجۆر دەكاتەوە، رێگەش بۆ بەستنى لووتكەى سەرۆكايەتى خۆش دەكات، كە چاوەڕوان دەكرێت لە چەند هەفتەى داهاتوو لە ئەنقەرە ببەسترێت، پاشان قاهيرەى بەدواوە بێت. 

لە (2013) كودەتاى سەربازى بەسەر محەمەد مورسى، سەرۆكى ئەواتەى ميسر كرا، دواى ئەوە ئاڵۆيى و ناكۆكى توند كەوتە نێوان توركيا و ميسر،  دواتريش پەيوەندييە ديپلۆماسييەكانى نێوانيان گەيشتە ئاستى پچڕان.

لە چەند مانگى رابردوو حكومەتی میر عەمر حەمامى وەك باڵيۆزی وڵاتەكەی لە توركيا دياريكرد، لەبەرانبەريشدا ئەنقەرە ساڵح موتڵۆ شينى وەك باڵيۆزى وڵاتەكەى لە ميسر دياريكرد، كە پێشتر وەك كابەڕێكەرى باڵيۆزخانە لەو دوو وڵاتە كاريان كردبوو.

چەند سەرچاوەيەك باس لەوە دەكەن، ئەو دوو باڵيۆزە، لووتكەى نێوان عەبدولفەتاح سيسى، سەرۆكى ميسر و رەجەب تەيب ئەردۆغان سەرۆكى توركيا رێك دەخەن، بۆچوونى بەهێز ئەوەيە لووتكەى يەكەم لە چەند هەفتەى داهاتوو لە ئەنقەرە دەبێت، لووتكەى دواتر لە قاهيرە دەبێت.

دەستپێكردنەوەى پەيوەندييەكان لەسەر ئاستى بەرپرسانى باڵاى هەردوو وڵات، رێگە بە بەرەو پێشبردنى كۆمەڵێك پلان بۆ هاوئاهەنگى سياسيى و ئابووريى و دارايى و كلتوورى دەدات.

ليبيا و سنوورە ئاويييەكان

بەگوێرەى دەزگا راگەياندنە ميسرى و توركييەكان پڕۆسەى دەستێكردنەوەى پەيوەندييە ديپلۆماسييەكان بە شێوەيەكى تەواو لە (2019) لە چوارچێوەى پرسە ئەمنيەكانى ليبياى دراوسێى رۆژئاواى ميسر دەستى پێ كردووە، ئەوەش لە كاتێدا بوو توركيا پاڵپشتى حكومەتى دانپێدانراوى نەتەوە يەكگرتووەكان دەكرد، كە بارەگاكەى لە تەرابلووس بوو، لە بەرانبەردا ميسر پاڵپشتى خەليفە حەفتەرى دەكرد، كە ناكۆكى لەگەڵ حكومەت لە سەر دەسەڵات و هەژموون بوو لە وڵاتێكى دەوڵمەند بە نەوت بوو. 

ئاشكرايە لەو كاتەدا ئەنقەرە و قاهيرە سوورن لەسەر ئەوەى رێگرى لە سەرهەڵدانى ململانێى لە بازنەيەكى فراوانتر لەسەر خاكى ليبيا بكەن، لە مانگى تشرينى دووەمى (2019) دانوستان لەسەر سنوورە ئاوييە ناكۆكييە لەسەرەكان دەستى پێ كرد و واژۆيان لەسەر ئەو رێككەوتنە كرد.

دەرياى سپى ناوەند بۆ زيندووكردنەوەى پەيوەندييەكانى توركيا و ميسر گرنگە، هەردوو وڵات بە تايبەت توركيا دەيانەوێت لەسەر دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان رێككەون، كە رێگەيان پێ دەدات بەشدارى لە دۆزينەوەى گازى زيادە بكەن.

بابەتى دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان لە دەستپێكى راگەياندنى گفتوگۆكان لە مانگى ئايارى (2021) لەسەر ئاستى باڵاى هەردوو وڵات لەسەر مێزى گفتوگۆيە، بەڵام لەو ديدارە كورتەى نێوان سەرۆكى هەردوو وڵات لە پەراوێزى دەستپێكردنى مۆنديالى جيهانى بۆ تۆپى پێ لە دەوحەى پايتەختى قەتەر لە مانگى تشرينى دووەمى رابردوو پرسى دياريكردنى سنوورە ئاوييەكان باس نەكرا.

سەرەڕاى ئەوەش ئەگەر هەيە عەبدولحەميد دبيبە، سەرۆكى حكومەتى يەكێتى نيشتيمانى بەشدار بێت لە گفتوگۆى ئەردۆغان و سيسى لە ئەنقەرە، بەدوور نازاندرێت لەو كۆبوونەوە بە قووڵى باس لەو بابەتە بكرێت. 

سوودان و حەفتەر و حەميدەتى

وەزارەتى دەرەوەى ميسر ئەو دۆخە ديلپۆماسيەى ئێستاى بە دۆخێكى تەواو نوێ وەسف كرد، ئێستاش ميسر پەيوەندييەكى لەسەرەخۆيى لەگەڵ دبيبە هەيە، ئەوەش لە كاتێدايە لە خەليفە حەفتەرى بەرپرسى سوپاى ليبيا لە بەشى رۆژهەڵات كە دەكەوێتە سەر سنوورى رۆژئاواى ميسر رازى نييە، بەهۆى دەورى لە ململانێى ئێستاى سوودان.

لە مانگى نيسانى ئەمساڵ سوپاى سوودانى بە سەرۆكايەتى عەبدولفەتاح بورهان، هێزەكانى پاڵپشتى خێرا بە سەرۆكايەتى محەمەد حەمدان دەقلۆ (حەميدەتى) رووبەڕووى يەكتر بوونەوە، كە تا ئێستا زياتر لە سێ هەزار كەس كوژراون، زۆرينەيان هاووڵاتى سڤيلن، دوو مليۆن و (800) هەزار كەس ئاوارە بوونەوە لە ناوخۆ و دەرەوەى يەكێك لە هەژارترين وڵاتانى جيهان پەنادراون.

سەرچاوە ديلپۆماسييەكانى رۆژئاوا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە خەليفە حەفتەر رۆڵى هەبووە لەگەياندنى پێداويستى و شەڕەكەرەكان بۆ هێزەكانى پاڵپشتى خێرا، لە هەمان كاتيش ميسر دەيەوێت سنوورێك بۆ تێكچوونى دۆخى سوودانى دراوسێى باشوورى دابنێت، هەروەك ئەو ناوچەيە پەيوەستە بە سەقامگيرى سووپاى سوودان.

لە كاتێدا قەيرانێكى توند هەيە و ميسر رايگەياند، پێشوازى لە (40%) ئەو شەپۆلە نێوەى پەنابەران لە سوودانەوە دەكات، باس لەوەش دەكرێت لەسەر بازنەيەكى فراوان پاڵپشتى سووپاى سوودان دەكات، ئەوەش لە كاتێدايە قاهير داوا دەكات كۆتايى بە جەنگ بهێنن، بە دانوستان چارەسەرى ئەو ململانێيە بكەن.

بەگوێرەى رۆژنامەى ئەهرامى فەرمى لە سەرچاوەيەكى ئاگادارەوە گواستۆتيەوە ميسر پەيوەندييەكى بەهێزى لەگەڵ توركيا هەيە، لەو چەند ساڵەى رابردوو هاوئاهەنگييەكانى لەگەڵ حەفتەر لە بەشێكى ديپلۆماسى نوێ كەمتر كردۆتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی خەلیج جەدید

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین