ئەردۆغان رێڕەوی هندستان و ئەوروپا بەبێ توركیا نابێت ئابووری جیهان

نوچەنێت

ئەمەریكا هەوڵدەدات لە رێگەی رێڕەوێكی نوێ هندستان بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا ببەستێتەوە، لە سعوودیەشەوە رێڕەوێك بەرەو ئیمارات و عێراق و لە عێراقیشەوە بۆ توركیا بە ئەوروپا ببەستێتەوە، سەرۆك كۆماری توركیاش جەخت لەسەر هەماهەنگی و پێكەوەیی دەكاتەوە دەشڵێت، بەبێ توركیا رێڕەوی هندستان و ئەوروپا نابێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (11/ئەیلوول/2023) ماڵپەڕی (خەلیج جەدید) بڵاویكردەوە ئەردۆغان سەبارەت بەو رێڕەوەی هندستان بە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێتەوە  ئاماژەی بەوە كرد، ئەو رێڕەوە بەبێ توركیا نابێت، هێڵی گونجاوتر بۆ جووڵەی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، ئەو هێڵەیە كە بە توركیا تێدەپەڕێت.

لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، لە داهاتوودا نرخی جیهانی گازی سرووشتی لە توركیا دیاری دەكرێت، ئەوەش لە رێگەی چەند هەنگاوێكە كە بۆ دروستكردنی بنكەی گازی سرووشتی درووست كرابوو.

لە لایەكی ترەوی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنیشینی سعوودی راگەیاند، ئەو پڕۆژە ئابوورییە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانە كە هێڵێكی ئاسنییشی تێدایە، بەندەرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەوروپا و هندستان دەبەستێتەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، "ئەو رێڕەوە دەرفەتی كاری درێژمەودا دەرەخسێنێت، هەروەك ئەو رێڕەوە ئابوورییە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هندستان و رۆژهەڵات و ئەوروپا زیاد دەكات.

دوێنێ یەكشەممەش ئەردۆغان  يەكشەممە لە كۆتايى لوتكەى كۆمەڵەى (20) لە نيودهلى پايتەختى هندستان لە كۆنگريەكى رۆژنامەوانى بە رۆژنامەنووسانى راگەياند، " توركیا لەگەڵ هەريەك لە سعووديە و ئيمارات و عێراق كار لەسەر هێڵى ئاسنى و بەنەدەرەكانى ناوچەكە دەكات، هيواخوازم كار بكەين لەسەر رێڕەوى بەندەرەكان و هێڵى ئاسنى بە هەماهەنگى لەگەڵ دەستپێشخەرى پشتێنە و رێگەى ئاوريشمى چينى.

رۆژى شەممەی رابردووش هەریەك لە جۆ بايدن، سەرۆكى ئەمەريكا و محەمەد بن سەلمان، شازادەى جێنشينى سعووديە و ناريندرا مۆدى، سەرۆك وەزيرانى هندستان، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاين، سەرۆكى كۆمسيۆنى باڵاى ئەوروپا لە لوتكەى ساڵانەى كۆمەڵەى (20)  ئەو پڕۆژەيان راگەياند.

ئەو پڕۆژەيە بەشێكە لەو دەستپێشخەريى هاوبەشييە لەپێناو وەبەرهێنان لە ژێرخانى جيهانييە، كە ئەو رێڕەوە يارمەتيدەر دەبێت لە بەهێزكردنى بازرگان و گواستنەوەى سەرچاوەكانى وزە و پەرەپێدانى پەيوەندى ئەليكترۆنى.

بەگوێرەى لێدوانى جيك سۆليڤان، راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى كۆشكى سپى، ئەو پڕۆژەيە هەر يەك لە هندستان و سعووديە و ئيمارات و ئوردن و ئيسرائيل و يەكێتى لەخۆ دەگرێت.

ئەو پڕۆژەيە لە دەستپێشخەرييە سەرەكييەكانە كە كۆشكى سپى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەركردايەتى دەكات، كە لە كاتێكدا رۆڵى چين لەو ناوچەيە بەرەو پێش دەچێت.

ئەمەريكا لە رێگەى ئەو پڕۆژەيە دەيەوێت رۆڵى چين لە دەستپێشخەرى پشتێنە و رێگەى ئاوريشمى چينى كەم بكاتەوە، كە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە بەشێكى سەرەكى ئەو پڕۆژەيە دادەنرێت، كە ئامانجى بەستانەوەى چينە لە رێگەى ئەو پڕۆژە گەورەيە بە ژێرخانى مێژووى مرۆڤايى.

ئەوەش لە كاتێدايە جۆ بايدن كار لەسەر ئەگەرى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوان سعووديە و ئيسرائيل دەكات، پێشتريش پەيوەندييەكانى ئيسرائيل لەگەڵ ئيمارات و بەحرێن و مەغريب ئاساييكرايتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین