ئەردۆغان و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كۆبوونەوە تورکیە

نوچەنێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كۆبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (20/ئەیلوول/2023) ماڵپەڕی (ئاڕتی) بڵاویكردەوە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆك كۆماری توركیا لە نیویۆرك كۆبوونەوە، لەو كۆبوونەوە گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل كرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆكایەتی توركیا ئەردۆغان و ناتەنیاهۆ لە ماڵی توركی كۆبوونەتەوە، گفتوگۆیان لەسەر پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ململانێكانی فەڵەستین و ئیسرائیل كردووە.

ئەردۆغان رایگەیاندووە، دەتوانین لەگەڵ ئیسرائیل لە بوارەكانی وزە و تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكرد و ئاسایشی ئەلیكترۆنی كاری هاوبەش بكەین، هەروەك پێویستیشە لەسەر هەموومان پێكەوە كار بۆ جیهانێك بكەین كە تێیدا ئاشتی باڵادەست بێت.

لە لایەكی تریەوە راگەیاندنەكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەسەر هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ریاز و تەلئەبیبیان كردووە، هەردوولاش لەسەر سەردانی نزیكی هەردوو سەرۆك رێككەوتن.

كەناڵ (12)ی ئیسرائیلیش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەردۆغان بایەخی تەواو بە رێكخستنی گەشتەكەی لە نزیكترین كات بۆ ئیسرائیل دەدات، تاوەكوو نوێژێك لە مزگەوتی ئەقسا بكات.

لە (2010) بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كاروانێكی مرۆیی توركیا كە بووە كوژرانی (10) كەس، لە كاتی گواستنەوەی هاوكاری بۆ كەرتی غەززە، پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل تێكچوو، دواتریش لە (2016) ئەنقەرە باڵیۆزی ئیسرائیل دەركرد، لە (2018) جارێكی تر بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل پەیوەندییەكانیان ئاڵۆزبۆوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین