ئەمریکا: مه‌رجه‌كانى ئێران كێشه‌ بۆ گفتوگۆى ڤێینا دروست ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ڕۆژی هەینی لە ڤیێنا و لە شوێنی گفتوگۆکانی گرووپی ١+٤ لەگەڵ ئێران گەڕابووەوە بۆ واشنتۆن وتی، "هەرچەندە گفتوگۆکان بە هۆی بەشدارنەبوونی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە دانیشتنەکاندا بە هێواشی دەچنە پێش بەڵام ڕژدن".

 

ئەمڕۆ شەممە  10 نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە: ئەو بەرپرسە باڵای ئەمریکا وتوویەتی هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی هەموو گەمارۆکانی ساڵی ٢٠١٧ تا ئێستا، وەک پێشمەرجی گەڕانەوەی تەواو بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕەنگە گفتوگۆکان تووشی کێشە بکات.

ئێوارەی هەینی، نۆی نیسان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە  میانەی کۆنفڕانسێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە وردەکارییەکانی گفتوگۆکانی نێوان گرووپی ١+٤ (پێکهاتوو لە بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، چین و ڕووسیا) لەگەڵ ئێران کە ئەمریکاش بە شێوەی هاوتەریب و نەک ڕاستەوخۆ تیایدا بەشدارە، ڕوونکردنەوەی دا و بەرپرسێکی باڵای ئەو وەزارەتخانە هەوڵی دا بۆ میدیاکان باس لە هەندێ لە ڕووداوەکانی هەفتەی یەکەمی گفتوگۆکان بکات.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوە کە ڕۆژی هەینی بە فەرمی ناوی ئاشکرا نەکرا وتوویەتی، "پرسی سەرەکی گفتوگۆکانی هەفتەی ڕابردوو ئەوە بوو هەم ئێران و هەم ئەمریکا دیاری بکەن پێویستە بۆ گەڕانەوەی هەر دوو لا بۆ ڕێککەوتنەکە چ بکرێ... هەڵبەت ئەوە یەکەمین ئامانجی گفتوگۆکانە... گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆ ئەنجام دران چونکە ئێران دژی ئەوە بوو کە ئەمریکا لەو گفتوگۆیانەدا ئامادە بێت، بۆیە ئێمە زیاتر لە ڕێگای وڵاتانی ئەوروپی و هەندێ جار لایەنەکانی تری ئەندامی ڕێککەوتنەکە پێکەوە گفتوگۆ دەکەین".

ئێران کە عەباس عەراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی بە سه‌رۆكایه‌تى شاندێک ڕەوانەی ڤیێناى کردووە، دەڵێت ئەمریکا بە چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیتر ڕێگای پێ نادرێ لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بێت.

مەرجێکی تری ئێران بۆ جێبەجێکردنی هەموو بەڵێنەکانی خۆی ئەوەیە ئەمریکا هەموو گەمارۆکان کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ لە دژی تاران داسەپاون هەڵیانوەشێنێتەوە. 
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێن ڕەنگە ئەو مەرجەی ئێران گفتوگۆکان بگەیەنێتە بنبەست.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت،  "بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی خۆمان و ئەندامانی تری ڕێککەوتنی ئەتۆمی (واتە وڵاتانی ئەوروپیی و تەنانەت چین و ڕووسیا) ئەمریکا چەندین پێشنیاری جدی خستووەتە ڕوو و نیشانی داوە چەندە پێداگرە لەسەر گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، بەو مەرجەی ئێرانیش هەموو بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات".

بە وتەی ئەو بەرپرسە بڕیارە گفتوگۆکان لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە ڤیێنا دەست پێ بکەنەوە و ئامانجی هەفتەی دووەمی گفتوگۆکانیش دیاری کراوە و بریتییە لە ئاشکراکردنی ئەو هەنگاوانەی کە چاوەڕوان دەکرێ هەر دوو لایەن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە هەڵیان بگرن و هیوادارین ئێران نیشانەی گەورەتر سەبارەت بە خواستەکانیان بۆ جێبەجێکردنی هەموو بەڵێنەکانیان بخەنە ڕوو.

هاوکات، ئەو بەرپرسە ئێوارەی هەینی ئاشکرای کرد کە ئازادی نەوتهەڵگرەکەی کوریای باشوور لە لایەن ئێرانەوە لە گفتوگۆکاندا باسی لێ نەکراوە و ئەوە دوو پرسی جیاوازن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین