ئەڵمانیا سه‌باره‌ت به‌ ئێران: نابێ بە درۆ خۆمان ڕازی نیشان بدەین

نوچه‌نێت

هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، گفتوگۆى ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە "ئەرێنی" وەسف کرد بەڵام وتیشی، " نابێ بە درۆ خۆمان ڕازی نیشان بدەین". هایکۆ ماس وێرای ئاماژەکردن بە دژواری گفتوگۆکان وتی هەموو لایەنەکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاودەنگن.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "تۆڕی نووسەرانی ئەڵمانیا" ڕایگەیاند هەموو لایەنەکان لەسەر جێبەجێکردنی هەموو بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاودەنگن. ماس جەختی کردەوە: لەم قۆناغە سەرەتاییەدا هەموو لایەنەکان، بە چڕێ و بە سەختی پێکەوە گفتوگۆ دەکەن. 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتیشی، "دیپلۆماتەکان سەبارەت بە چەندین پرسی زۆر ئاڵۆز گفتوگۆ دەکەن و پێویستە ڕێگاچارەیەک بۆ لێکتێگەیشتن و پێکهاتنی هەموو لایەنەکان بێتە ئاراوە". 
یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و ڕووسیا هەوڵ دەدەن لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا نێوەندنگیری بکەن. 
ئامانجی کۆتایی ئەو هەوڵانە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا  لەنێوان ئێران و پێنج وڵاتی زلهێزی جیهاندا ئیمزا کرابوو. 
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسان، گفتوگۆکان لە ئاستی جێگری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێککەوتنەدا دەست پێبکەنەوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین