وەزارەتى بەرگرى ئێران: لە کاتى خۆى وەڵامى ئیسرائیل دەدەینەوە ئێران

نوچه‌ نێت

لیوا رەزا تەڵائى، گوتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئێران رایگەیاند، لەبەرانبەر کوشتنى رەزا مووسەوى لە کاتى خۆى وەڵامێکى بەهێز و زیرەکى ئیسرائیل دەدەینەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (26/ كانوونى یەکەم/ 2023) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاوى کردەوە، گوتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئێران رایگەیاند، کوشتنى مووسەوى پێشێلکاریەکى روونى سەروەرى خاکى سووریایە، ئەوەش لە چوارچێوەى تێکدانى ئاسایشى ئەو ناوچەیە، ئەو تاوانەش شایستەى سزاى توندە و دەبێت ئیسرائیل چاوەڕوانى باجەکەى بکات.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى تەڵائى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، لە کات و شوێنى گونجاو وەڵامى ئەو دەستدرێژیەى ئیسرائیل دەدەینەوە، وەڵامەکەشمان وەڵامیکى کارا و کاریگەر و زیرەکانە دەبێت.

دوێنێش ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆک کۆمارى ئێران گوتى، تیرۆرکردنى مووسەوى نیشانەى دەستەوەستانى و بێ توانایى ئیسرائیلە و باجى ئەو تاوانەیان دەدەن.

سوپاى پاسداریش رایگەیاند، ئیسرائیل باجى کوشتنى یەکێک لە راوێژکارە دێرینە سەربازییەکانمان لە سووریا دەدات.

ئێوارەى دوێنێ لە کردەیى سەربازى ئیسرائیل رەزا مووسەوى جێگرى قاسم سلێمانى لە سووریا کوشت، ئەوەش کاردانەوەى توندى ئێرانى بەدواى خۆیەوە هێنا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین