یەکێتی ئەوروپا هەشت بەرپرس و سێ دامەزراوەی ئێران سزا دەدات ئێران

نوچه‌نێت

یەکێتی ئەوروپا هەشت بەرپرس و هەروەها سێ دامەزراوەی ئێران بە هۆی ئەوەی لە سەرکوتکردنی "توندوتیژانە"ی خۆپیشاندانەکانی مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستیان هەبووە، سزا دەدات.


ڕۆژی دووشەممە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی "ئێران ئینتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە یەکێتی ئەوروپا هەشت بەرپرسی سەر بە حکوومەت و سیستەمی دادوەری و سەربازیی ئێران و هەروەها سێ لە زیندانەکانی ئێرانی بە هۆی سەرکوتکردنی توندوتیژانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ خستووەتە  لیستی گەمارۆکانی خۆی. 
سزاکان بریتین لە دەستگرتن بەسەر داراییەکانیانی ئەو تاک و دامەزراوانە، قەدەغە کردنی گه‌شتى کەسانی سزادراو بۆ ئەوروپا و هەروەها قەدەغەکردنی هەناردەکردنی ئەو کەلوپەلانە بۆ ئێرانە کە ئەگەری هەیە بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵەگە بەکاریان بهێنێت. 
حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، غۆڵامڕەزا سلێمانی سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیج، حوسێن کەرەمی فەرماندەی یەکەی تایبەتی هێزەکانی ئاسایش، محەمەد پاکپور فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران، حوسێن ئەشتەری فەرماندەی هێزی ئاسایش و حوسێن شاهوارپور فەرماندەی سوپای خوزستان لەو کەسایەتییە سەربازیانەن کە ناویان کەوتووە ئەو لیستە. 
هەروەها لەیلا واسقی قایمقامی "شاری قودس" کە لە ساڵی ٢٠١٩ و لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا ڕایگەیاند تەقەکردن لە خۆپیشاندەران بە فەرمانی ئەو ئەنجام دراوە، کەوتووەتە لیستی گەمارۆکان. لە بەرپرسانی سیستەمی دادوەری غۆڵامڕەزا زیایی سەرۆکی ئەو کاتی زیندانی ئەوین، لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کەوتووەتە لیستی گەمارۆکان. 
لە لایەکی ترەوە سێ زیندان بە ناوەکانی ئەوین، فەشافوویە و ڕەجایی شار کە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها ئازاردانی خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، ناویان لەو لیستەدایە. 
تا ئێستا بە گشتی ٨٩ بەرپرس و ٤ ناوەند و دامەزراوەی ئێران لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزا دراون. 
ئەو سزایانە لە دژی تاران لە کاتێکدا ڕاگەیێندراون کە لە هەفتەی ڕابردووەوە شاندی دیپلۆماتکارانی ئێران و وڵاتانی ١+٤ لە ڤیێنا کۆبوونەتەوە و سەرقاڵی گفتوگۆ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین