زامی ئەنفال بە داوای لێبوردن ساڕێژ نابێت! بیروڕا

* حەسیبە گەردی

لە ساڵهاتی ئەنفالی كورد و دەستپێكی تاوانە گەورەكە لە گەرمیانی كوردستاندا، پێویستە تیشك بخەینە سەر بنەمای ئازارەكە و جەخت لەوە بكەینەوە، كە زامی ئەنفال بە "داوای لێبوردن" ساڕێژ نابێت، بەڵكوو ئەو ئازارە تاقەت پڕووكێنە، تەنیا بە وەرگرتنی گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ساڕێژ دەبێت. لە بری ئەوەی حوكمڕانانی بەغدا داوای لێبوردن بكەن، پێویستە قەرەبووی ئەو تاوانە نەگریسە بكەنەوە. پێویستە ددان بە مافی كوردی بێ دەوڵەتدا بنێن، كە بە هۆی ئەوەی كیانی سەربەخۆی نەبووە، هەوڵی جینۆسایدكردنی دراوە.

بێگومان ئەوەی لە پرۆسەی ئەنفالدا رووی داوە، تەنیا هەوڵێك نەبووە بۆ لەناوبردن و شه‌هيدكردنى دانیشتووانی دەڤەرێك، بەڵكو هەوڵێك بووە بۆ سڕینەوەی مۆركی نەتەواویەتی گەلی كورد، بۆیە چووەتە خانەی جینۆساید و لە ئاستی جیهانیدا ئیدانە و پرۆتستۆ كراوە، لە هەلومەرجی ئێستاشدا كەسوكاری قوربانییانی شاڵاوەكانی ئەنفال، وێڕای هەموو مەینەتییەكانیان، داوای یەكڕیزی گەلی كورد و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن. ئەوان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەگەر كورد ببێتە خاوەن دەوڵەت و كیانێكی سەربەخۆی هەبێت، جارێكی دی رووبەڕووی ئەو كۆمەڵكوژییانە نابێتەوە. ئەم ئازارە لە بن نەهاتووەی دیرۆكی كوردانی ئەنفالكراو، وا دەخوازێت، سەركردایەتیی كورد لە ئاستی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیدا وێنای ئەو تاوانە جەنگییە بكەن، بۆ ئەوەی جارێكی دی كورد، تووشی ئەو نەهامەتییانە نەبێتەوە.

ئەوەی لە پرۆسەی ئەنفالدا رووی داوە، تەنیا هەوڵێك نەبووە بۆ لەناوبردن و شه‌هيدكردنى دانیشتووانی دەڤەرێك، بەڵكو هەوڵێك بووە بۆ سڕینەوەی مۆركی نەتەواویەتی گەلی كورد، بۆیە چووەتە خانەی جینۆساید و لە ئاستی جیهانیدا ئیدانە و پرۆتستۆ كراوە

كاركردن و هەوڵدان بۆ ئەوەی كە حوكمڕانانی بەغدا داوای لێبوردن لە كۆمەڵكوژیی كورد بكەن، ئەگەرچی ڕێكارێكی باشە بۆ ددانپێدانان (اعتراف) و تۆماركردنی تاوانەكە، بەڵام چارەسەری كۆتایی نییە.

لە میدیای كوردی و جیهانیدا زۆر جار باسی ئەنفالی كورد كراوە. شایەدحاڵەكان و ئەوانەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیان بە چاوی خۆیان بینیوە و لێی دەرباز بوون، باسی ئەوەیان كردووە كە" ئەو عەرەبە دڕندانەی ناو نوگرەسەلمان لە هیچ تاوانێك سڵیان نەدەكردووەتەوە."، باسی ئەوەیان كردووە كە "بەعس گرتووخانەكانیان كردبوو بە دۆزەخێك بۆ كوشتنی پیر و گەنجی كوردو ئەتكردنی ئافرەتان و لەدەرەوەی‌ زیندان،‌ تەرمەكانیان لە چاڵێكی‌ لمی نیومەتری دەشاردەوە، شەو سەگەكان تەرمەكانیان دەردهێنا‌و دەیانخواردن." باسی ئەویان كردووە كە "حەجاج پیاوێكی‌ باڵابەرزی‌ ترسناك بوو، ئەو جەللادە چێژی‌ لە شه‌هيدكردن ‌و ئەشكەنجەدان‌ و ئیهانەكردنی‌ زیندانییەكان دەبینی و زۆربەی ئافرەتانی زیندانی نوگرەسەلمان له‌ لايه‌ن حەجاج و شەمخی سووكايه‌تييان پێ كراوه‌."

تاوانەكانی رژێمی ڕووخاوی بەعسی عێراق بەرامبەر بە كوردان، هەموو سنووەرەكانی بەزاند، لەسەركوتی تاك و ڕووخاندنی گوندەكان و ڕاگواستنەوەی زۆرەملێ، هەتا كۆمەڵكوژی و جینۆسایدو كیمیاباران، لەهیچ تاوانێك درێخییان نەكردووه‌. ئه‌نفال هه‌وڵێك بوو بۆ پاكتاوكردنی كورد، ئەو برینەش هەرگیز ساڕێژ نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سەدان ئافرەتی ڕزگاربووی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، تا ئێستاش بە ئازارەكانی خۆیانەوە دەتلێنەوەو چیرۆكی دەستدرێژییەكانی بەعسی ڕووخاو بەرامبەر بە ئافرەتانی گەنجی ناو گرتووخانەكان دەگێڕنەوە. ئەو هەموو تاوانە دژە مرۆڤایەتییە، بە داوای لێبوردنێكی فەرمی فەرامۆش ناكرێن. پێویستە سەركردایەتیی كورد هەوڵی ئەوە بدات، كە لە ئاستی نێودەوڵەتی پشتیوانییەكی بەهێز دەستەبەر بكات، بۆ ئەوەی جارێكی دی كورد تووشی كارەساتی لەو جۆرە نەبێتەوە. پێویستە حوكمڕانانی بەغدا بە فەرمی ئیدانەی ئەو تاوانە نەگریسە بكەن و، زەمینەی قەرەبووكردنەوەی بڕەخسێنن، ئەویش بەو ڕێكار و ڕێگەیە، كە هەوڵی گەشەی هەرێمی كوردستان بدەن، نەك قووتی ژیانی خه‌لكی به‌شمه‌ینه‌تی كورد بە بڕینی بودجە و مووچە تووشی چەڵەمە و كۆسپ و ئاستەنگ بكەن.

پێویستە سەركردایەتیی كورد هەوڵی ئەوە بدات، كە لە ئاستی نێودەوڵەتی پشتیوانییەكی بەهێز دەستەبەر بكات، بۆ ئەوەی جارێكی دی كورد تووشی كارەساتی لەو جۆرە نەبێتەوە

وەك دواوتە جارێكی دی جەخت لەوە دەكەینەوە كە زامی ئەنفال تەنیا بە داوای لێبوردن ساڕێژ نابێت و، پراكتیك و كاری كرداری و هەوڵی قەرەبووكردنەوەی پێویستە و هیوادارین حوكمڕانانی بەغدا لەو بوارەدا بێنە سەر هێل و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ قەرەبووی ئەو نەهامەتییانەی كوردی بەشخوراو ویژدانی خۆی زیندوو بكاتەوە. بێ شك زۆربەی ئەو بڕیار و رێككەوتننامانەی كە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەرچوون، تاكو ئێستا هیچ ئەنجامێكی پۆزەتیڤ و خوازراویان نەبووە، ئەویش زیاتر بە هۆی پێكدادانی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی وڵاتەكان بووە، بۆیە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە بۆ دەستەبەركردنی ماف و كەرامەت و سەربەخۆیی مرۆڤ و گرتن و رادەستكردنی تاوانباران بە دادگا و سەپاندنی یاسا بەسەر هەموواندا بێ جیاكاری كارێكی ئەستەم بووە، ئەگەر هەر سەرپێییش سەیری ئەو ڕۆژگارانە بكەن، تاوانەكان هەڵسەنگێنن، ئەوا كپ و بێدەنگ نەدەبوون. تاوانی بەدناوی ئەنفال (لە گەرمیانەوە تا بارزان) مێلۆدرامایەك نییە، تاوانێكی گەورەی مێژووییە و كۆمەڵكوژیی كورد بووە و، ئەگەر لەو مێژووە ئاوڕێك بدەنەوە، ویژدانیان بە ئاگا دێتەوە، هەر چەند زۆرێك لە وڵاتانی جیهان خاوەنی ئەو ویژدانە بەرزەن و لە ئێستادا داكۆكی لە مافە زەوتكراوەكانی كورد و قوربانييه‌كانى دەكەن، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی لەو بوارەدا تا ئێستاش كەمتەرخەمن و پێوسته‌ هه‌ڵوێستى زۆر جددى وه‌ربگرن.

:

*ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین