بایدن: بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیمتیازی زۆر نادەین
نوچهنێت
ئەمڕۆ شەممە ١٧ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە بایدن لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن گوتی بڕیارەکەی ئێران دەربارەی پیتاندنی ٦٠ لە سەدی یورانیۆم "یارمەتییەک بەو وڵاتە ناکات".
ئێران دوای ڕووداوەکەی بنکەی نەتەنز کە تا ئێستاش هەموو وردەکارییەکانی بڵاو نەکراونەتەوە، ڕایگەیاند پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪ی دەست پێکردووە. چەندین ڕاپۆرت دەربارەی ڕۆڵی ئیسرائیل لە تەقینەوەکەی نەتەنز بڵاو کراونەتەوە.
ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پیتاندنی ٦٠ی یورانیۆم لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە لە ئارادان.
سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە گفتوگۆکانی ڤیێنا کردووە و گوتویەتی "ئێمە خۆشحاڵین ئێران قەبووڵی کردووە درێژە بە گفتوگۆ بدات".
بایدن وتی هێشتا زووە سەبارەت بە ئەنجامی کۆتایی قسە بکەین، چونکە گفتوگۆکان لە ئارادان.
عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێران سەبارەت بە درێژەکردنەوەی ماوەی گفتوگۆکان هۆشداری داوە بە بەرپرسانی حکومەتی ئێران.
بایدن جارێکی تر جەختی کردەوە پشتیوانی لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە دەکات کە ساڵی ٢٠١٥ و لە سەردەمی ئوبامادا ئیمزا کرا بەڵام بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئامادە نییە "ئیمتیازی زۆر بدات".
بە پێی ئەو ڕێککەوتنە لە بەرانبەر هەڵپساردنی هەندێ لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان هەڵوەشێندرانەوە بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دوای چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنەکە، هەموو سزا پێشووەکانی جێبەجێ کردنەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاتر و چڕتر گەمارۆی خستە سەر ئێران.
ئێران چاوەڕوانە ئیدارەی جۆ بایدن، سزاکانی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە پێویستە سەرەتا ئێران هەموو بەڵێنەکانی جێبەجێ بکاتەوە. هەر دوو وڵات جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە لایەنی بەرانبەر هەنگاوی یەکەم بنێت.
ئێران بە پێچەوانەی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاشکەوتی یورانیۆمی پیتێندراوی خۆی بەرز کردووەتەوە، ڕێژەی پیتاندنی ٦٠٪ی دەستپێکردووە و پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سنووردار کردووە.
خامنەیی وتوویەتی دوای هەڵوەشانەوەی هەموو گەمارۆکانی ئەمریکا و دوای ئەوەی ئێران لەوە دڵنیا بووەوە، ئەو کات وڵاتەکەی دەست دەکاتەوە بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment