مـس، چـەکی نـوێـی چـیـن بـۆ بـازاڕەکـانی وزە شیکاری ئابوری
پلانی وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی وزە، بۆ سەر ژینگە و، زیادبوونی خواست بۆ وزەی پاک، فاکتەری سەرەکین لە بەهێزبوونی پێگەی چین، لە بازاڕەکانی جیهان، لە بەرهەمهێنانی مس و بەکارهێنانی لە پیشەسازی وزەی جێگرەوە.

ئامادەکردنی نوچەنێت

 

مس بە توخمێکی گرنگی وەبەرهێنانی بیانی و، ناوخۆیی وڵاتی چین دادەنرێت، بە تایبەت دوای زیادبوونی خواست بۆ ئەو توخمە کانزاییە و بەکارهێنانی، لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئەمەش بووەتە مەترسی لەسەر پێشەسازی وزەی نوێ بووە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چین، لە هەوڵی کێبڕکێی بازاڕەکانی جیهانن، لە بەرهەمهێنانی زۆرترین بڕی مس، بۆ کەمکردنەوەی بەزربوونەوەی نرخ لە خواست و خستنەڕووی ئەو مادە سەنگینەدا. 

گرنگی مس لە وزەی نوێدا! 

سیستەمەکانی وزەی جێگرەوە لە ئێستادا،  پێشەنگی پلانی وڵاتە بەرهەمهێن و بەکاربەرەکانی جیهانن، بەڵام زۆری بەکاربردنی توخمی مس لە پێکهاتەی بەرهەمهێنانی ئەو وزەیە، گرنگی (مسـ)ـی، لە بازاڕە جیهانییەکان زیاتر کردووە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی بیکەری ئەمریکی، بەرهەمهێنانی 1000 ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێویستی بە زیاتر لە 83 تەن مەتر مس هەیە، واتە سێ ئەوەندەی بەکاربردنی ئەو توخمە لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی. 

هەروەها تۆربینەکانی وزەی (با)، بۆ هەر میگاواتێک کارەبا، پێویستی بە زیاتر لە، 3.6 تەن مس هەیە لە بەرهەمهێنانیدا. بە واتایەکی تر بڕی بەرهەمهێنانی 30 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ڕێژەی 20%ـی کۆی مسی بەرهەمهاتوو، لە پێشەسازی بەرهەمهێنانیدا بە کاردێت.

 

پـرۆژەکـانـی بـەرهـەمـهـێـنـانـی مـس 

زیادبوونی خواست لەسەر مس، بۆ 5 هێندەی بەرکاربردنی ئاسایی خۆیی، بەرزبوونەوی نرخی بە ڕێژەی 10%، فاکتەری سەرەکین لە بەردەم چین، کە بەرهەمهێنانی ئەو توخمە کانزایە وەک چەکێکی بەهێز لە مامەڵەی بازاڕەکانی جیهان بە کاریبهێنیت، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی بڕی خواست و خستەڕوو. جگە لەوە، زۆری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە وڵاتی چین، دەرگایەکی ڕکابەری بەهێز، بۆ وڵاتانی تری بەرهەمهێنی توخمی مس دەکەنەوە، بۆ ئەوەی وەک جەنگی نرخ لە دژی یەکتر ئەو کاڵایە بەکاربهێنن. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بیکەر، وڵاتی چین ڕێژەی 41%ـی، مسی جیهان بەرهەمدەهێنیت، بەڵام تەنیا 8% لە ناوخۆی وڵاتی چین بەرهەم دێت. بە دوایدا وڵای چیلی دێت، کە ڕێژەی 28% مس لەو وڵاتە بەرهەمدێت و، ئەمریکا ڕێژەی 6% مس لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ڕێژەی 51%ـی بەکاربردنی مس لە وڵاتی چینە. 

سەبارەت بە ئاستی وەبەرهێنانی وڵاتی چین، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمەریکان ئینتەرپرێس، قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە توخمی مس لە نێوان ساڵانی 2005 -2020ـدا، بە زیاتر لە 51 میلیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. 

پەیوەندییە بەهێزەکانی چین، لەگەڵ وڵاتە بەرهەمهێنەکانی مس  لەدەرەوەی چین، پێگەی پێشەنگی بە پەکین داوە لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی مس، بۆیە هەر کورتهێنانێک لە مسی چینی هۆکار دەبێت، لە گرانبوونی نرخی ئەو کانزایەوە، لەبەرامبەردا ئاستەنگ لەبەردەم پیشەسازی وزەی دۆستی ژینگە دروست دەکات و، کێشە و قەیرانەکانی ژینگە مەترسییان فراوانتر دەبێت. 

لە ساڵی 2015 سەرۆک وەزیرانی چین (لی کی تشیانگ)، پرۆژەی (Made in China)ی ڕایگەیاند، ئامانجی ئەو پرۆژەیە کەمکردنەوە و، نەهێشتنی هاوردەکردنی کاڵای وڵاتی ترە بۆ بازاڕەکانی چین، ئەمەش بە واتای پلانی چین، بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی  دێت تا ساڵی 2025. 

کانزای مس یەکێکە لەئەو کاڵایانەی، کە لە پلانی (چینـ)ـدایە، بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیەتی، ئەمەش پێشبینیی دەکرێت چین بکات بە بڕیاردەری سەرەکی لە نرخی ئەو کانزایە، لە پیشەسازی وزەی نوێدا.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین