ئێران هەماهەنگییەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی راگرت ئێران

نوچەنێت

پەرلەمانی ئێران ئەمرۆ لە دانیشتنێكی ئاشكرا دەنگی لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیاری دا، كە حكومەتی وڵاتەكەی پابەند بە هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پابەند دەكات، بەگوێرەی گوتەبێژی لیژنەی ئەمنی لە پەرلەمانی ئێران، لە كۆی (223) ئەندام (221) ئەندام دەنگی لەسەر هەڵپەساردنەكە دا.

ئەمرۆ چوارشەممە (25/ حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (تەسنیم) بڵاوی كردووە، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دوێنێ لە ناو لیژنەی ئاسایش گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە بڕیاركە كرا، لەدوای هەمواركردنی لەناو لیژنكە، ئەمرۆش لە ناو پەرلەمان پەسەند كرا، كۆی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو تەنیا یەك پەرلەمانتار دەنگی لەسەر نەدا، ئەندامێكیش ئامادەی دانیشتنەكە نەبووە.

لە لایەكی دیكەوە سەید مەحموود نەبویان، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشیی نەتەوەیی دەڵێت، ئەو پڕۆژە بڕیارە پاشەكشەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پەیماننامەی مەترسیەكانی بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی لەخۆی نەگرتووە، ئێمە پابەندین بەو پەیماننامەیە، بۆ جیهانمان راگەیاندووە.

دەربارەی رێكارەكانیش شەمیرانات ئیسلامشەهر، پەرلەمانتاری تاران دەڵێت، رێگە لە هەموو پشكێێنەرێك دەگیرێت، بەرپرس بێت یاخود ئەندام، بەڕێوەبەری گشتی بێت، یاخود لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیەوە راسپێردرابێت سەردانی ئێران بكات، لە رابردوو راپۆرتمان لەبارەی هەموو چالاكییە ئەتۆمییەكان داوە، لەو پڕۆژە نوێیە رێگە لە پێدانی هەر راپۆرتێك دەگیرێت لە داهاتوو بدرێت بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی.

لە لایەكی دیكەوە محەمەد باقر قالیباڤ، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران سەرجەم هەماهەنگییەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵدەپەسێرێت، تاوەكوو گرەنتی ئاسایشی وێستگە ئەتۆمییەكانمان دەكرێت، دەربارەی هەنگاوی داهاتووشیان قالیباڤ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، پڕۆگرامی ئەتۆمی ئاشتیانەی ئێران لە داهاتوو زۆر بەخێراتر پێش دەكەوێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەو پڕۆژە بڕیارەی پەرلەمان پەرلەمان پەسندی كرد، بڕگەیەكی تێدایە داوای دادگاییكردنی رافائیل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەكات، كە راپۆرتی بێنەمای پێشكەش كردووە و سیخوڕی بەسەر وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران كردووە.

هەر سەبارەت بەو پرسە ئەسەدوڵا ئیشراق جەهرەمی، باڵیۆزی ئێران لە نەمسا رایگەیاند، ئێران لەو جەنگە دەستپێشخەر نەبوو، بەڵكوو ئیسرائیل دەستپێشخەری كردووە، ئەوەش پێشێلكارییەكی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە، ئێمەش بە پشبەستن بە یاسای نێودەوڵەتی و بەگوێرەی ماددەی (51) لە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرگریمان لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاك و گەل و بەرژەوەندییە نیشتمیانییەكان كردووە

دەربارەی زیانەكانیش باڵیۆزی ئێران لە فەڕەنسا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هەندێك زیان بەر وێستگەكان كەوتوون، لایەنە تایبەتمەندەكان تاوەكوو ئێستا سەرقاڵی قەبارەی زیانەكان، بۆیە تا ئەو هەڵسەنگاندنە كۆتایی نەیەت هیچ زانیارییەكی ورد پێشكەش ناكرێت. 

جەهرەمی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بەشێوەیەكی باش هەبوو، سەرجەم وێستگەكان بە تەواوی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بوون، لە داهاتووش بڕیاری پێویست لەسەر ئەو هەماهەنگییە دەدەین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین