رووسیا و ئێران و ئه‌مریكا به‌ گفتوگۆكان گه‌شبینن ئێران

نوچه‌نێت

ئێران، ئەمریکا و ڕووسیا بە پارێزەوە گەشبینی خۆیان دەربارەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە ماوەی دوو هەفتەیە لە ڤیێنا پایتەختی نەمسا دەستیان پێ کردووە، دەربڕیوە. هەروەها بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپایش گوتویەتی هەستی بەوە کردووە لایەنەکان مەیلی ڕزگارکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان هەیە.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکان دەربارەی ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، میدیاکانی ئیسرائیل بە گێڕانەوەی لێدوانەکانی وەزیرانی کابینەی وڵاتەکەیان ڕەخنەیان لە جۆ بایدن و ڕوانگەی ئیدارەکەی سەبارەت بە ئێران گرتووە و گوتویانە "ئەمریکا دەیەوێت هەر جۆرێک و بە هەر نرخێک بووە لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن".

سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتویەتی "هەندێ نیشانەی ئەرێنی لە ئەمریکا بەر چاو کەوتوون" و "گفتوگۆکان لە ئاراستەیەکی دروستدان بەڵام نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی".

خەتیب زادە ڕایگەیاندووە: پێویستە ئەمریکا بەڵێنەکانی خۆی ڕابگەیێنێت و جێبەجێیان بکات و گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە و دوای ئەوەی ئێران لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دڵنیا بووەوە، شاندەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێ لە کۆمیسیۆنی هاوبەشدا ئامادە بێت بەڵام ئەمریکا تا ئێستا لە پشت ده‌رگاکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و کۆمیسیۆنی هاوبەش ماوەتەوە.

میخائیل ئولیانوف باڵوێزی ڕووسیا لە ڤیێنا لە ئەکاونتی تویتەری خۆی ڕایگەیاندووە گفتوگۆکان تا ئێرە ئەرێنی بوون بەڵام گەیشتن بە ڕێگاچارە کردەییەکان پێویستی بە کاتی زیاترە.  

جوزف بوریل بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکێتی ئەوروپا گوتویەتی هەستی بە "مەیلی ڕزگارکردنی" ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە لایەنەکاندا کردووە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین