ئەگەر گەمارۆکان هەڵوەشێنەوە دۆخی ئێران باشتر دەبێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئێران و ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا سەرقاڵی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن. ئامانجی تاران لەو گفتوگۆیانە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و ئامانجی واشنتۆن سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران یان زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە. لە ئێستادا هەر دوو وڵات لەو بارەوە هاودەنگن، بەڵام چەندین پرسی جیاواز و لەوانە سزا و گەمارۆکان کە ئێران پێداگرە لەسەر هەڵوەشانەوەیان و ئەو مەرجانەی کە ئەمریکا دەیەوێت هەمدیسان ئێران جێبەجیێان بکات، ڕێگرن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا.


هەم ئێران و هەم ئەمریکا دەڵێن ڕێگایەکی دژوار ماوە تا زیندووبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بەڵام ئەگەر ئێران جارێکی تر سەرکەوتوو بێت و بتوانێ سزاکانی ئەمریکا هەڵوەشێنێتەوە، ئەمجارە چ جیاوازییەکی دەبێت لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی پێنج ساڵ پێش ئێستا؟ 
لە درێژەدا هەوڵ دراوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە. 
**
تەنانەت ئەگەر ئیدارەی بایدن سزا ئەتۆمییە پلە دووەکان، واتە ئەو سزایانە لەسەر تاک و ڕێکخراوە نائەمریکییەکان داسەپاون، هەڵبوەشێنێتەوە، مەرج نییە کۆمپانیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئێران. بارودۆخەکەی ئێستا زۆر جیاوازە لەوەی پێنج ساڵ پێش.
سزاکان جارێک لە مانگی شوباتی ٢٠١٦دا هەڵوەشانەوە، بەڵام دوای دەسەڵاتگرتنی دۆناڵد ترەمپ لە  ئایاری ٢٠١٨دا هەمدیسان لە دژی ئێران داسەپانەوە. بۆیە ئێستا ئەگەری هەڵوەشانەوەی دووبارەی گەمارۆکان نە هاوڵاتیانی ئێرانی بە شێوەیەکی ئەوتۆ خۆشحاڵ کردووە و نە هاوبەشە کۆنەکانی ئێران وەک جاری پێشوو تامەزرۆیی خۆیان بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتە نیشان دەدەن.

ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیتر بە واتای نەگەڕانەوەی سزاکان نییە

 ئه‌گه‌ر سزاكانیش هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌ مەرج نییە کۆمپانیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئێران

 


لە دەقی ڕێککەوتننامەکەی ساڵی ٢٠١٦دا، لەسەر داوای کۆماری ئیسلامی لە بەندێکدا نووسرابوو ئەگەر بە هەر بیانوویەک ئێران سزا بدرێتەوە، ئەوا ئەو سزا نوێیانە کاریگەری لەسەر ئەو گرێبەستانە ناکەن کە لە کاتی هەڵوەشانەوەی سزاکان لەگەڵ ئێران ئیمزا کراون، بەڵکو هەر کاریان پێ دەکرێت. بەڵام ئەو بەندە لە ڕێککەوتنەکە بە کردەوە جێبەجێ نەکرا و ئێستاش ئەگەر گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە هەر وەک جاری پێشوو هیچ گەرەنتییەک لە ئارادا نییە کە لە ئەگەری داسەپاندنەوەی سزای نوێ، گرێبەستە نوێکانیش نەگرنەوە. 
کاتێ ترەمپ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بردە دەرەوە، پێشبینی کردبوو سزاکان لە دوو قۆناغدا بگەڕێنێتەوە. قۆناغی یەکەم سێ مانگ و قۆناغی دووەم شەش مانگ درێژەی دەبوو. لەو ماوەیەدا ئەو تاک و کۆمپانیایانە لەگەڵ ئێران گرێبەستیان ئیمزا کردبوون، دەیانتوانێ بە بێ هیچ کێشەیەک درێژە بە کارەکانیان بدەن. 
کۆمپانیاکانی وڵاتانی جۆراوجۆر و لەوانە پاڵاوگەکانی هیند، چین و کوریای باشووریش کە لە بنەڕەتدا دژی گەڕانەوەی گەمارۆ پلە دووەکانی ئەمریکا بوون، ڕایانگەیاندبوو گوێ بەو جۆرە گەمارۆیانەی ئەمریکا نادەن. 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ ئەوەی بڕیاری دابوو گەمارۆ بخاتە سەر نەوتی ئێران، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش ڕێگای بە هەندێ لە کڕیارانی نەوتی ئێران دابوو تا ماوەیەک نەوت لەو وڵاتە بکڕن. لە کۆتاییدا بە پێچەوانەی ڕاگەیێندراو و لێدوانەکان سەرەتاییەکانی زۆرێک لە هاوبەشە بازرگانی و نەوتییەکانی ئێران کە ڕایانگەیاندبوو گوێ بە سزاکانی واشنتۆن نادەن و درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن بە خێرایی کۆتاییان بە گرێبەستەکانیان هێنا و لە ترسی سزاکانی ئەمریکا، تەنانەت پێش ئەو ڕێککەوتە کە دیاری کرابوو، کۆتاییان بە هاوکاریکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هێنا.

تێچووی زۆر و گرێبەستی بچووک
بە لەبەرچاوگرتنی  ئەوەی کە جاری پێشوو گەمارۆکان تەنیا بۆ ماوەی ١٧ مانگ هەڵوەشانەوە و هەروەها ئەو بەشەی لە ڕێککەوتننە ئەتۆمییەکە کە بەڵێنی دەدا سزا نوێکان گرێبەستە پێشووەکان لە خۆ نەگرن، هەرگیز جێبەجێ نەکرا، هاوبەشە پێشووەکانی ئێران بە هۆی ناچاربوونیان بە کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکان تووشی زیانی دارایی و متمانەی زۆر بوونەوە. ئەو زیانە بۆ کۆمپانیا بچووکەکان کە گرێبەستی بچووکتریشیان هەبوو، قورستر بوو. 
ئەمجارەیش ئەگەر هەمدیسان گفتوگۆکان بە ئەنجام بگەن و سزاکان هەڵبوەشێنەوە، کۆمپانیاکان و سەرمایەگوزارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران و هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتە، لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان Risk assessment، مەترسییەکانی جاری پێشوو لەبەرچاو دەگرن، ئەوەش وا دەکات ئەو کۆمپانیانە کە خەسارهەڵگرن نەگەڕێنەوە یان مەرجی نوێ لە گرێبەستەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی لە ئەگەری گەڕانەوەی سزاکان، ئەوان زیان و خەسارێکیان بەر نەکەوێت.

بیمە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ئێران


دامەزراوە گەورەکان و سەرمایەگوزارە سەرەکییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەڕانەوە بۆ ئێران و هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بە جۆرێ خۆپارێزانەتر لە جاری پێشوو هەنگاو دەنێن و بێ گومان تێچووی گرێبەستەکان بۆ ئێران زیاتر دەبێت. بە دڵنیاییەوە یەکێک لەو تێچووانە کە زیاد دەکات، نرخی بیمەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە. 
تەنانەت ئەگەر سزاکان هەمدیسان هەڵبوەشێنەوە، ئەو کۆمپانیانەی دەیانوێت لەگەڵ ئێران هاوکاری بکەن، لە گرێبەستەکاندا پێشبینی ئەگەری گەڕانەوەی سزاکان دەکەن و تێچووەکان و لەوانە تێچووی دادوەری لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی دوای سزاکان یەکلایی دەکەنەوە. ئەو دۆخە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هاوکاری بۆ هەر دوو لایەن. 
بۆ ئەوەی باشتر لە دۆخی ئێستای ئێران تێبگەن، شۆفیرێک لە بەرچاو بگرن کە ئۆتۆملیلێك بە کرێ وەردەگرێ. ئەگەر ئەو شۆفێرە لەو ماوەیەدا کە ئۆتۆمبیلێك بەکرێ وەردەگرێ هەر جارەو تووشی ڕووداوێک بێت و زیانێك لەو کۆمپانیا بدات کە ئۆتۆمبیله‌كه‌ى بەکرێ پێ دەدات، جاری تر کە دەیەوێ ئۆتۆمبیل بە کرێ بگرێ، نرخی بیمەی ئەو شۆفێرە بە هۆی پێشینەیەوە بەرز دەبێتەوە و لەبەر ئەوەی لە لیستی کەسانی پڕمەترسیدا پۆلێنبەندی دەکرێ، نرخی ئەو کرێیەش لێی وەردەگیرێ بەرزتر دەبێتەوە.

پشتیوانی بەشێک لە دەسەڵات لە بەردەوامی چالاکییە داراییە ناشەفافەکان


بە پێچەوانەی جاری پێشوو کە هاوکات لەگەڵ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان، ئێران مەیلی ئەوەی هەبوو ببێتە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی "گرووپی تایبەتی دارایی" (FATF) و لە پێناوەدا بە چەند هەنگاوی سەرەتایی توانی لە خشتەی ڕەشی ئەو گرووپە بچێتە دەرەوە، ئێستا چەندین مانگە کە هەمدیسان کەوتووەتەوە ناو ئەو خشتەیە. جێبەجێکردنی یاساکانی ئەو گرووپە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە و ڕێگریکردن لە دابینکردنی داراییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان بووەتە هۆی ناکۆکی و کەلێنی قووڵ لە ناو دەسەڵاتدارانی ئێراندا. 
ئەو بەرپرسانەی دژی ئەوەن ئێران ببێتە ئەندامی گرووپی FATF، دەڵێن ئەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی وڵاتەکەیان و لەوانە یارمەتیدان بە گرووپە میلیشیاکانی ناوچە ناتەبایە. بە واتەیەکی تر بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئێران بە فەرمی دەڵێن کە پێویستییان بە سپیکردنەوەی پارە هەیە و جەخت لە ناشەفاف مانەوەی ئاڵوگۆڕی پارە و داراییەکان دەکەنەوە. 
ئەو ڕوانگەیە کاریگەری بەرچاو دادەنێت لە بڕیاری گەڕانەوەی کۆمپانیاکان بۆ بازاری ئێران و سەرمایەگوزاریکردن لەو وڵاتەدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دۆخی ئێران لە ڕووی پلەی شەفافیەتی دارایی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە خراپتر بووە، بێ گومان مەترسییەکانی بەردەم کۆمپانیاکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران پەرەیان سەندووە، بۆیە لە بەراورد لەگەڵ جاری پێشوو کە سزاکان هەڵوەشانەوە، ئەمجارە کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی ئەوتۆ تامەزرۆی گەڕانەوە نین.
ئەگەر چاو لەو گرێبەستانە بکەین کە دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان لە ساڵی ٢٠١٦ بە مەبەستی سەرمایەگوزاری لە ئێران ئیمزا کران، دەبینین کە هەر ئەو کاتیش کە دۆخی ئەو وڵاتە لە ئێستاش زۆر باشتر بوو، کۆمپانیا و سەرمایەگوزاری کەم، ئەویش بە نیگەرانی زۆرەوە، ڕوویان لە ئێران کرد و "لێکتێگەیشتنەکانی بۆ هاوکاریی" هەرگیز نەبوونە "گرێبەست". 
ئێران ئێستا لە سپیکردنەوەی پارەدا یەکەم وڵاتی جیهانە. واتە لە ئەگەری هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتە و کەڵکوەرگرتن لە سیستەمی بانکیی و داراییەکەی مەترسی تێوەگلانی نەخوازراو لە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە سپیکردنەوەی پاراوە ئێجگار زۆرە. 
تەنانەت ئەگەر کۆمپانیا بچووکەکان بە قەبووڵکردنی مەترسی هاوکاریکردن لەگەڵ ئێران هەمدیسان بگەڕێنەوە بۆ بازارەکانی ئەو وڵاتە، کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان کە نرخی ڕێککەوتنەکانیان زیاترە و هەبوونی ئەوان لە  ئابووری دوای گەمارۆکاندا یەکلاکەرەوە دەبێت، ئێجگار کەم ڕوو لە ئێران دەکەن. 

ئێران ئێستا لە سپیکردنەوەی پارەدا یەکەم وڵاتی جیهانە
 


گەڕانەوە بۆ دۆخێکی تا ڕادەیەک ئاسایی تەنیا دوای بەڵێنی ئێران بۆ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە و تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر و دڵنیابوونەوە لە دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوەکانی سەردەمی ترەمپ دەبێت. 
چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی سزا قورسەکان لە دژی ئێران گورزێکی زۆر گەورەی لە متمانەی سەرمایه‌گوزار و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چالاکیکردن لە ئێران دا و لێکەوتەکانی بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام دەبێت. 
بەو پێیە، لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی دووبارەی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئەگەری گەڕانەوەی سەرمایەگوزارە سەرەکییەکان بە تایبەت سەرمایەگوزارییەکان لە پیشەسازیی نەوت و گازدا کە ئێران پێویستیی پێیان هەیە، کەم دەبێت. 
ڕەنگە ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ تەنیا هەندێ گرێبەستی بازرگانی بچووک کە زیاتر پەیوەندییان بە فرۆشتنی کاڵا و شتومەکەوە ئیمزا بکات.
ئێران کە بە هۆی ڕەفتار و سیاسەتەکانی خۆی ڕۆڵی هەبوو لە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەرفەتێکی مێژوویی لە سەردەمی ئۆبامادا لە دەست دا کە ساڵانێکی زۆری پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە و تا ئەو کات تێچووەکەی لەسەر شانی هاووڵاتیانی ئێران دەبێت.

 

سەرچاوە: ئێران وایەر
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین