بودجەی سەربازی و کۆرۆنا ئابووری جیهان
ناوەندی توێژینەوەی ستۆکهۆلم بۆ ئاشتی، خەرجییە سەربازییەکانی جیهانی، بۆ ساڵی 2020 بڵاوکردەوە، بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی وڵاتانی جیهانی بۆ زیاتر لە 2.6% خستەڕوو.  خەرجییەکانی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، چین، هیندستان و ڕووسیا، ڕێژەی 62%  خەرجیە سەربازییەکانی جیهان پێکدەهێنن. 

نوچەنێت

 بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بووە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی ئابووری، لە پێناو کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان، بەڵام بەدەر لە بوارەکانی تر، خەرجییەکانی بواری سەربازی لە هەڵکشانی بەردەوامدایە، بە تایبەت لە ساڵی 2020،  کۆی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان بۆ 1.98 تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، واتە ڕێژەی کۆی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان، لە ساڵی 2019 لە 2.2% بۆ 2.6% کۆی داهاتی هەر تاکێک بەرزبووەتەوە. 

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە، پەتای کۆرۆنا بووە هۆی دابەزینی گەشەی ئابووری (داهاتی تاکە کەس) بە ڕێژەی 4.4% لە 2020ـدا. 

لەو بارەیەوە توێژەر دييگو لوبيز دا سيلفالە ناوەندی ستۆکهۆلم، بۆ توێژینەوەی ئاشتی دەڵێت: "کۆرۆنا نەبووە هۆی دابەزینی ئاستی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان". 

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەشێک لە وڵاتانی جیهان، بودجە سەربازییەکانیان کەمکردەوە، لە پێناو پاڵپشتیکردنی سێکتەرەکانی تری وڵاتەکانیان و پاراستینی ئابوورییان لە داڕمان، لەوانە: چیلی و کۆریای باشوور. هەرچەندە بەرازیل و ڕووسیا کەمتر لەو دوو وڵاتە بودجەکانیان کەمکردەوە.

ئەمریکا 

خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا، ساڵی ڕابردوو گەیشتنە نزیکەی 778 میلیار دۆلار، ئەمەش بە واتای زیادبوونی خەرجییەکانی ئەمریکا دێن بە ڕێژەی 4.4%. 

ئەمریکا خاوەن گەورەترین بودجەی سەربازییە لە جیهان، بودجە سەربازییەکەی کۆی 39% کۆی بودجەی سەربازی جیهان پێکدەهێنیت و، بۆ ماوەی سێ ساڵە وڵاتی یەکەمە لە سەر ئاستی جیهان لە بەکاربردنی زۆرترین بودجەی سەربازی. 

ئەلیکساندرا مارکستینەر، توێژەری پەیمانگاکە لەو بارەیەوە دەڵێت: "زیادبوونی کۆی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، بۆ وەبەرهێنانی گەورەی وڵاتەکە، لە توێژینەوە و گەشەپێدانی سەربازی، هەروەها چەندین پرۆژەی درێژخایەنی وەک مۆدێرنکردنی جبەخانەی ئەتۆمیەکانی و کڕینی ڕێژەیەکی زۆری چەک". 

هەروەها دەڵێت: "پێشکەوتنە بەردەوامەکانی چەکی ڕووسی و چینی، فاکتەری بەهێزن لە زیادبوونی کێبڕکێی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا و، پەرەپێدانی زیاتری ئەمریکا بە چەکی نوێ و مۆدێرن."

چین

خەرجییە سەربازییەکانی چین، لە ساڵی 2020ـدا بە 252 میلیار دۆلار دەخمڵێنرێن، لە دوای ئەمریکا چین لە پلەی دوومدایە لە خەرجییە سەربازییەکان و، ئاستی خەرجییەکانیان بەراورد بە ساڵی 2019 بە ڕێژەی 1.9% بەرزبوونەتەوە. 

بە گوێرەی دەرئەنجامەکانی ناوەندی توێژینەوەی ستۆکهۆلم، خەرجییە سەربازییەکانی چین، بۆ ماوەی 26 ساڵە لە بەرزبوونەوەی بەردەومدایە و، درێژترین زنجیرەی بەردەوامی هەڵکشانی سەربازی هەیە، بەراورد بە وڵاتانی تر. 

دکتۆر نان تیان، توێژەری سەرەکی پەیمانگاکە دەڵێت: "چین وەک تاکە خەرجکەری سەرەکی جیهانە، کە توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان خەرجییە سەربازییەکانی داهاتی تاکە کەس بهێڵیتەوە، ئەمەش بە هۆی گەشەی بەردەوامی ئابووری چین و داهاتە ناوخۆییەکەی دێت. 

گەشەی بەردەوامی چین لە خەرجکردندا بەشێکی بۆ ئەوە دەکڕدرێت، کە ئەو وڵاتە لە ماوەیەکی درێژخایەندا نوێگەری سەربازی و پلانی فراوانکردن، لە سەر ئەو خواستانەی کە باسکراوە بۆ گەیشتن بە هێزە سەربازییە پێشەنگەکانی دیکە.

وڵاتانی ناتۆ

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ناوەندی توێژینەوەی ستۆکهۆلم، نزیکەی سەرجەم ئەندامانی ناتۆ خەرجییە سەربازییەکانیان لە ساڵی 2020ـدا زیادیکردووە. بە جۆرێک کۆی خەرجییە سەربازییەکانی 12 وڵاتی ناتۆ، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خەرجییە سەربازییەکانی، بە ڕێژەی 2.2% لە کۆی داهاتی ناوخۆیی تاکی ئەورووپی. 

بۆ جاری یەکەم وڵاتی فەرەنسا، کە لە پلەی هەشتەمی جیهاندا لە ڕووی خەرجییە سەربازییەکانەوە، ئاستی خەرجییەکانی لەو بوارەدا بە ڕێژەی 2% زیادیکردووە. لەو بارەیەوە لۆپێز کە توێژەری تایبەت بە بەرنامەی چەک و خەرجییە سەربازییەکانی پەیمانگاکە دەڵێت: "هۆکاری سەرەکی ئەو زیادبوونەی وڵاتانی ناتۆ، دەگەڕێتەوە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتایەکە، نەک ئامانجی سەرەکی لە بەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان."

وڵاتانی تر

سەبارەت بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەرجییە سەربازییەکانی 11 وڵات لە ساڵی 2020ـدا، بە ڕێژەی 5.6% بۆ 143 میلیار دۆلار دابەزیوە. خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتی سعودیە لەسەردەمی کۆرۆنا، بۆ  10 %دابەزیوە، بە دوایدا وڵاتی کوێت ڕێژەی 9.5% و، وڵاتی بەحرەین بە رێژەی 8.9% خەرجیە سەربازییەکانیان دابەزیوە.

سەبارەت بە خەرجییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ساڵی 2020ـدا، بەرزبووەتەوە و، ئاستی خەرجییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بۆ زیاتر لە 2.5%، کە دەکاتە 61.7 میلیار دۆلار، ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2019 کۆی خەرجییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە 59.2 میلیار دۆلار بووە. 

بەریتانیا  لە ساڵی 2020ـدا، لە ڕێزبەندی پێنجەمدایە کە زۆرترین خەرجی سەربازی هەبووە، ئاستی خەرجییەکانی، بۆ 2.5% بەرزبووەتەوە، هەروەها خەرجییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2020ـدا بە ئاستی 5.2% بەزبووەتەوە، کە دەکاتە زیاتر لە 51 میلیار دۆلار. بەڵام خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکای باشوور دابەزیوە، ئەمەش دوای دابەزینی ئاستی خەرجییە سەربازییەکانی بەرازیل دێت، بۆ 43.5 میلیار دۆلار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین