هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی تورکیا بەرامبەر بە سەردانی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی شیکاری

نوچە نێت

ئامادەکردنى: دنیا ئەحمەد
لەدوای نۆ ساڵ دووبارە دەسەڵاتدارانی تورکیا و شاندی دەم پارتی یەکەم هەنگاویان نا  بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی ئاشتی نوێ، لەبەرامبەر دا تادێت کاردانەوەکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا زیاتر دەبێت تا ئەو ڕادەیەی ئەم پرۆسە نوێیە ناو دەنێن بە پرۆسەی تاریک و سەرلێشێواو، بەڵام بەپێجەوانەوە هەندێکیان پشتیوانی ئەم هەنگاوە دەکەن.
ماڵپەڕی (جمهوریەت) بڵاویکردوە، لەدوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ دەستپێکردنەوەی چارەسەرێکی ئاشتی نوێ لەنێوان کورد و تورک، توانرا شاندێک کە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی هەریەک لە سری سورەییا ئۆندەر و پەرڤین بوڵدان وەک یەکەم هەنگاوی پرۆسەیەکی نوێ لە دوای نۆ ساڵ سەردانی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.
لەدوای لێدوانەکانی سەرۆکی مەهەپە و سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمرالی و راگەیاندنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان، لەنێو پارتە سیاسیەکانی تورکیا بووە هۆی مشتومرێکی زۆر لەسەر پرۆسەی چارەسەرێکی نوێ لە تورکیا.
لەدوای کۆبوونەوەیان هەریەک لە پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتیوانی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات و دەشڵیت، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە تورکیا پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکان دەستپێشخەریی بکەن بۆ بەرەوپێشوەچوونی پرۆسەکە.
هەروەها بەپێی ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکەی شاندی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکە ، دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت رووداوەکانی سوریایان هەڵسەنگاندووە و ئۆجەڵان چەند ڕێگەیەکی ئەرێنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد پێشکەش کرد و راشیگەیاندووە، کە ئەم سەردەمە سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە ماوەی داهاتوو هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەنێین بۆ ئەوەی دیدگامان بەبێ تیرۆر و تورکیا و ناوچەیەکی بێ تیرۆر دابمەزرێنین."
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەرەوپێشوەچوونی ئەم پرۆسەیە لەپێناوی ئەوەی ڕێگەیەکی نوێ لەبەردەم وڵاتەکەمان بکرێتەوە و دەمانەوێت بەیەکەوە و بەئاسانی و ویستی هەردوولا و لێکتێگەیشتن بەرەو پێشەوە بڕۆین، بەڵام پاشەکشەی ناکەین لەوەی وڵاتەکەمان بکەوێتە مەترسی بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک ئەوەی پێویستبێ دەیکەین و هیواخوازم لە ساڵی (2025) لەم پرۆسەیەدا موژدەیەکی خۆش بە میللەتەکەمان بدەین."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) لەدوای سەردانەکەی شاندی دەم پارتی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕێبەری پەکەکە گوتی، "ئەم هەنگاوە تەنیا هیوایەک بە شێوەیەکی رێژەیی بە برایەتی کورد و تورک ناگەینی بەڵکو هەر لەسەرەتاوە کاریگەری سوودبەخشی هەبووە."
باخچەلی لە درێژەی قسەکانیدا جەخت لەوەش دەکاتەوە، "پێویستە لەداهاتوو قۆناغ بە قۆناغ هەنگاوی جددی و کۆنکرێتی بەکردار بنرێت وبەبێ دواکەوتن  ئەنجامەکان رابگەێندرێت، هەروەها سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی هەنگاوێکی سەرەتای باش بوو بۆ وڵاتەکەمان."
سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بەو رەخنانەی ئاراستەیان کردووە لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی دەڵێت، "ناسنامەی نەتەوەی تورک لەلایەن برایەتی تورک و کورد دامەزراوە و ئەم هەنگاوە شایەنی ئەوەیە ببێتە سیمبولی شکۆ و کەرامەت و ئازادی و دیموکراسی سەدەی نوێ، هەروەها ئەم هەنگاوەمان هیچ ئامانجێکی بێ بنەمای نییە ئەوەی هەیە گومانە، شتێک نییە بەناوی پرۆسەی ئاشتی نوێ یاخود دەسپێشخەری نوێ بەڵکو ئەوەی هەیە، ئەوەی قسەی دەکات دەبێت چالاکانە دەستوەردان بکات بەبێ مەرجی پێشوەختە و بێ ساختەکاری و بەمتمانەوە و راستەقینەوە هەنگاو بنێت لەپێناو داهاتووی نەتەوەکەمان."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەدوای لێدوانەکەی شاندی دەم پارتی رایگەیاند، "لەدوای داواکاریەکەی بەرێز گوڵدان و ئۆندەر هاوشێوەی پارتەکەنی تر لە پەیوەندی داین لەگەڵ ئەندامەکانمان و لایەنەکانی تر سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و عەبدوڵلا ئۆجەلان، هەروەها ئێمە پەیوەندییەکانمان بەکراوەیی هێشتتەوە و نزیک بوونەوەی ئێمە لەم پرۆسەیە ڕوونە، ئێمە لەسەرەتاوە رامانگەیاندبوو زەمینەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە پەرلەمانە و دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی شەفافانە بەرەو پێشوەبچێت."
سەرۆکی جەهەپە راشیدەگەیەنێت، "ئەوەی لای ئێمە گرینگە رێزگرتنە لە هەستیاری کەسوکاری شەهیدان، لەم چوارچێوەیەدا چاودێری دواین پێشهاتەکان دەکەین، لەئێستادا زانیارییەکان وەک پێویست نییە ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و تا وردەکارییەکان بەتەوای رادەگەیێنرێت ئەو کات لەگەڵ ئەندامانمان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و لەگەڵ ڕای گشتی هاوبەشی پێدەکەین."
فاتیع ئەربەکان، سەرۆکی رەفای نوێ سەبارەت بە سەردانەکەی شاندی دەم پارتی دەڵێت، "ئەگەر ئۆجەلان بڕیارە داوای چەک دانان لە پەکەکە بکات، دەکرێت لەشوێنی خۆی لە ئیمراڵی داوایان لێبکات ، زۆر گرینگە پرۆسەیەکی چارەسەری نوێ لەگەڵ ناوچەکە ئەنجام بدرێت و لەناوچەکە پرۆسەیەکی لەم شێوەیە هاتۆتە پێشەوە و ئێمەش بەم پرۆسەیە دەڵێن بەڵی بۆ دەستەبەرکردنی مافی براکانمان لە ناوچەکە و پێویستە براکانمان لە ڕۆژهەڵات هەمان مافیان هەبێت هاوشێوەی ڕۆژئاوا."
موساڤات دێرفیشئۆغڵو، سەرۆکی پاتی ئیی لەو بارەیەوە دەڵێت، "شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆمن کۆماری تورکیا بۆ داهاتووی تورکیا داوای یارمەتی لە ڕێبەری تاوانکاری ئیمرالی دەکات، ئۆجەلان دەڵێت من پشتیوانی بانگەوازەکەی باخچەلی و ئەردۆغان دەکەم ئێمە هیچ زانیاریەکمان لە بانگەوازەکەی ئەوان نییە کە بەنهێنی باسیان لەچی کردووە، ئۆجەلان داواکاری چی هەیە؟ ئێمە ناتوانین لەم شتە تێبگەین و پەرلەمانی تورکیا جگە لە زانیاریی گۆڤارەکان هیچ زانیارییەکی لەو پێشهاتانەی نێوان دەسەڵات و ئیمرالی نییە، پێویستە پەرلەمانی تورکیا دەستپێشخەری بکات، تاوەکو نەزانرێت کێ چی دەوێت و هەندێک ناونیشان پیشانا دەدەن، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین دەمانەوێت بەیەکەوە داهاتووی تورکیا دروستبکەین."
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی سەرکەوتن رەخنەی توند ئاراستەی دەسەلاتدارانی تورکیا دەکات و رایگەیاند، "ئێوە وا خۆتان پیشان دەدەن سەرکەوتنی گەورەتان و لە سووریا بەدەستهێنا وە و ڕۆڵی رزگار کەری دیمەشق دەبینن، ئەی ئەگەر سووریاتان داگیر کردووە بۆچی داوای هاوکاری لە کەسێک دەکەن کە لەلایەن سووریاوە رادەستی ئێوە کراوە و بکوژی (40) هەزار کەسە و ئێستا لە ئیمرالی پەیامی ئاشتی دەنرێت."
یاڤوز ئاگرئۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەرەکی تورکیا سەبارەت بە دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەڵان دەڵێت لەسەرەتاوە بە هەستیارییەوە هەردوولا لە پرۆسەکە نزیکبونەوەتەوە.
سەرۆکی پارتی سەرەکی ئاماژە بەوەش دەکات، "ستراتیژییەکی هەڵەیە لەوەی  تێگەیشتووینە کە واپیشان بدەن ئۆجەڵان وەک نوێنەری شەرعی کورد سەیربکەین، ئەم هەڵە تێگەیشتنە زیان بە متمانەی دەوڵەت و سیاسەت و یەکپارچەیی ولات دەگەیەنێت، تورکیا بەهێزترین وڵاتە لە ناوچەکە ئێمە هەرگیز رێگە بە یەپەگە نادەین لە سووریا بمێنن و چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە."
تولای هەتیمئۆغلولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە سەردانی شاندی پارتەکەیان بۆ ئیمرالی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، "ئەو بەدواداچونانەی بەرێز ئۆجەلان پێشنیاری کردووە داهاتووی تورکیا و ناوچەکە دەگورێت، هاوپەیمانی کورد و تورک بەهێزتر دەکات و لەمەوبەدوا ناتوانرێت دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتیەکی دیموکراسی دوابخرێت و لەئێستادا گەیشتۆتە دۆخێکی بەرپرسیارێتی."
ئاماژە بەوەش دەکات، "لەم قۆناغە هەستیارەدا هەموو لایەنە سیاسیەکان پێویستە هەنگاوی بنیاتنەر و جددی و بوێرانە بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێت پەرلەمانیش بنەمایەکی گرینگ بێت لەم پرۆسەیەدا."
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین