هەژموونى تورکیا لە سووریا میسر ــ یۆنان ــ قوبرس لێکنزیک دەکاتەوە
نوچە نێت
ئامادەکردنى: ئیسماعیل تەها
دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى نێوان وڵاتانى رۆژهەڵات یەکێکە لە بابەتە پڕ گفتوگۆکانى نێوان ئەو وڵاتانەى سنوورى ئاویان لەسەر یەکە، لە چەند ساڵى رابردوو هەیەک لە میسر و یۆنان و قوبرسى یۆنانى هەنگاویان بۆ ئەو پرسە ناوە، چەندین کۆبوونەوەیان کردووە، بەتایبەتیش لەدواى ئەوەى کە تورکیا و لیبیا سنوورى ئاوى خۆیان دیاریکرد، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، لە ماوەى رابردوو جارێکى دیکە تورکیا باسى لە دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکان لەگەڵ ئیدارەى نوێى سووریا کرد، ئەوەش مەترسى لاى ئەو سێ وڵاتە درووست کردووە، کە ئەزموونى ساڵى (2019) دووبارە بێتەوە، هەر ئەوەش وایکردووە لە چەند رۆژى رابردوو جارێکى دیکە هەر سێ وڵات لە میسر کۆبوونەوەى لوتکەیان کرد، جیاوازى کۆبوونەوەى ئەمجارە لەگەڵ جارانى رابردوو ئەوەیە تورکیا و میسر پەیوەندییەکان لە ئاستێکى باش دایە، سەرەڕاى گرژییەکان لەگەڵ یۆنانیش، بەڵام پەیوەندیان لە ساڵانى رابردوو باشترە.
لەدواى کودەتاى عەبدولفەتاح سیسى، وەزیرى بەرگرى میسر لە (2013) پەیوەندییەکانى میسر و تورکیا بەتەواوى تێکچوو، ئەوەش وایکرد کاریگەرى لەسەر هەموو ئاستەکان هەبێت، بۆیە هەریەک لە ئەنقەرە و قاهیرە بەردەوام لێدوانى توندیان دژ بەیەک دەدا، حیسابیان بۆ بچووکترین جووڵەى یەکترى دەکرد.
لەدوای تێچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر داوای لوتکەی سێقۆڵی یۆنان ــ میسر ــ قوبرسی یۆنانی كرد.
سەرەڕای ئەوەی لە کۆبوونەوەى لوتکەکان هیچ ئاماژەیەكی راستەوخۆیان بە هەبوونی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ توركیا نەکرد، بەڵام توركیا راستەوخۆ هەڵوێستی خۆی لەسەر هەوڵەكانیان بۆ دیاریكردنی سنوورە ئاوییەكان رادەگەیاند.
لە (2014/8/11) لوتكەى قاهيرە، عەبدولفەتاح سیسی، لەگەڵ نیكۆس ئاناستاسیادیس، سەرۆكی قوبرس و ئەنتۆنیس ساماراس، وەزیرانی یۆنان كۆبوونەوە، ئەو دیدارەیان بە دیداری یەكەمی مێژوویی نێوان هەر سێ وڵات وەسف كرد، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ بوو لەسەر هەماهەنگى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و ئاسایش دەستى پێکرد، هەر لەو کۆبوونەوە راگەیێندرا کە دانووستاندنەکانى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکان دەست پێدەکەنەوە.
هەر سێ سەرۆك لە یەكەم لوتکە جەختیان لەسەر رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتی و ئامانج و پرەنسیپەكانی كە لە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردەوە، لەوانە پەیوەندیی دۆستانە و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێزگرتنی یەكسانی نێوان وڵات لە بابەت سەروەری و سەربەخۆی و پارێزگاری لە یەكپارچەیی و چارەسەری ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان بە رێگەی ئاشتیانە و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی نێوان وڵاتان و ڕێگری لە بەكارهێنانی هێز و هەڕەشە دژ بە یەكتری.
هەر لەو كۆبوونەوە ئەو هاوبەشییەیان ببێتە نموونەیەك بۆ گفتوگۆی گشتگیرتری نێوانیان، لەوانەش رێگەكانی هەماهەنگی و هاوكاری لە چوارچێوەی ناوەندە جۆراوجۆرەكان، ئەو هەوڵانەی لە بەرژەوەندی پاڵپشتی پەیوەندییەكانی نێوان جیهانی عەربی و یەكێتی ئەوروپا دایە.
كاردانەوەكانی توركیا
لە (2015/4/30) ئاناستاسیادس، سەرۆک کۆمارى قوبرس، عەبدولفەتاح سیسى، سەرۆک کۆمارى میسر، ئەلیکسیس تیسبراس، سەرۆک وەزیرانى یۆنان کۆوونەوە، لەو کۆبوونەوە گفتوگۆیان لەسەر ئاڵنگەرییەکانى بەردەم سەقامگیرى و ئاسایش و خۆشگوزەرانى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى دەریاى ناوەند و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرد.
لە (2015/5/1) مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتەى تورکیا رایگەیاند، هیچ چالاکییەک، یاخود هەنگاوێک لە رۆژهەڵاتى دەریاى سپى ناوەند بەبێ هەماهەنگى لەگەڵ تورکیا ناکرێت، تورکیاش رێگە بەوە نادات.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى جەخى لەسەر ئەوە کردەوە، وڵاتەکەى پاڵپشتى رێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکات، پێویستە یۆنان هەوڵەکانى لەپێناو تەواوکردنى دانوستاندنەکان لە قوبرس بخاتەگەڕ و هانى قوبرس بدات، رۆڵى ئەرێنى ببینێت، ئەمڕۆش تورکیا وەک ساڵى (2004) لە پاڵ کۆمارى قوبرسى تورکى دەوەستێت، هەموو لایەک دەبێت لە پێناو چارەسەر هەنگاوبنێت
لە (2015/12/8) عەبدولفەتاح سیسى، سەردانى یۆنانى کرد، لەو جارێکى دیکە لوتکەى سێقۆڵیان بەست لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى یۆیان، نیکۆس ئاناستاسیادیس، سەرۆکى قوبرس کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوە گفتوگۆیان لەسەر میکانزمى چوارچێوەى هەماهەنگى نێوان هەر سێ وڵات کرد.
لە (2016/10/11) بە بەشدارى عەبدولفەتاح سیسى، و نیکۆلاس ئانستاسیادیس، سەرۆکى قوبرس و سەرۆک وەزیرانى یۆنان لوتکەى چوارەم لەقاهیرە بەڕێوە چوو، لەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنى هەماهەنگى هاوبەش لە هەموو بوارەکان کرا، بەتایبەت بوارى وزە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و توندوتیژى و پرسە ناوچەیى و نێودەوڵەتییەکانى جێى بایەخى هەر سێ وڵاتن.
لەو کۆبوونەوە عەبدولفەتاح سیسى ئاماژەى بەوە کرد، کە ئەو هەماهەنگییە دژ بە هیچ لایەنێک نییە، دەرگا بۆ هەر وڵاتێکى دیکەى ناوچەکەش دەکاتەوە بیانەوێت بێنە پاڵ ئەو هاوپەیمانییە.
لە (2017/11/21) لوتكەى پێنجەم لەنێوان عەبدولفەتاح سیسى سەرۆکى میسر و نیکۆلاس ئانستاسیادیس، سەرۆکى قوبرس و ئەلیکسیس تیسیبراس، سەرۆک وەزیرانى یۆنان بەڕێوە چوو، لەو کۆبوونەوە جەخت لەسەر بەهێزى پەیوەندییەکانى هەر سێ وڵات کرایەوە.
ئەنجامى کۆبوونەوەکان
دیارترین ئەنجامەکانى کۆبوونەوەکان، هەر سێ وڵات رێککەوتن لەسەر دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکان لە ناوچەى رۆژهەڵاتى دەیاى ناوە، لەوانەش دەرفەت بۆ دۆزینەوەى یەدەگى گازى سرووشتى لە ئاوە ناوچەییەکانى میسر دەرەخسێنێت.
هەنگاوەکانى میسر
لە مانگى شوباتى (2018 ) میسر کەشتییەکى هەڵگرى هێلیکۆپتەرە لە جۆرى میسترال بە ئاراستەى کێڵگەکانى گاز لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رەوانەکرد، ئەوەش وەک وەڵامێک بوو بۆ لێدوانەکانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا کە رایگەیاندبوو، تورکیا دان بە رێککەوتنى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکان ناکات.
ميسر هۆشدارى دەداتە تورکیا
لە (2018/2/8) ئەحمەد ئەبو زەید هۆشدارى دایە تورکیا کە هیچ لایەنێک ناتوانێت دژ بە یاساییبوونى رێککەوتنى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى نێوان میسر و قوبرس بووەستێتەوە، ئەو رێککەوتنە بۆ سوودوەرگرتنە لە سەرچاوە سرووشتییەکانى ناوچەى ئابوورى هەردوو وڵات لە دەریاى ناوەند.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى ئەبوو زەید گوتى، "ئەو رێککەوتنە بەگوێرەى رێساکانى یاساى نێودەوڵەتى کراوە، وەک رێککەوتنى نێودەوڵەتیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراوە، هیچ وڵاتێک بۆى نییە هیچ هەولێک بدات بۆ زیانگەیاندن بە مافە سیادییەکانى ئەو ناوچەیە و لێى کەم بکاتەوە.
لە (2018/2/11) دەریاوانى تورکى رێگرى لە کەشتیەکى سەر بە کۆمپانیاى ئینى ئیتاڵى کرد لە باشوورى قوبرسەوە دەهات.
لە (2018/2/14) رەجەب تەیب ئەردۆغان بە زۆمانێکى توند هۆشدارى دایە کۆمپانیاکانى بیانیەکانى بوارى دۆزینەوەى گاز لە کەناراوەکانى قوبرس، کە نەبنە ئامرازێک بۆ سنووربەزاندن.
واژۆکردنى رێککەوتنى ئاوى یۆنان و قوبرس
لە (2020/8/6) يۆنان و میسر رایانگەیاند رێککەوتنى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى هەردوولایان واژۆکرد، کە دیاریکردنى ناوچە ئابوورییەکانى هەردوو وڵات لە دەریاى ناوەند لەخۆى دەگرێت.
سامح شوکرى، وەزیرى دەرەوەى میسر رایگەیاند، لەدواى ئەو رێککەوتنە پەیوەندییەکانى نێوان قاهیرە و ئەسینا دەچێتە قۆناغێکى نوێ، رەنگدانەوەى لەسەر خواستى سیاسى هەردوولات دەبێت بۆ بەهێزکردنى هەماهەنگى سەبازى و سیاسى و بوارى وزەى هەردوو وڵات.
هەر لەسەر ئەو رێککەوتنە، نیکۆس دندیاس، وەزیرى دەرەوەى یۆنان رایگەیاند، دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى لەگەڵ میسر بەگوێرەى یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە.
دەندیاس لە بەشێکى دیکەى قسەکانى هێرشى کردە سەر تورکیا و حکومەتى لیبیا لەسەر یاداشتى لێتێگەیشتنى سنوورە ئاوییەکان و بە ناشەرعى لە قەڵەم دا و گوتى، هیچ بوونێکى نییە.
کاردانەوەى تورکیا
سەبارەت بەو رێککەوتنە وەزارەتى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، رێککەوتنى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى نێوان میسر و یۆنان هیچ بەهایەکى نییە، ئەو رێککەوتنە وەک ئەوەیە نەبێت، چونکە هیچ سنوورێکى ئاوی لەنێوان یۆنان و میسر نییە، بەگوێرەى ئە تێگەیشتنە تورکیا لە گۆڕەپان و لەسەر مێزەکە مامەڵە دەکات."
هەر لەو راگەیێندراوە هاتووە، کە ئەو رێکەوتنە بۆتە هۆى ئەوەى میسر رووبەڕى (11) هەزار و (500) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکەکەى لەدەست بدات، ئەوەش وەک ئەو رێککەوتنەیە کە لە (2003) لەگەڵ قوبرس واژى کرد کە رووبەرێکى دیکەى لەدەست دا، بەوەش ئەو رێککەوتنە سەردەکێشێت کە هەوڵى داگیرکردنى مافەکانى لیبیا بدات.
راگەیێندراوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، تورکیا هەرگیز رێگە بەهیچ چالاکیەک لەو ناوچەیە نادات، کەس گومانى نییە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەرگرى لە مافەکانى خۆى و مافى قوبرسییە تورکەکان و بەرژەوەندییەکانیان.
تورکیا دۆخى لیبیا دەقۆزێتەوە
لە (2007) تورکیا لەگەڵ دەست بە دانوستاندنەکان دەکات تاوەکوو سنوورە ئاوییەکان دیاری بکەن، بەهۆى دۆخى لیبیا و نەمانى قەزافى تاوەکوو ساڵى (2014) دانوستاندنەکان رادەگرن، لە مانگى حوزەیرانى (2018) دەستیان بە دانووستادنەکان کردەوە، لەو دۆخە پڕ ململانێیە لەگەڵ سێ وڵات، لەلایەکى دیکەش پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل لەو پەڕى خراپییە، توركيا لە (2019/11/28) رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتى لیبیا لە سەر دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکان رێککەوت، بەڵام هیچ وردەکارییەکانى لەسەر وردەکارییەکان بڵاو نەکردەوە.
كاردانەوە وڵاتان
رێککەوتنى نێوان لیبیا و تورکیا کاردانەوەى توندى لێکەوتەوە، هەریەک لە میسر و یۆنان رێککەوتنەکەیان بە نایاسایى ناوبرد، لە (2019/12/1) ئەحمەد حافز، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى میسر رایگەیاند، سامح شوکرى وەزیرى دەرەوەى میسر و نیکۆس دەندیاس، وەزیرى دەرەوەوى یۆنان لە قاهیرە گفتوگۆیان لەسەر رووداوەکانى لیبیا کردووە، جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە فائز سەراج، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى لیبیا دەسەڵاتى واژۆکردنى یاداشتى لەگەڵ وڵاتان نییە.هەردوو وەزیر رەخنەیان لە دەستوەردانى دەستوەردانى تورکیا لە کاروبارى لیبیا گرت و بە نەرێنى ناودەبەن، پێیان وایە ئەو کارانەى تورکیا لەگەڵ چارەسەرى سیاسى ناکۆکە.
ئیسرائیل
لە (24/12/2019) ئیسرائیل کاتس، وەزیرى ئەوکاتەى دەرەوەى ئیسرائیل رایگەیاند، دژ بەو رێککەوتنى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانین کە لایەن تورکیا و لیبیا واژۆکراوە، جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە ئەو رێککەوتنە نابێتە هۆى ململانێ لەگەڵ تورکیا.کاتس ئاماژەى بەوەش کرد، سەرەڕاى ناکۆکى لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەڵام بەدووریشى زانى کە ئیسرائیل یا تورکیاى ئەندام لە ناتۆ بچنە ناو ململاێوە، هەروەک ئێمە هیچ خواستێکمان نییە، تورکیا هیچ خواستێکى نییە بکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل.
هەڵوێستى نەتەوە یەکگرتووەکان
لە (2019/12/12) فەرحان حەق، گوتەبێژى فەرمى ئەمیندارى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامى پرسیارى رۆژنامەنووسان لەسەر ئەو رێککەوتنەى ئەنقەرە و تەرابلس رایگەیاند، ئەمیندارى گشتى هیچ هەڵوێستى لەسەر ئەو پرسانەى پەیوەندى بە سەروەرى وڵاتانى ئەندام، نەتەوە یەکگرتووەکان متمانەى بە هەموو لایەنەکان هەیە.
لە (2020/10/1) حكومەتى لیبیا راگەیاند، یاداشتى لێتێگەیشتنى ئەنقەرە و تەرابلس لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرا. مەحمود قەبلاوى، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى لیبیا رایگەیاند، یاداشتى لێتێگەیشتنى نێوانمان بۆ ئاسایش و بەرگریییە، بەگوێرەى ئەو یاداشتەش سنوورە ئاوییەکانى نێوان هەردوو وڵات دیارى دەکەین. هەر سەبارەت بەو هەنگاوەى نەتەوە یەکگرتووەکان مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، لە چوارچێوەى یاساى نێودەوڵەتى بەردەوام دەبین لە پارێزگاریی لە مافەکانمان.
لە مانگى (2021/10)ى هەرسێ وڵات کۆبوونەوەى لوتکەى باڵایان لە ئەسینا کرد، کۆبوونەوەکە بۆ راوێژ و هەماهەنگى بوو لەسەر دۆسیە کاریگەرە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان.
هەنگاوە نوێکانى تورکیا
لە (2024/12/25) عەبدولقادر ئۆاراڵئۆغلۆ، وەزیرى گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر هەیە ئەنقەرە بەگوێرەى یاسای نێودەوڵەتى سنوورە ئاوییەکان لەگەڵ سووریا دیارى بکەین.لە بەشێکى دیکەى قسەکانى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، تورکیا ئامانجییەتى لەگەڵ سووریا لەدواى پێهێنانى حکومەتى هەمیشەیى ئەو رێککەوتنە واژۆ بکات.ئۆغلۆ بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، تورکیا خۆى بۆ دەستپێکردنى دانوستاندنەکان ئامادە دەکات لەگەڵ حکومەتى نوێى سووریا، بەڵام پێویستە یەکەم جار دەسەڵاتێک لە سووریا هەبێت، ئەو کاتە ئەو پرسە دەچێتە ناو خشتەى کارەکانمان، بەڵام لە قۆناغى ئێستا ئەستەمە قسەى لەسەر بکرێت.
کاریگەریى دیاریکردنى سنوورەکانى نێوان تورکیا و سووریا
ئەحمەد ئۆزگۆر، شرۆڤەکارى سیاسى دەڵێت، تورکیا لە میانەى ئەو هەنگاوە هەوڵدەدات پێگەى هەرێمى خۆى بەهێز بکات، ئەوەش بەپشتبەستن بە رەتکردنەوەى پێشووى بە ئیدارەى قوبرسى یۆنانى وەک تاکە نوێنەرى ئەو دوورگەیە و جەختى لەسەر هاوبەشى کۆمارى قوبرسى تورکى کردەوە لە هەر دانووستاندنێکى پەیوەست بە سەرچاوەکانى وزە و یاخود سنوورە ئاوییەکان.
ئۆزگۆر جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، هەر رێککەوتنێکى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ئەگەر بەگوێرەى یاسایى نێودەوڵەتى بکرێت دەبێتە کارێکى رەوا، تورکیا هەوڵى فراوانکردنى هەژموونى خۆى دەدات بەبێ بەزاندنى هێڵەسوورەکان کە دەبێتە ئاڵۆزى لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا، ئەو هەنگاوەى لەگەڵ سووریاش پشت بەسەرکەوتنى رێککەوتنى دەریایى لەگەڵ لیبیا دەبەستێت.
دکتۆرە جیهاد نەسر، پسپۆ لە بوارى جیۆسیاسى مامۆستاى زانستە سیاسییەکان لە زانکۆى شەشى ئۆکتۆبەر، دەڵێت، ئەو رێککەوتنە بەشێکە لە ستراتیژیەتێکى فراوانترى تورکیا لە سووریا، کە پڕۆژەکانى کەرتى گواستنەوەى ئاسمانى و هێڵى ئاسنى و پەیوەندییەکان و هەموو کەرتەکانى وزەى وەک گواستنەوەى کارەبا و وەبەرهێنان لە بەندەرەکانى سووریا دەگرێتەوە، هەموو ئەوانە بە روونى ئاماژە بەوە دەکەن تورکیا زۆر بە خێرایى کۆنتڕۆڵى کەرتەکانى ئابوورى لە سووریا دەکات و بەدواى وزە و هەژموون لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگەڕێت.
د.جیهاد ئاماژە بەوەش دەکات، دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى نێوان تورکیا و سووریا دڵەڕاوکێى لاى زۆربەى وڵاتان درووستکردووە، ئەوەش بەهۆى ئەوەیە کە دەیاى ناوەند دەوڵەمەندە بە نوت، بەتایبەت وڵاتانى دراوسێى تورکیا، چونکە دەزانن ئەو رێککەوتنە هەژموونى تورکیا لەسەر حیسابى ئەو وڵاتانى ئەو ناوچەیە بەهێز دەبێت، هەر لەبەر ئەوەبوو لەدواى ئەو پێشنیارە یۆنان و قوبرس راستەوخۆ رەتیان کردەوە وەک رێککەوتنى ئەنقەرە و تەرابلسیان رەتکردەوە، یونان و قوبرس پێیانوایە ئەو رێککەوتنە یانى پشتگوێخستنى مافەکانیان، بەوەش پێشێلکردنى یاساى نێودەوڵەتییە، بۆیە یۆنان فشار دەخاتە سەر یەکێتى ئەوروپا بۆ گراتنى هەوڵەکان، لە لایەکى دیکەشەوە کار لەسەر بەهێزکردنى هاوپەیمانى لەگەڵ قوبرس و ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەنگاوەکانى تورکیا بۆ زیادکردنى هەژموونى لەو ناوچەیە.
لوتکەى میسر و یۆنان و قوبرس لوتکەى دەست بەکارەکانى دەکاتەوە
لەدواى لێدوانەکانى تورکیا میسر و یۆنان و قوبرس دەستیان بە کۆبوونەوەى لوتکە کردەوە، چاودێرانى سیاسیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئەو هەوڵانەى تورکیا ئەو سێ وڵاتەى ناچار کرد دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
لە (2025/1/8) عەبدولفەتاح سیسى، سەرۆکى میسر و کیریاکوس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانى یۆنان و نیکۆس خریستۆدۆلیس، سەرۆکى قوبرس لە قاهیرە کۆبوونەوە، ئەو کۆبۆونەوە بە لوتکەى دەیەم دادەندرێت، ئامانجى ئەو کۆبوونەوە بەهێزکردنى هەماهەنگى بوو لە بوارى وزە و بەستنەوەى کارەباى نێوان میسر و یۆنان وپڕۆژەکانى وزەى پاک و هایدرۆجینى سەوز.
شارەزایانى سیاسى و ستراتیژى لوتکەى سێقۆڵى نێوان ئەو سێ وڵاتە بە گرنگ دەزانن، وەک رەوانەکردنى پەیامێک بۆ وڵاتانى دیکە شرۆڤەى دەکەن لە سەرووى هەمووشیانەوە بە رەوانەکردنى پەیامى ناودەبەن بۆ تورکیا. د.تاریق فەهمى، مامۆستا لە زانستە سیاسیەکان رایگەیاند، ئەو لوتکەیە کاتەکەى جیاوازە، لە سایەى رووداوەکانە.
یەکەم، تورکیا داواى لە سووریا کردووە، سنوورە ئاوییەکانى لەگەڵ سووریا دیارى بکات، ئەوەش وڵاتانى ئیزعاج کردووە.
خاڵى دووەم داواکردنى هەندێ وڵاتە بۆ ئەندابوون، لەوانە فەرەنسا و ئەمەریکا و وڵاتانى دیکە، وەک چاودێر لە کۆڕبەندى گازى ناوەند.
خاڵى سێیەم، پەیوەستە بە سەقامگیرى لە رۆژهەڵاتى ناوەند و بەهێزکردنى کۆڕبەندى گازى ناوەند و ناوچە هەرێمییەکان لە سایەى گرووپ و هاوپەیمانە گەورەکان لەو ناوچەیە.
سەبارەت بە کاریگەرى ئەو هاوپەیمانییەش فەهمى جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، یۆنان و قوبرس پاڵپشتى هەڵوێستى میسر دەکەن لە پڕۆسەى سیاسى لە غەزە و راگرتنى جەنگ، هەروەک ئەو هاوپەیمانییە دۆخێکى نوێى سیاسى و ئابوورى گرنگ لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەند درووست دەکات.
د.محەمەد مەرعى، لێکۆڵە لە ناوەندى میسرى بۆ فیکر و لێکۆڵینەوەى ستراتیژى دەڵێت، ئامادەسازى تورکیا بۆ رێککەوتنى دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکان لەگەڵ دەسەڵاتى سوورى ترسى لاى قوبرس و یۆنان درووست کردووە، بەتایبەت ئەو رێککەوتنە بە پێى پرەنسیپى نێودەوڵەتى نییە، وەک ئەو رێککەوتنەى لێدێت، لە (2019) لەگەڵ حکومەتى فایز سەراج لە رۆژئاواى لیبیا واژۆى کرد، ئەوکاتەش میسر و یۆنان و قوبرس رەتى کردەوە، ئێستاش حکومەتى ئێستاى سووریا کاتییە و سەرپشک نەکراوە بۆ رێککەوتنێک کە پەیوەست بێت بە بەژەوەندییەکانى گەلى سووریا.
د.تاریق فەهمى دەڵێت، لەگەڵ ئەوەى تورکیا لەو بابەتە لەگەڵ یۆنان ناکۆکە، بەڵام تورکیا لەو لایەنە سەرەکییانەیە بانگهێشتى ئەو کۆڕبەندە دەکرێت.
لە (2025/1/9) رۆژنامەى "عەرەب"ى لەندەنى راپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە، لە راپۆرتەکە هاتووە، سەبارەت بە کارییگەرى ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرە و قاهیرە، سەرچاوە عەرەبیەکان بە دوورى دەزانن ئەو ئاساییبوونەوە کاریگەرى لەسەر پاڵپشتى میسر بۆ یۆنان و قوبرس هەبێت.
لە بەشێكی راپۆرتەكە هاتووە، هەر سێ وەڵاتیش هەڵوێستێکى یەکگرتوویان هەیە، کە بە پێویستى دەزانن یاریكردنی سنوورە ئاوییەکانى تورکیا و سوویات بە ئاشکرا بکرێت، پێوەرەکانى شەفافیەتى تێدا بێت، بۆ ئەوەى لەگەڵ مافە سیادییەکانى یۆنان بەریەک نەکەوێت.
سەبارەت بە لێدوانەکانى وەزیرى گواستنەوە و ژێرخانى تورکیا کە ئامادەیى وڵاتەکەى بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سووریا راگەیاند بوو، میسر هیچ قسەیەکى نەبوو لەسەر ئەو لێدوانانەى کە باسى لە دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى نێوان سووریا و تورکیا کردبوو.
د.ئەحمەد قەندیل، سەرۆکى یەکەى لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتى و پڕۆگرامى وزە لە ناوەندى ئەهرام بە رۆژنامە لەندەنیەکەى راگەیاندووە، ئەو سێ وڵاتە چەندین بەرژەوەندى و دۆسیەى هاوبەشیان هەیە، لە پێش هەموویان هەوڵەکانى میسر بۆ ئەوەى ببێت بە ناوەندێک بۆ بەرهەمنێنان و ئاڵوگۆڕى وزە، چەندین پڕۆژەى هاوبەشى گواستنەوەى گاز و کارەباى هەیە.
سەبارەت بە تورکیا قەندیل جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە میسر چاوەڕوانە وەک وڵاتێکى گرنگ هاوکارى بکات بۆ زیادبوونى سەقامگیرى لەو ناوچەیە، پڕۆژە هاوبەشەکانى هەر سێ وڵاتیش هانى تورکیا دەدات هەماهەنگ بێت، لەو نێوەندەش دەرفەت هەیە قاهیرە رۆڵى نێوەندگیرى ببێنێت لەنێوان ئەنقەرە و ئەسینا، ئەوەش لەوبڕوایە سەرچاوەى گرتووە ئاڵۆزییەکان لە بەرژەوەندى ئەو سێ وڵاتە نییە.
ئەحمەد قەندیل جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە قاهیر درکى بەوە کردووە، دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى نێوان تورکیا و سووریا جارێک هەر گفتوگۆیە، چونکە حکومەتێک لە سووریا نییە، بتوانێت گفتوگۆى لەگەڵ بکرێت، ئیدارەى ئێستا مافى ئەوەى نییە بگاتە لێتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا، دیاریکردنى سنوورەکان وەک رێککەوتنى سیادییە، پێویستە یەکەم جار گەلى سووریا رەزامەندى لەسەر بدات و پێویستى بە بوونى دامەزراوەى سەرەکییە.
رۆژنامەى "رەعەب"ی نووسیوویەتى مەترسییەکانى یۆنان و قوبرس لەو پێشنیارەى تورکیا بۆ سووریا دەیانگەڕێنێتەوە، بۆ ئەو رێککەوتنەى تورکیا لەگەڵ لبییا واژۆى کرد، ئەو رێککەوتنە گفتوگۆى زۆرى درووست کرد، ئێستاش ئەنقەرە دەیەوێت بە ئاماژەدان بە یاساییبوونى ئەو رێککەوتنە کە ئەنتۆنى گوترێش بەگوێرەى ماددەى (102) مۆرکى یاسایى پێدا، بووە هۆى ئەوەى میسر و یۆنان و قوبس بە ئامانجى رێگرى لە جووڵەى نارەوا لە رۆژهەڵاتى ناوەند رێککەونێک واژۆ بکەن.
د.بەشیر عەبدولفەتاح، لێکۆڵەر لە کاروبارى نێودەوڵەتى، دەڵێت، کۆبوونەوەى هەرێ سێ وڵات کاریگەرییەکانى پەیامى هەڕەشەئامێزى راستەوخۆ بۆ تورکیا کەم دەکاتەوە، بەڵام پەیامێک هەیە ناوەڕۆکەکەى بریتى هەماهەنگى میسر ــ یۆنان ــ قوبرس لەسەر ئاستى بەرز بەرەنگارى هەر پشێلکارییەک دەبنەوە، پێویستە لەسەر ئەنقەرە رەچاوى وڵاتانى دراوسێ دەکات و بە تەنیا ئاراستەى ئیدارەى نوێى سووریا نەکات لەپێناو فراوانکردنى هەژموونى، چونکە ئێستا سووریا گیرۆدەى قەیرانى ئابوورییە پێویستى بە پاڵپشتى بە کۆمەڵە نەک تەنیا پاڵپشتى تورکیا.
د.عەبدولفەتاح جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کاتى لوتکەى ئەو سێ وڵاتە لە قاهیرە، بۆ بەرەنگابوونەوەى هەوڵەکانى تورکیایە لە رۆژهەڵاتى ناوەند، بەبێ ئەوەى زیان بە نزیکبوونەوەى میسر و تورکیا بگەینێت، چونکە قاهیرە نایەوێت بۆ پاشەوە بگەڕێتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە مافى خۆیەتى پەیوەندییەکانى جۆراوجۆر بکات، هەڵوێستەکانى لە خزمەتى بەرژەوەندییەکان بێت، هەروەک تورکیا لە رێگەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەسیوبیا و سۆماڵ کارى دەکرد.
دەوڵەمەندى دەریاى ناوەند
بەگوێرەى رووپێویەکى زەویناسى ئەمەریکا ناوچەى حەوزى شام بە ئاراستەى دەریاى ناوەند، کە بۆ میسر لوبنان و سووریا و فەڵەستین و تورکیا درێژ دەبێتەوە، بڕى سێ ملیار و (450) مليۆن مەتر گازى سرووشتى تێدایە، لەگەڵ بڕى یەک ملیار و (700) ملیۆن بەرمیل نەوت.
دەرئەنجام:
یەکەم: تورکیا ئامادەسازیى دەکات بۆ دیاریکردنى سنوورە ئاوییەکانى لەگەڵ ئیدارەى نوێى سووریا.
دووەم: لە (2019) دەرفەتى وەرگرت سنوورە ئاوییەکانى لەگەڵ لیبیا دیاریکرد.
سێیەم: لە (2020) نەتەوەیە کگرتووەکان رێککەوتنى تورکیا و لیبیاى پەسەند کرد.
چوارم: میسر و یۆنان و قوبرس ترسیان لە دووبارەبوونەوەى ئەزموونى لیبیا و تورکیا هەیە.
پێنجەم: قۆناغى ئێستاى پەیوەندییەکانى تورکیا و میسر بە رێژەیەک لە بەرژەوەندى تورکیایە.
شەشەم: میسر هەوڵ دەدات رۆڵ لە نێوەندگیرى یۆنان تورکیا بگێڕێت، بۆیە لەو قۆناغەى ئێستا هیچ کاردانەوەیەکى راستەوخۆى لەسەر ئەو هەنگاوەى تورکیا لە سووریا نییە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment