تیکتۆک لە ئەمەریکا قەدەغە کرا بابەتی گشتی

نوچە نێت

ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لە ئەمەریکا قەدەغە کرا، نزیکەی (170) ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی بەهۆی قەدەغەکردنەکەوە بێبەش بوون لە بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکە.

ڕۆژی یەکشەممە (19/کانوونی دووەم/2025) ماڵپەڕی (ئارتی) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی قەدەغەکردنی لە پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی تیکتۆک کردبوو، ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمەریكا بڕیاری دا تیکتۆک لەم وڵاتە قەدەغە بکرێت.

كۆمپانیای تیکتۆک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئێمە نیگەرانین لەوەی کە یاسایەکی ئەمریکا بۆ قەدەغەکردنی تیک تۆک لە (19)ی کانوونی دووەمەوە جێبەجێ دەکرێت و ناچارمان دەکات خزمەتگوزاریەکانمان بۆ ماوەیەکی کاتی بەردەست نەبێت، ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات خزمەتگوزارییەکانمان لە ئەمریکا کارا بکەینەوە."

بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریكا دوای ئەوە دێت چەندین جار ئەمریکا باسی لەوە کردووە، "تیک تۆک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دروست دەکات".

دادگای باڵاش دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی خاوەندارێتی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ چین دەگەڕێتەوە لەوانەیە بەردەوام هەوڵ بدەن دەستیان بگات بە داتای بەکارهێنەرانی ئەمریکی و دزەی زانیارییە جیاوازەکان بکات".

لە بەرامبەردا تیک تۆک هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و دەڵێت، "هەرگیز داتای بەکارهێنەرانی ئەمریکی لەگەڵ چین هاوبەشی پێنەکراوە".

لە بەیاننامەکەی تیک تۆکدا دووپاتی ئەوە کراوەتەوە، "پێویستە بەڕێوبەرایەتیی بایدن دەستبەجێ بەیاننامەیەکی یەکلاکەرەوە پێشکەش بکات بۆ ڕازیکردنی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکەمان و دڵنیایی گەڕاندنەوەی پلاتفۆڕمەکە بدات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین