سەردەمی عەقڵی نەرمە وەرن با پاڵپشتی بکەین بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

هەر سەردەمێک چەمک و شێوازی مامەڵەکردن و جۆرێک لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانی و قەیران هەیە. دەکرێت ئەم شێوازەی دوێنێ دروستبوو لە مامەڵەکردندا بۆ ئەمڕۆ نەشێت و زیانی هەبێت.

جاران لە بواری شۆڕشگێڕی و سیاسەتدا بەرەی چەپ، باوەڕیان بە توندڕەوی شؤڕشگێڕی هەبوو، بەڵام لە دوای ئەزمونی شەڕی سارد لە نێوان هەردوو بلۆکی سەرمایەداری و سۆسیالیزم، شۆڕشی گلۆبال دروستبوو. چەمک و هێزی عەقڵی نەرم پەیدابوو. بەرەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە دواجار دەبێت گفتوگۆ و دانوستان بکەن. 

یەک لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە، کە تا ئێستا لە عەقڵی هێزی رەق دەربازی هێزی عەقڵی نەرم نەبوون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەردەوام ئەم ناوچەیە لە شەڕ و قەیراندا بژیت و سەقامگیری تێدا نەبێت. 

لە ناو جەرگەی ئەم هەموو توند ئاژۆیی و دەمارگیرییە، کورد خاوەنی سەرکردەیەکە کە بە هێزی عەقڵی نەرم مامەڵە دەکات. ئەوەی ئیستا لە سەر ئاستی عێراق و کوردستانیش نوێنەرایەتی هێزی نەرم و یەکخستنی نێوماڵی کورد دەکات (نێچیرڤان بارزانی) یە. ئەو دەتوانێ لەگەڵ هەموو دەنگ و رەنگەکان گفتوگۆ بکات. هەموو یار و نەیار لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە. کە لە ئێستادا ناوچەکە و کوردستانیش پێویستیان بەمجۆرە لە تێگەیشتن و دبلۆماسیەتەیە.

ئەوەی لە مێژوودا دیارە ئەوەیە کە هەمیشە شکستی کورد، لەسەر مێزی گفتوگۆبووە نەک لە گۆڕەپانی شەڕ، چونکە کورد باوەڕی زۆر بە هێزی نەرم نەبووە. لە ئێستادا پەیدابوونی سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی پەیوەندی هۆکارن بۆ ئەوەی زەمینەسازی هاتنەکایەی عەقڵی نەرم و دیالۆگ بن، چونکە دواجار پێویستمان بە دروستکردنی کلتوری یەکتر قبوڵکردن و لێبوردەییە.

کورد زیانێکی گەورەی لە دووبەرەکی و بەکارهێنانی هێزی رەق کردووە، با ئیتر لە مەودوا بەبێ جیاوازی ئینتیمای سیاسی و حزبی، پشتگیری بەرەی نەرم بکەین و هەواداری حزبەکان سەرکردەکانیان ناچاربکەن کە لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەن. هەروەها ئەوانەی بڕوایان بە دیالۆگ و گفتوگۆ هەیە بە دەنگی بەرز پاڵپشتی ئەم بەرەیە بکەین. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین