سبەی دووەمین کۆبوونەوەی شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئەستەنبۆڵ بەڕێوەدەچێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

هەفتەی ڕابردوو شاندی باڵای هەریەک لە ئەمەریکا و ڕووسیا لە ڕیازی پایتەختی سعودیە کۆبوونەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "بەیانی دووهەمین کۆبوونەوەی شاندەکانی  هەریەک لە ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئەستەنبۆڵ کۆدەبنەوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (26/شوبات/2025) ماڵپەڕی (گەل) بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، "بەمەبستی دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەبارەی کارەکانی باڵیۆزخانەی هەردوو وڵات ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەستەنبۆڵ شاندەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا کۆدەبنەوە."

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوەش کردەوە، "شاندەکانمان پێکهاتووە لە دیپلۆماتکار و پسپۆرە باڵاکان، بۆئەوەی بتوانین کۆتایی بە کێشە سیستماتیکیەکانی ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بهێنین کە كە ئاستەنگیان لەبەردەم چاڵاکییەکانی باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە ئەمەریکا درووست كردووە، ئێمە لەڕابردوو توانیومانە وەڵامی هەڵومەرجە نەرێنییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بدەیەنەوە."

سەبارەت بە ناوی ئەو کەسانەی بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەی دەکەن، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە، هەروەها هەفتەی رابروو هەردوو شاندەکە لە سعودیە کۆبوونەوە، دوێنێش هەرلەو وڵاتە شاندەکە گفتوگۆیان لەبارەی کۆتایهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا کردووە و کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار كاژمێری خایاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەسەردانێکی ڕانەگەیێندراو گەیشتە ئەنقەرە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی ڕایگەیاند، "ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتیەک لەپێناو بەدەستهێنانی ئاشتی بە ڕێگەی دانوستاندن، وەک ڕابردوو ئامادەین میوانداری هەموو جۆرە دانوستاندنێک بکەین."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین