ئێران ڕەنگە عێراق لەدەست بدات وەرگێڕان

نوچە نێت

نووسينى: مایکل نایتس - حەمدی مالیک 

وەرگێڕانى: سۆران جەلیل

بەرەی موقاوەمە ئامادەیە گورزی دیکەی بەربکەوێت

ئێران هەر لە شۆڕشی ساڵی 1979ەوە، تۆڕێکی لایەنگر و دۆستی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کردووە. ساڵانێک ئەم ستراتیجە سەرکەوتوو بوو. "بەرەی موقاوەمە"ی تاران هێواش هێواش بەڵام بەدڵنیایی کاریگەری لە عێراق، لوبنان و سووریادا بەدەست هێنا و لەوێشەوە هێرشی توندی کردە سەر ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی 2014 میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ئێران، گەورەترین شاری یەمەنیان گرت. دوای ماوەیەکی کەم پەرلەمانتارێکی ئێران شانازی بەوەوە دەکرد کە حکوومەتەکەی چوار پایتەختی عەرەبی لە ژێر دەسەڵاتدایە: بەغدا، بەیرووت، دیمەشق و سەنعا.

وەلێ ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو نەزمی ناوچەیییان گۆڕیوە. ئەمڕۆ ئێران تاڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی دوو لەو چوار پایتەختە عەرەبییەی لەدەست داوە. شەڕی ئیسرائیل لە لوبنان، حیزبوڵڵای وێران کرد، ئەو گرووپە میلیشیایەی تاران پشتیوانی دەکات و زاڵ بوو بەسەر بەیرووتدا. لە مانگی دیسەمبەردا، هێزە سوننەکانی سەر بە تورکیا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت لە دەستی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان دەرهێنا، ئەسەد هاوپەیمانێکی ئێران بوو و بۆ ماوەی نیو سەدە سووریای کۆنتڕۆڵ کردبوو. ئێستە کۆماری ئیسلامی ترسی ئەوەی هەیە داشێکی دیکە بکەوێت.

عێراق شیاوترین شوێنە بۆ ئەو ڕووداوە. هێزە ئەمنییەکان لە یەمەن و لە ئێران خۆشیدا ئەوەندە بەهێز و دڕندە دەردەکەون کە بتوانن کۆنتڕۆڵی دانیشتووانی خۆیان بکەن، بەڵام نۆکەرەکانی تاران لە عێراق خەریکە نیگەران دەبن. میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بە درێژایی ساڵی 2024 بەبەردەوامی هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئامانجەکانی ئیسرائیل، لە مانگی مارچی ئەو ساڵەدا لە هێرشێکی درۆندا سێ سەربازی ئەمریکایییان کوشت، بەڵام وا دیارە ئەم میلیشیایانە ڕێڕەویان گۆڕیبێت. لە سەرەتای مانگی دیسەمبەرەوە مانیان نەگرتووە - ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی ترسیان لە ڕاکێشانی سەرنجی واشنتۆن زیادی کردووە.

هەروەها پێدەچێت سیاسەتمەدارانی عێراق زیاتر لە هەر کاتێک تامەزرۆی ئارامکردنەوەی ئەمریکا بن. حکوومەتی عێراق لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، هاوپەیمانییەکی نزیک لەگەڵ ئێران سەرکردایەتی دەکرێت، بەڵام تیمی سوودانی لە کۆتایی مانگی جەنیوەریدا سێ سازشیان لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد: هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هۆی فەرمانی کوشتنی تیرۆریستان لە بەغدا لە ماوەی ئیدارەی پێشوویدا؛ ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی ئەلیزابێس تسوورکۆڤ، تووێژەر لە زانکۆی پرینستۆن، کە لە لایەن کەتایبی حیزبوڵڵا، میلیشیایەکی سەر بە ئێرانەوە بە بارمتە گیراوە و پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی بودجەیەکی چارەنووسساز کە لەمێژە کوردەکانی عێراق داوای دەکەن، ئەو بەشەی کۆمەڵگەی عێراق کە نزیکترین پێوەندییان بە ترەمپەوە هەیە. ئەم سازانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانانی ئێران لە عێراق هەست بە لاوازی دەکەن.

واشنتۆن پێویستە سوود لەم ساتەوەختە وەربگرێت بۆ ئەوەی ئاستی کۆنتڕۆڵی ئێران لە عێراق بۆ هەمیشە کەم بکاتەوە. پێویستە ئەو کارە بکات نەک لە ڕێگەی کردەوەی سەربازی بەرفرەوانەوە بەڵکوو لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی توند و هەڕەشەی سزا و ئۆپەراسیۆنی هەواڵگرییەوە. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە ئێران لە سەرچاوەیەکی گرینگی دارایی بێبەش دەکات و لە هەر دانوستاندنێکدا لەگەڵ سەرکردەکانی ڕێژیم، هێز بە ئەمریکا دەبەخشن. لە هەمووی گرینگتر، دەبێتە هۆی حوکمڕانییەکی باشتر بۆ عێراقییەکان، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر فشاری ئێراندا ئازاریان پێ گەیشتووە.

پڕۆژەی پارەپەیداکردن (Cash Cow)

تاران بێ ئومێد بووە لە پاراستنی عێراق، بەشێکی لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە شوێنێکە بۆ پارەپەیداکردن (Cash Cow)[1] بۆ کۆماری ئیسلامی. بۆ چەندان سەدە کۆمپانیای هیندی شەرقی کە ڕێکخراوێکی بازرگانی و سەربازی بوو، سەروەت و سامانی هیندستانی تاڵان دەکرد بۆ ئەوەی بودجەی ئیمپراتۆری بەریتانیا و فرەوانکردنی کۆمپانیاکەی خۆی دابین بکات. سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران و باڵی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای قوودس، ئەمڕۆ لە عێراق هەمان کار دەکەن. ئەو وڵاتە پێنجەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە (ئێران لە پلەی نۆیەمدایە) و بەپێچەوانەی ئێران و وڵاتانی لایەنگرییەوە، هیچ سزایەکی نێودەوڵەتی لەسەر هەناردەکردنی نەوتەکەی نییە. لە ئەنجامدا سوپای پاسداران، تیرۆریستانی عێراقی، حیزبوڵڵا لە لوبنان و تەنانەت حووسییەکانی یەمەنیش هەموویان دەتوانن مشەخۆرانە لە ئابووری عێراق دەوڵەمەند بن. بۆ نموونە ئێران خۆی لە سزاکان دەدزێتەوە بە گواستنەوەی نەوتەکەی بۆ ناو ئاوەکانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانرێت بە درۆ بە نەوتی عێراقی دابنرێت و هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت. میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، وەک عەسائیب ئەهلی حەق و کەتایبی حیزبوڵڵا - کە هەردووکیان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کراون - بەئاشکرا نەوتی عێراق دەدزن بە دزینی ڕاستەوخۆ لە بیرەکان یان بە دروستکردنی کۆمپانیای ساختە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە سووتەمەنی پاڵپشتیکراو لە لایەن حکوومەتەوە وەردەگرن.

هەندێک جار، ئەم دزییە شاراوەیە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی تردا، لە ڕۆژی ڕووناکدا ڕوو دەدات. لە ساڵی 2014، هێزەکانی حەشدی شەعبی (PMF) کە کۆمەڵەیەکی میلیشیا عێراقییەکانە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، خرایە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراقەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر سوپایەکی هاوتەریبی دروست کرد. ئێستە حەشدی شەعبی ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لە بودجەی حکوومەتی عێراق وەردەگرێت، بەشێکی زۆری ئەو پارەیە بۆ مووچەی ئەو 250 هەزار چەکدارەی میلیشیاکانە. زۆرێک لەو چەکدارانە ڕەدی دەکەنەوە فەرمانی سەرۆک وەزیران جێبەجێ بکەن، لەبری ئەوە هاژەک ئاراستەی بنکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن و لەسەر داوای ئێران لە سووریا شەڕ دەکەن. هەندێکیان تەنیا لە ڕۆژی مووچەدا لە شوێنی کارەکانیان دەردەکەون، مووچەیان پێدەدرێت بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی هیچ ئەرکێکیان جێبەجێ کردبێت. هەروەها حکوومەتی سوودانی ڕێگەی بە حەشدی شەعبی داوە کۆمەڵەیەکی ئابووری خۆی بە ناوی کۆمپانیای گشتی موهەندیس[2] دابمەزرێنێت، بەناوی ئەبوو مەهدی موهەندیسەوە ناونراوە، سەرکردەیەکی تیرۆریست، لە مانگی جەنیوەری 2020 لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکاوە کوژرا. ئەم کۆمەڵەیە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان و کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران دەکات بۆ وەرگرتنی گرێبەستی نەوت و بیناسازی لە حکوومەتی عێراق. ئیمپراتۆری بازرگانی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی ئابووری عێراقدا سوودی گەورەی هەیە، لەوانە لە گەشتیاری ئایینی، هاوردەکردنی دەرمان، گواستنەوە، پێوەندییەکان و پیشەسازییە سەربازییەکان. لێژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی عێراق، دامەزراوەیەک کە لە لایەن سوودانییەوە بەڕێوە دەبرێت، دەستڕاگەیشتن بە زەوی و مۆڵەتی جۆراوجۆر دەدات بەو بازرگانانەی پێوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە.

لە ڕووی ئابوورییەوە ئێران ئێستە لە جاران زیاتر پێویستی بە عێراق هەیە. حکوومەتی ئێران لەژێر فشاری دارایی تونددایە. دراوی نیشتمانی بەردەوام لە دابەزیندایە، ڕۆژانەش نرخی کاڵا سەرەکییەکان بەرز دەبنەوە. لە نێوان مانگی جەنیوەری 2024 و جەنیوەری 2025، بەهای تمەنی ئێرانی بە ڕێژەی لە سەددا 60 دابەزیوە و تێکرای هەڵاوسانیش لە سەددا 32 بووە. بەم پێیە عێراق یەکێکە لەو تاکە شوێنانەی کە ئێران بتوانێت پارەی نەختینەی پێویست بەدەست بهێنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیانی. تاران بەم کارەش ​​دڵنیایی دەدات لەوەی بەشێکی زۆری تێچووی چالاکییە خراپکارییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لایەن عێراقییەکانەوە دەدرێت نەک ئێرانییەکان.

پاراستنی دەسەڵات لە عێراق بۆ ڕژێمی ئێران بە هۆکاری سەمبولیش زۆر گرینگە. شکستی لایەنگر و هاوپەیمانەکانی ئێران لە دوو وڵاتی عەرەبیدا وای کردووە کۆماری ئیسلامی لەرزۆک دەربکەوێت و ورەی نەیارانی ڕێژیمی بەهێزتر کردووە. لە ڕوانگەی تارانەوە، لەدەستدانی کاریگەری لە وڵاتێکی دیکەی عەرەبیدا - وڵاتێک کە لە ڕووی جوگرافی و کۆمەڵایەتییەوە لە وڵاتەکەیەوە نزیکە - وێرانکەر دەبێت و دەتوانێت کاریگەری لە ناوخۆدا دروست بکات. ئێرانییەکان بەبەردەوامی بە مەبەستی زیارەت و کاروبار دەچنە عێراق، ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت هیچ نیازێکی نییە لەوێ بمێنێتەوە. ڕژێمی تاران ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر کۆنتڕۆڵی دراوسێکەی لەدەست بدات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕەنگە کۆنتڕۆڵی گەلەکەی خۆیشی لەدەست بدات.

دراوسێی خراپ

دەرکردنی ئێران لە عێراق ئاسان نابێت: دەسەڵاتی تاران لەناو حکوومەتی عێراق زۆر زیاترە لە کاریگەری ویلایەتە یەکگرتووەکان. ڕەنگە ئێران هەموو لایەنەکانی حوکمڕانی لە عێراق بەڕێوە نەبات، بەڵام تاران بەغدای بەدەستەوەیە، وەک؛ کاتێک سەرۆک وەزیرانێک هەڵدەبژێردرێت، کاتێک هێزێکی سوپای پاسداران دەیەوێت بە عێراقدا تێپەڕێت، یان کاتێک ئێران دەیەوێت لە خاکی عێراقەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئاراستەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا بکات. لەم ساتانەدا ئێران دەتوانێت خۆی لە دەستتێوەردان لە کاروباری دراوسێکانی خۆی ڕزگار بکات.

بۆ نموونە ئێران شارەزایە لە هەڵبژاردنی براوەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. لە ساڵی 2018، پلانی سەرکەوتنی بۆ عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزێران دانا. قاسم سولەیمانی، بەرپرسی فەیلەقی قوودسی سوپای پاسداران، دڵسۆزی خۆی بۆ عادل عەبدولمەهدی نیشان دا و فەرمانی بە گرووپە لایەنگرەکانی ئێرانی کرد پشتیوانی حکوومەتەکەی بکەن. هەروەها تاران لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ساڵی 2021 بەڕێوە چوو، سەرکەوتووانە هەڵسوکەوتی کرد، هەرچەندە کوتلە پێوەندیدارەکانی ئێران بە جیاوازییەکی زۆر شکستیان هێنا. لە کاتێکدا بەرپرسانی سەربەخۆ هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتیان دەدا، سوپای پاسداران هانی میلیشیاکانی دا کە قانوونەکانی پێکهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن، ناڕەزایی دەرببڕن بەرانبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هێرش بکەنە سەر ڕکابەرە سیاسییەکانیان. لە ئەنجامدا محەممەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ئێران پشتیوانیان دەکات، سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی کەمی کورسی، توانیان ئەرکی خۆیان بگرنە ئەستۆ.

واشنتۆن دەتوانێت ئەم شێوازە تێک بدات، بەڵام دەبێت بەرپەرچی هەوڵەکانی ئێران بداتەوە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان خووی ئەوەی هەبووە پاڵپشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات، لەوانە عادل عەبدولمەهدی و محەممەد شیاع سوودانی، تەنانەت ئەگەر بوکەڵەی ئێرانیش بووبن. داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا ترسیان لەوە هەبوو عێراق بکەوێتە شەڕی ناوخۆ یان لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەستی بەسەردا بگیرێت. بۆیە، پاراستنی پێوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە هەر نرخێک بێت زۆر گرینگ بوو.

وەلێ واشنتۆن دەبێت دەستبەرداری ڕێبازێکی لەم شێوەیە بێت. چەکدارانی داعش جارێکی دی ناگەنە دەروەزاکانی بەغدا، دەسەڵاتی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکە لاواز بووە و عێراقیش بەتەواوی تێکەڵ بە دەوڵەتە عەرەبییەکان بووەتەوە. لە پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئۆکتۆبەری 2025، واشنتۆن دەبێت ئەوە نیشان بدات کە هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی لە مانەوەی محەممەد شیاع سوودانی لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا نییە. ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێت ئەمساڵ سوودانی بانگهێشتی کۆشکی سپی بکات، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە پشتگیری واشنتۆنی نییە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پێویستە لە نزیکەوە چاودێری هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات و بە ئاشکرا ئیدانە و سزای ئەو کەسانە بدات کە دیموکراسی تێک دەدەن. هەڵبژاردنی ساڵی 2025 و دواتر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت دەبێت ئازاد و دادپەروەرانە بێت و تەنیا لەژێر کاریگەری عێراقییەکاندا بێت.

تەواوکردنی کارەکە

پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەنگاوی دیکە بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی سەرکردەکانی عێراق مل بۆ داواکارییەکانی ئێران نەنێن. بۆ ئەمەش دەبێت هێڵی سوور بکێشێت کە سەرکردەکانی عێراق بتوانن لێی تێبگەن. پێویستە واشنتۆن کۆبوونەوەی گشتی بە تەنیا لەگەڵ ئەو عێراقییانە بکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق دەکەن. بە پێچەوانەوە ئەمریکا پێویستە توندتر بێت بەرانبەر بەو نوخبە عێراقییەی کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان دەگەیەنن. پێویستە حکوومەتی ئەمریکا سزا بەسەر سەروەت و سامانەکانیان بسەپێنێت، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە تووشی ڕاچەڵەکینیان بکات و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی تیرۆریستانی پشتیوانیکراوی ئێران و توانا دارایییەکانیان لە عێراق بکات. ئیدارەی ترەمپ پێشتر یەک دوو هەنگاوی بە ئاراستەیەکی دروستدا ناوە. لە 4ی فێبریوەریدا، وڵاتەکە یاداشتێکی بڵاو کردەوە و داوای لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کرد "دەستبەجێ سزا یان ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی گونجاو" بەسەر هەر کەسێکدا بسەپێنێت کە سزاکانی سەر ئێران پێشێل دەکەن. ئەمەش وڵاتە دراوسێکانی تاران دەگرێتەوە. لە 6ی مارچدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو ماوەیەی درێژ نەکردەوە کە ڕێگە بە عێراق دەدات کارەبا لە ئێران بکڕێت. ڕەنگە ئەم هەنگاوانە هەموو سەرکردەکانی عێراق لە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران ڕابگرن؛ بەشێکی بچووک لە نوخبەی عێراقی هەن کە بەڕاستی سووکایەتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن، بەڵام زۆرینەی ڕەهای عێراقییەکان دڵسۆزییەکی کەمیان بۆ تاران یان واشنتۆن هەیە. بەڵکوو تەنیا کاردانەوەیان بەرانبەر بە هاندانەکان هەیە، کە ئێران تا ئێستە باشتر بووە لە داڕشتنیان.

سزاکان و دیپلۆماسی توند دەتوانێت زیاتر لەوە بکات و یارمەتی واشنتۆن بدات بۆ باشترکردنی پێگەی خۆی لەگەڵ عێراق. هەروەها دەتوانن یارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بدەن بۆ بەدەستهێنانی دەستی باڵا لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران. کۆماری ئیسلامی ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆی لە بەغدا هەیە و ئیدارەی ترەمپ دەتوانێت ئەم ترسە وەکوو نوێڵێک لە دانوستاندنەکاندا بەکار بهێنێت. ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییە کشایەوە کە سەرۆکەکەی پێش خۆی دانوستاندنی لەسەر کردبوو، بە هیوای بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێکی باشتر، هەڵمەتی "ئەوپەڕی فشار"ی دژی ئێران دەست پێ کرد. ئەم جارە ترەمپ دەتوانێت دەستی بگاتە تاران لە هەمان کاتدا سەرکوتی تۆڕەکانی لە عێراقدا بکات. بەم شێوەیە ئێران هاندەرێکی دەبێت بۆ ئەوەی لەبری وەستاندنی دانوستاندن یان دواخستنی دانوستاندنەکان لەسەر مێزی دانوستاندن ئامادە بێت.

ئەم هەنگاوانە دەبێتە گۆڕانکارییەک لە ڕێبازی واشنتۆن. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا، دەستتێوەردانە خراپکارییە ناوچەیییەکانی ئێرانیان لە کاتی دانوستاندنە ئەتۆمییەکاندا پشتگوێ خستووە، چونکە هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی بە وەکالەتی ناوچەیی فرەوانی ئێران، پرۆسەیەکی سەرسەخت و ئاڵۆز بوو. وەلێ لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵڵا، ڕەنگە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانن هەردووکیان بکەن. واشنتۆن بە دوورخستنەوەی ئێران لە عێراق، دەرفەتی ئەوەی هەیە لە هەمان کاتدا شوێنپێی تاران لە جیهان کەم بکاتەوە و ڕێککەوتنێک باشتر سەبارەت بە ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکات.

----------------------------------------------------

• ئەم بابەتە مایکل نایتس و حەمدی مالیک نووسیویانە و بە ناونیشانی (Iran Could Lose Iraq)، 11ی مارچی 2025، لە سایتی فۆڕن ئەفێرس بڵاو کراوەتەوە.

•• مایکل نایتس (Michael Knights)، تووێژەرە لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن و پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی و ئەمنی عێراق، ئێران و وڵاتانی کەنداو، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی وێبلاگی (Militia Spotlight) تایبەت بە کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی نزیک. شیکاری قووڵی پێشهاتەکانی پێوەست بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا دەخاتە ڕوو. دوکتۆرای لە کینگ کۆلێجی لەندەن وەرگرتووە و لە ساڵی 1990ەوە لێکۆڵینەوەی بەرفرەوانی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو کردووە. نایتس وەک بەڕێوەبەری شیکاری و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە عێراق، لیبیا و یەمەن کاری کردووە و خزمەتگوزاری ئەمنی پێشکەش بە کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە.

••• حەمدی مالیک (Hamdi Malik)، ئەندامە لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک و بەشدارە لە دامەزرێنەرانی وێبلاگی (Militia Spotlight)، تایبەت بە کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی نزیک.

[1] پڕۆژەی پارەپەیداکردن (Cash Cow)، بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەکە کە لە ماوەیەکی زۆردا پارەیەکی زۆر بۆ ئەو کۆمپانیایە بەدەست دەهێنێت کە دەیفرۆشێت، زۆرجار پارەکە بۆ پشتگیریکردنی چالاکییەکانی تری کۆمپانیاکە بەکار دەهێنرێت. مانگای نەختینەیی ئەو بەرهەم یان خزمەتگوزارییانەن کە پێشەنگی بازاڕیان بەدەست هێناوە، ڕۆیشتنی پارەی ئەرێنی و گەڕانەوەی سەروەت و سامان (ROA) دەگەیەنێت کە لە ڕێژەی گەشەی بازاڕ زیاترە. مانگای کاش، یارمەتی دارایی گەشەی گشتی کۆمپانیایەک دەدات لە ڕێگەی دروستکردنی سیستەمی داهاتی جێگیر و کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان یارمەتی یەکەکانی تری بازرگانی بدەن. سەرەڕای ئەمەش، کۆمپانیاکان دەتوانن وەکو ئامرازێک بۆ فرەوانکردنی داهاتوو بەکاریان بهێنن، چونکە قەرزدەرەکان بەو دڵنیایی و زانیارییەی کە قەرزەکانیان دەدرێتەوە زیاتر ئامادەن قەرز بدەن.

[2] کۆمپانیای گشتی موهەندیس بۆ گرێبەستی بیناسازی، ئەندازیاری، میکانیکی، کشتوکاڵی و پیشەسازی (شركة المهندس العامة للمقاولات الإنشائية والهندسية والميكانيكية والاعمال الزراعية والصناعية)، کۆمپانیای بەڵێندەری موهەندیس، کۆمپانیایەکی بەڵێندەری عێراقییە، سەرمایەی 100 ملیار دیناری عێراقییە. لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت، دوای ڕەزامەندی حکوومەت لە 28ی نۆڤەمبەری 2022، لە لایەن حکوومەتی محەممەد شیاع سوودانی، لە 2٦ی فێبریوەری 2023، بەفەرمی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق تۆمار کرا، لە بەیاننامەی ڕەزامەندی حکوومەتدا هاتووە؛ "ڕەزامەندی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتی بە ناوی (موهەندیس) بە سەرمایەی سەد ملیار دینار دراوە"، پێوەستە بە دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی (8)ی قانوونی (22ی ساڵی 1996) هەموارکراوی کۆمپانیا گشتییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە یادداشتنامەی بەڕێوەبەرایەتی قانووندا بە ژمارە (ق/2/1/10٦/315 ل.ق) لە ڕێکەوتی 24ی نۆڤەمبەری 2022دا هاتووە و بەوردی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە دیاری دەکات. ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی لە ژمارەی (4611)ی 13ی مارچی 2023دا، بڕوانامەی تۆماری فەرمی بۆ کۆمپانیای (بەڵێندەری موهەندیس) دەرکردووە. کۆمپانیاکە بە ناوی ئەبومەهدی موهەندیسەوە ناونراوە کە لە ساڵی 2020 کوژرا. 

سەرچاوە: گۆڤاری فۆرین ئەفێرس

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین