ئیسرائیل: ئامادەین بە دیپلۆماسی پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران چارەسەر بكەین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

گیدۆن ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، تەلئەبیب پابەندە بەوەی رێگە نەدات ئێران ببێت بە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بەڵام ئامادەین ئەو پرسە بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بكەین.

ئەمڕۆ یەكشەممە (20/نیسان/2025) ماڵپەڕی (مید ئیست نیوز) بڵاوی كردەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران ببێت بەخاوەنی چەكی ئەتۆمی تەنیا ئیسرائیل ناكەوێتە مەترسییەوە، چونكە ئەگەر بوو بە خاوەنی ئەو چەكە ئێمە پێش تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو چەكەمان هیە، جگە لەوەش ئەوكات سعوودیە و میسر و توركیا و وڵاتانی دیكەش خواستی بەدەستهێنانیان دەبێت، ئەوەش لێكەوتەی خراپی بە تەنیا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێت.

سەبارەت بە وڵاتەكەشی گوتی، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی تاران بۆ ئێمە پرسی بوونمانە، ئێران دووجار بە مووشەكی بالستی هێشی كردە وڵاتەكەمان، گرووپەكانی نزیك لەو وڵاتە سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بە تەواوی تێكداوە، ئەوانە بەبێ چەكی ئەتۆمی ئەو كارەیان كردووە، ئەگەر چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنن چی دەكەن.

سەبارەت بەوەی دۆناڵد ترەمپ رێگەی نەداوە هێرشی نوێ بكەنە سەر ئێران، گیدۆن دەڵێت، من ئەندامم لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنی و هەموو ناوەندە تایبەتەكان، بیرم نایەت بڕیارێكی لەو جۆرە درابێت، بەڵام ئێمە پابەندین بە رێگری لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەگەر ئەو رێگرییە بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەربوو، ئەوە قبووڵكراوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، ناكرێت متمانە بە بەڵێنەكانی ئێران بكەین، چونكە ئێران هەمیشە لە پابەندبوون بە پرسە نێودەوڵەتییەكانی لاوازە، بەدووری نازانم هەوڵی بەدەستهێنانی هەندێك رێككەوتنی بەشەكی بدات، بۆ ئەوەی خۆی لە گەیشتن بە چارەسەری پێویست بپارێزێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین